سەرەکی » مانشێت » پەیامی ھاوپەیمانیی کوردستان

پەیامی ھاوپەیمانیی کوردستان

بە یەکەوە بەهێزترین، چونکە هێزمان لە تەبایی و پێکەوەییدایە، بەیەکەوە بەھێزترین، دەتوانین دەست لەناو دەستی لاوان ، کچان و کوڕان و تێکۆشەرانی وڵات ، یەکێتی ریزەکانی میللەتەکەمان پتەوبکەین، بەرەو گۆڕانکاری گەورە و ھەمەلایەن لەوڵاتەکەمان.
*
هاوپەیمانیی کوردستان ناونیشان و ئامرازی ئەم بەیەکەوە کارکردنەمانە، بەم هاوپەیمانییەوە دەچینە بەغدا تا داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی نەتەوەکەمان، لە شایستە داراییەکانی کوردستان بە مووچە و بودجەوە، بکەین.

پشت ئەستوور بە ئیرادەی میللەتەکەمان، بێ کۆڵدان و دوور لە هاشوهوش و موزایەدە، دانوستانی ماراسۆنی دەکەین. لە ئەنجومەنی نوێنەران، لە حکومەت و لە راڕەوەکانی سیاسەتی بەغدایش بە سەربەرزییەوە، پێداگری لەسەر مافەکانمان دەکەین.
*
بە یەکەوە بە هێزترین، چونکە هێشتا دەستکەوتەکانمان دەڵەمەن و ماویانە جێگیر بن، هێشتا قەوارەی ھەرێمی کوردستان لەژێر مەترسیدایە ھێشتا تواناداری ھێزی سەربەرزی پێشمەرگە، وەک بەشێك لە مەنزومەی دیفاعی عیراقی، جێگیر نەکراون. ھێشتا دیموکراسی و فرەیی، پێکەوەژیان و دادپەروەری و سەقامگیری لە تەواوی عیراقدا پێویستی بە پێکەوەیی ئێمە هەیە.
*
ئەم هاوپەیمانییە هێزە بۆ کوردستانییان، هێزە بۆ عیراقییە دیموکراتخوازەکانیش کە ئارەزووی وڵاتێکی دیموکرات، وڵاتێکی بێ تایفەگەری و شۆڤێنی، بێ جیاوازی جێندەری و جیاکاری لە مافەکانی هاووڵاتیبوون دەکەن. داخوازی بژاردەی ژیانێکی باشتر و داخوازی حوکمڕانییەکی شایستەتریان ھەیە.

ئەم هاوپەیمانییە وزە و ورەیە بۆ ئایندەی لاوانی وڵات لە کوردستان، بە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تریشەوە ، تاوەکو بەغدا و بەسرە کە بۆ گوزەران و خزمەتگوزاری باشتر ، بۆ دامەزراندن و هەلی کاری شەرافەتمەندانە، چەندین پەیامی ناڕەزاییان هەبووە و هەیە.
*
بە یەکەوە بەهێزترین، تا لەم وێستگە تازەیەشدا رۆحی سەرۆک مام جەلال و رۆحی رەوانشاد کاک نەوشیروان مستەفا ئاسودە بێت، وەختێک دەبینن کاروانی رێکەوتنی دەباشان لەم هاوپەیمانییەتییەشەوە دەنگ بۆ دەنگی بڵندی میللەتەکەمان کۆدەکاتەوە.
*
هاوپەیمانی کوردستان لێرەوە دەست پێدەکات بۆ دابینکردنی زۆرترین ژمارەی کورسی لە پەرلەمانی عیراق، لەپێناوی ئەو ئامانجانەی سەرەوەدا، لە دوایشدا دەبێتە چەتری کۆکەرەوە و ناوەندی ھاندەر بۆ هەموو ئەوانەی باوەڕیان بەم بەها بەرزانە هەیە کە بۆ کوردستان، بە هەموو رەگەز و توێژەکانییەوە، بۆ سەرتاسەری عیراق، بە هەموو پێکهاتە و باوەڕەکانییەوە، پێویست و بە کەڵکن.
*
بە دەنگی ئێوە و بە ئیرادەی ئێوە بە یەکەوە بەهێزترین و دوو دەستی پارێزەری کوردستان دەبین.

 257 جار بینراوە