سەرەکی » وتار » نه‌وزادى موهه‌ندیس‌ » ئەركەكانی یەكێتی دوای بەستنی كۆنگرە …

بەرەو بەستنی كۆنگرەی گشتی چوارهەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان...

ئەركەكانی یەكێتی دوای بەستنی كۆنگرە …

به‌شی نۆزده‌یه‌م و کۆتایی

4.یەكێك لە ئەركەكانی تری یەكێتی لە قۆناغی دوای كۆنگرەدا،بریتیە لە دەست گرتن و كاركردنی جدیەتی لە پێناو دەستەبەركردنی دروشمە مەركەزی و ناوەندیەكانی خۆیدا كە تائێستاش بریتین لە (( ئاشتی و دیموكراسی و ئازادی و مافی چارەنوس و مافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی)).
چونكە یەكێتی بۆخۆی حیزبێكی ئاشتیخواز و پێشكەوتوخواز و ئازادیخوازبوە و لە پێناو هەڵگرتن و نەمانی چەوساندنەوە و زوڵم و زۆری دەرەكی و ناوەكی و داگیر و دابەشكردن لەسەر گەلەكەمان دروستببوە و دامەزراوە،لە پێناو چەسپاندنی ئاشتی لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتی ناوخۆی گەلەكەمان و نێوان حیزبە سیاسیەكان و ناوچەكە و دونیاشدا كار دەكات،چونكە یەكێتی باش دەزانێت جگە لە ژینگەیەكی ئاشتی و ئارام و دوور لە جەنگ و تۆقاندن و تیرۆر ،ناتوانێت گەشە بكات و بەردەوام بێت و خزمەتیش بەگەلەكەمان بكات.((نمونەی زیندووش جەنگەكانی ناوخۆیی و جەنگ دژی تیرۆریستانی توندڕەوانی هێزە ئیسلامیە كوردیەكان و داعش و قاعیدەو…هتد)) بون.
یەكێتی ئەركی بەگژداچونەوەی هەموو جۆرە پێشیلكردنێكی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبی جیاواز هاتە مەیدانی خەبات، یەكێتی لەپێناو دیاریكردن و وەدەستهێنانی مافی چارەنوسی گەلەكەمان دەستی داوەتە خەبات و شۆڕش وەك بەشێك لەمافی مرۆڤ لە جیهاندا ،چونكە میلەت و نەتەوەی كورد بەشێكی زیندوو دانەبڕاوی نەتەوە جیاوازەكان و كۆی مرۆڤایەتیشە.
ئەركێكی گرنگ و ستراتیژی تری یەكێتی دەبێت كاركردن بێت بۆ وەدەستهێنانی مافی چارەنوسی گەلەكەمان تا ئەوپەڕی و بە دامەزراندن و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیشەوە،چونكە یەكێتی زیاد لە 30 ساڵە و هەر لەسەرەتای دامەزراندیشیەوە یەكێك لە ئەرك و دروشمەكانی بریتی بوە لە مافی چارەنوسی گەلەكەمان و قۆناغی ئۆتۆنۆمی و لامەكەزی تێپەڕاندوە و هەوڵ وكۆششی خۆشی داوە لە چەسپاندنی فیدڕاڵیەت بەباشترین شێواز و گەر شكست و نسكۆیەكیش ڕووبەڕووی بوبێتەوە،ئەوا هەرگیز ئەو ئەركەی لەیادنەكردوە و تا دوا چركە ساتی خەباتی خۆی كار بۆ وەدیهێنانی دەكات، و نابێت یەكێتی لەم بابەتەدا ببێتە پاشكۆی هیچ حیزب و سەركردەیەكی تر و دەبێت هەمیشە پێشەنگ و ڕابەر و هەڵگری دروشمی مافی چارەنوسی گەلەكەمان بێت.
یەكێتی هەمیشە لایەنگری دادپەروەری بوە بۆ تاك و كۆمەڵگای كوردەواری ،هەرچەندە لە قۆناغە جیاوازەكاندا كەمتەرخی هەبوە لە پیادەكردنی ئەو بنەماو دروشمەدا چ لەسەر ئاستی ناوخۆی خۆی چ لە سەر ئاستی كۆمەڵگای كوردەواریشدا،بەداخەوە لە ئەزمونی 26 ساڵەی ڕابووردوودا بەهێندەی ئەم قۆناغە جیاوازی چینایەتی لەكۆمەڵگەی كوردەواریدا دروست نەبوە،چینێكی زۆر هەژار و دەستكورت و چێنێكی دەوڵەمەند و سەرمایەداری زەبەلاح و ئیدی جێگەیەك نەماوەتەوە بۆ چینی مام ناوەند كە كاریگەری باش یان خراپ بكاتە سەر دۆخی ئابوری و سیاسی وڵات.بۆیە دەبێت یەكێتی لە ئایندە لە پێدانی پۆست و پلە و ئیمتیازات بە ئەندام ولایەنگرانی خۆی ولە دابەشكردنی سەروەت و سامانی میلەتیش بە جەماوەر یەكسان و دادپەروەر بێت و ئەزمونی ڕابووردوو دوبارە نەكاتەوە.
دەربارەی چەسپاندن و دابینكردنی زیاتر و پاراستنی دیموكراسی و ئازادیەكانیش بۆ تاك و كۆمەڵگا و ڕێكخراوە مەدەنی و پیشەیی و دەزگاكانی میدیا و ڕاگەیاندنەكانیش ،ئەركێكی تری یەكێتی دوای كۆنگرەیە،یەكێك لەسیما هەرە گەش و جوان و درەوشاوەكانی یەكێتی بەدرێژایی خەباتی 42 ساڵەی خۆی لە شاخ و لەشار بریتی بوو لە زامنكردنی دیموكراسی و ئازادیەكان بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا ،هەر ئەمەشە وایكردوە كە یەكێتی وەكو هێزێكی ئازادیخواز و پێشكەوتوخواز ببێتە جێگەی متمانەوی دۆست و نەیارەكانیشی و ئەم پاراستن و دابینكردنەی دیموكراسی و ئازادیەكان لەناوچەی جێگە نفوزی دەسەڵاتی یەكێتیدا بۆتە سیمایەكی دیارو خۆشەویست و ڕێزلێگیراو لەناوخۆ و ناوچەكە و دونیای دیموكراسی ئەوروپا و ڕۆژئاواشدا.بۆیە دەستگرتن و سووربونی یەكێتی بەم بنەما و دروشمە مەركەزیانەیەوە بۆتە ئەركێكی لەمێژینە و لە پێشینەی یەكێتی و بۆتە خاڵی جیاكەرەوەی یەكێتی لە حیزب و لایەنەكانی تر.
بۆیە جێبەجێكردنی ئەم كۆمەڵە ئەرك و دروشم و بەرنامە و پابەندبونیان پێیانەوە،گرەنتی و زامنی هەستانەوە و نوێبونەوەی یەكێتین لە قۆناغی ئایندەدا،جگە لەمانە و دووركەوتنەوەو لەڕێگالادان لەو بنەماو ئەركە مرۆڤانە و شۆڕشگێڕانە و كوردانەیە هیچ ڕێگەیەكی تر لەبەردەم نوێبونەوە و گەشەكردنی یەكێتیدا نیەو دەبێت سەركردایەتی نوێ و تەواوی ئۆرگانەكان كاری جدی و لەبننەهاتوو بكەن بۆ سەرخستنیان لە پێناوی مانەوە و بەردەوامبونی یەكێتیدا لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەو دونیاشدا.
5. ئەركێكی تری یەكێتی دوای كۆنگرە، ڕووكردنە كاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە،پێویستە یەكێتی لەدوای كۆنگرەوە بە بەرنامە و هێز و توانای خۆیەوە لەئایندەدا لەهەر كابینەیەكی حكومەتی هەرێمدا بەشداریبكات و پێداگیری بكات لە پشكی هەڵبژاردنەكانی خۆی و هیچ پۆست و پلەیەكی حكومی فەرامۆش نەكات و پشتگوێی نەخات،هەوڵبدات باشترین و سەركەوتوترین كادرەكانی خۆی بخاتە ناو ڕیزەكانی حكومەتەوە بۆئەوەی جوانترین و باشترین نمونە پێشكەش بە میلەتەكەمان بكەن و ڕووی یەكێتی گەشاوەتر بكەن،پێویستە كادرەكان دوای هەڵسەنگاندنی وورد و لەسەر بنچینەی خاوەن بڕوانامەو ئەزمونی پراكتیكی و تەمەن و توانا و لێهاتوویی كاندید بكرێت چ بۆ حكومەت چ بۆ پەڕلەمانی كوردستان و عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكانیش، دەبێت لە ئایندەدا دابەشكردن و پێدانی پۆستەكان عەدالەتی تیادا بێت ولەسەر بنچینەی دەسەتەگەری و ناوچەگەری و خێل و مەحسوبیەت و مەنوسبیەت نەدرێت بەكەسانی نەشیاو. پێویستە یەكێتی بۆئەوەی سەردەمی زێڕینی خۆی بگێڕێتەوە و لە خزمەتی میلەتدا بێت و جەماوەر لەخۆی ڕازیبكات دەبێت شیاوترین كادرەكان بۆ پۆستە حكومەیەكان كاندیدبكات و هەڵەكانی ڕابووردوو دووبارە نەكاتەوەو كادرێك كە پشت و پەنای نەبێت هیچ سوودمەند نەبێت و كادرێكیش چونكە نزیكی لێپرسراوێكە ئیتر دەبێت بە ئاسانی سەربەكەوێت و بگاتە پۆست و پلەو ئیمتیازات.تەنها لەبەر وەلائی كەسی ،پێویستە هەموان تەنها وەلائمان بۆ یەكێتی و بەرنامەكەی بێت نەكەسەكان.یەكێتی دەبێت لەئایندەدا بەم چەشنەی ئێستا مامەڵە لەگەڵ حكومەتدا نەكات ،دەبێت وەزیر و وەزارەتكانی یەكێتی ببنە نمونەی وەزارەتی سەركەوتوو،دژی دیارەدەكانی گەندەڵی و بەرتیل و ڕەشوە وەرگرتن بوەستنەوە،هەوڵی بە دامودەزگایكردنی وەزارەتەكانیان بدەن، ڕێگەنەدەن كە هیچ لایەنێك تێبینی و مەرجی خۆی بسەپێنێت لەدانانی نوێنەر و كادرەكانی یەكێتیدا،یەكێتی نابێت چیدی پاشكەوتە و گوێڕایەڵی هیچ حیزب و سەركردەیەك بێت.دەبێت باش لە گەمە و فرتوفێڵ و بۆسەكانی ئەوانی تر تێبگات و پارێزگاری لەبون و مانی خۆی بكات.دەبێت لە حكومەتی هەرێم و حكومەتە لۆكاڵیەكانیشدا هەوڵی خۆ بەهێزكردن و بەشداریكردنی جدی بدات.
6. ئەركێكی تری یەكێتی بریتیە لە بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی پەڕلەمانی عێراقدا بۆ پەڕلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكانیش ،بە تایبەتیش ئەوانەی دەكەونە چوارچێوەی مادەی 140 دەستورەوە و بەناهەق دابڕێنراون لە هەرێمی كوردستان،یەكێتی بەو پێیەی حیزبێكی گەورە و فراوانە و خاوەنی دەیان هەزار كادر و لایەنگرە لە سەرتاپای عێراقدا،نابێت ڕێگە بدات بكرێتە حیزبێكی لۆكاڵی بچوك و بێ‌ دەسەڵات،دەبێت یەكێتی لە بەغداش هەموو ئەو پشكە حكومیانەی كە بەریدەكەوێت پڕبكاتەوە و ڕێگە نەدرێت بەشی بخورێت،چەندین ساڵە بەدەیان كادری یەكێتی دڵۆسز و بەتوانا بێبەشكراون لە بەشداریكردن لە پۆستە حكومەیەكانی بەغداد كە زۆربەیان بەهۆی كێشە و ململانێكانی نێوخۆی یەكێتیەوە بوە.
7. ئەركی جدی یەكێتی بۆ ئایندە دەبێت هەوڵ بدات بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بڕگە و مادەكانی دەستوری عێراقی بەتەنها و پێكەوەش لەگەڵ حیزبە كوردستانیەكانی ترداو بەتایبەتیش مادەی 140 دەستور كە تایبەتە بە كەركوك و هەموو ناوچە دابڕێنراوەكانی ترەوە.ئەوەی كە لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 لە خاكی نیشتیمان لەدەستماندایەوە بە شەڕ، دەبێت بە ئاشتی و لەڕێگەی دەستورەوە بیگێڕێنەوە،ئەوەش هەوڵ و هیمەتی هەموانی دەوێت و یەكڕیزی و یەك كرداری و یەك گوتاری هەموو كوردی گەرەكە.
8. ئەركێكی تری یەكێتی وەكو حیزبێكی خاوەن ڕابووردووی خەبات لەگەڵ هەموو حیزب و سەركردە سیاسیەكانی عێراقدا بەسونە و شیعەیانەوە،لەگەڵ هەموو پێكهاتە جیاوازەكان لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان پەیوەندی توندتۆڵ و گەرموگوڕ چێ‌ بكاتەوە و ڕێگە نەدات ساردی و دووبەرەكی بكەوێتە نێوان گەلی و كورد و عەرەبەوەو پێداگیریش بكات لەسەر مافە نیشتیمانی و نەتەوایەتیەكان و یەك و یەكگرتووی قەوارەی هەرێمی كوردستان.
9. ئەركی یەكێتی دوای كۆنگرە،بریتیە لە توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندیە كانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی ئێران و توركیا و عەرەبیەكانیش،كە هەمیشە ئەوان بەباش یان خراپ كاریگەریان هەیە و دەشبێت لەسەر مەسەلەی كورد و یەكێتیش چەندە بتوانێت پەیوەندیەكانی توندوتۆڵ بێت ئەوەندە دەتوانێت لانی كەم لەشەڕ و گێچەڵیان خۆ بەدوور بگرێت.
10. ئەركێكی تری یەكێتی بریتیە لە ڕووكردنە پەیوەندیەكانی دەرەوەی لەگەڵ وڵاتانی زلهێز لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و نوێنەرایەتی خۆی زیندووبكاتەوە وبەتایبەتیش لەگەڵ ڕێكخراوی سۆسیال ئەنتەر ناسیوناڵی جیهانی كە هەڤاڵی ڕەوان شاد مام جەلال خەباتێكی بێووچانی كرد تاتوانی یەكێتی بكاتە ئەندامی كارا لەو ڕێكخراوە گرنگەدا،بەداخەوە ماوەیەكە كە هەموو پەیوەندیە ناوخۆیی و ناوچەیی و دەرەكیەكانمان خاوبونەتەوە و سستبونە،گەرەكە كە نوێنەرانی نوێ‌ و بەتواناتر دابنرێن لەو نوێنەرایاتیانەدا.
11. گرنگی دان بەخەباتی مەدەنیانە لە دەرەوەی كوردستان و هەوڵی دروستكردنی لۆبی بەهێزی كورد بدرێت و لەسەر ئاستی نەتەوە و هەرچوار بەشەكە لە ناوخۆی كوردستان و ئەوروپا و ئەمریكاشدا پێكەوە خەباتێكی هاوبەشی كوردانەی ڕاستەقینە بكرێت بۆ پاڵپشتی مەسەلەی كورد لەهەر چوار بەشەكەی كوردستاندا.
• بەم شێوەیە قۆناغی دوای كۆنگرە قۆناغێكی نوێیە بەمانای وشە و پێویستی بەهەوڵ و ماندوبونی زۆر و هی هەموانە پێكەوە،بۆئەوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابووردوو هەرچی كێشە و كەمتەرخەمی و كەموكوڕی كۆبۆتەوە سفری بكەینەوە و بەگوڕوتێنێكی نوێوە دەستبكەینەوە بەخەبات، كاتمان زۆر لەدەستداوە و دەبێت قەرەبووی بكەینەوە.ئیدی سەردەمی كەمتەرخەمی و خوێنساری و دەستەگەری و ململانێ‌ نەماوە ،گەر بشبێت دەبێت لەسەر فكر و ڕێباز و چۆنێتی گەشەكردن و بوژاندنەوەی یەكێتی بێت.دەبێت پەند لەو قۆناغەی ڕابووردوو وەربگرین و ڕێگە نەدەین جارێكی تر خۆمان بخەینەوە بازنەیەكی بۆش و بێمانای ململانێ،دەبێت ئەو ڕاستیە بۆ هەموو لایەك دووپاتبكەینەوە كە ئەوە تەنها یەكێتیە توانیویەتی سەرەڕای ئەو هەموو ململانێ و كۆچكردنی سكرتێری گشتی و نەمانی مەركەزیەتی حیزبی و ئەوهەموو پیلانە نامەردانانەی ناوخۆ و ناوچەكە بۆ قەتیسكردنی یەكێتی،بەڵام یەكێتی هەرماوە و بەپێوە ڕاوەستاوە و بەرگریەكی سەرسەختانە دەكات و دڵنیاشم لەجاران باشتر دێتەوە مەیدانی خەبات،ئەوە نهێنی سەركەوتن و مانەوە و بەردەوام بوونی یەكێتیە، یەكێتی ڕاستەقینە بە خەبات و ماندووبونی كادر و سەركردە و پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی وڕێكخستنە دێرینەكان و كەمئەندامانی سەنگەر و خانەوادە سەربازەكانی شەهیدان ماوەتەوە و هەر دەشمێنێت، دڵسۆزی و لەخۆبوردوویی و كۆبونەوە و یەك و یەكگرتوویان مایەی مانەوە و هەستانەوە و نوێبونەوەی سەرلەنوێی یەكێتیە،هیچ حیزبێك گەر ئەو دۆخانەی یەكێتی بەسەریداهاتوە بەسەریاندا بهاتایە ئێستا داروپەردویان بەسەریەكەوە نەدەما.
ئەوە تەنها یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كە هەڵقوڵاوی ناوجەماوەری میلەتەكەمانە و جێگە متمانە و بڕوایانە و هەموان بە نمایندەی ڕاستەقینەی كوردایەتی و پارێزەری ئازادی و دیموكراسی و مافەكانیان دەزانن. بۆیە قۆناغی دوای كۆنگرە قۆناغێكی نوێی خەباتە لەسەدەی بیست و یەكەمدا ،چۆن یەكێتی توانی سەدەی بیست بگۆڕێت بە قازانجی سەركەوتنی شۆڕش و خەباتی چەكداری و دامەزراندنی دەسەڵاتی كوردی لەم باشورەی كوردستاندا ،ئاوهاش دڵنیام سەدەی بیست ویەكیش دەگۆڕێت بە سەدەی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆ لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*