سەرەکی » هەمەڕەنگ » سیمبولی بەهرە و جوانیی و رێکپۆشیپەڕە 26

بیۆنسێ

سیمبولی بەهرە و جوانیی و رێکپۆشی

ئا: دڵان سامان

لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا گۆرانیبێژ و ئەستێرەی پۆپی ئەمەریکی بەناوبانگ بیۆنسێ لە دونیای هونەردا دەرکەوت کاتێک لەگەڵ گروپی میوزیکی کچان بە ناوی Destiny’s Child دا دەرکەوت هەر لە سەرەتاوە بیۆنسێ جیاواز لەوانی تر سەرنجی بینەرانی بۆلای خۆی راکێشا، بۆیە دوای هەڵوەشاندنەوەی گروپەکە لە ساڵی 2006 دا بە تەنیا بەرەو بەناوبانگبوونی جیهانیی هەنگاوی نا، تا بووە سیمبولێکی راستەقینەی گۆرانی و چەندین خەڵاتی هونەری بردەوە و بووە تاکە هونەرمەندی ژن کە زۆرترین ئەو خەڵاتانەی بردبێتەوە، جگەلەوەی زۆرترین فرۆشی هەیە نەک تەنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بگرە لە هەموو جیهاندا.

بیۆنسێ لە کچێکی 18 ساڵی شەرمنەوە بووە یەکەمی گۆرانیبێژەکانی پۆپ لە جیهاندا و نیشانەیەک بۆ سەرکەوتن و داهێنان لە دونیای گۆرانی و موزیکدا.

لە 4 ئەم مانگەدا بیۆنسێ ئەستێرەی ئەسمەری ئەمریکی تەمەنی 40 ساڵی تەواو کرد و بەو بۆنەیەوە باسی لەوە کرد کە چۆن جادویی وشەی «نەخێر» فێربووە، چونکە بە رای ئەو هەوڵدان بۆ رازیکردنی هەمووان بەختەوەریت پێ نادات.

شایەنی باسە دوای جیابوونەوەی لە گروپە میوزیکییەکەی بیۆنسێ 6 ئەلبومی گۆرانی دەرکردووە و 118ملیۆن کۆپی لێ فرۆشراوە، هەروەها تا ئێستا 28 خەڵاتی گرامی بۆ موزیک بردۆتەوە، لەسەر ئینستاگرام 198 ملیۆن فۆڵۆوەری هەیە واتا سێ ئەوەندەی ژمارەی دانیشتوانی بەریتانیا.

هەر لەگەڵ دەرکەوتنی بیۆنسێ بوو بە سیمبولێک بۆ بەهرە و جوانیی و رێکپۆشیی و نەک تەنیا بووە ئیلهامبەخشی ملیۆنان کەس لە دونیادا، بەڵکو بۆ هاوپیشەکانیشی لەوانە ئەدێل و لیتڵ میکس و ئەریانا گراندی، بەهۆی متمانەبەخۆبوونی زۆری بیۆنسێ بوو بە دەنگی ژنانی سەرکەوتوو ئەوانەی داوای یەکسانی دەکەن و دژی رەگەزپەرستین، بەڵام بێگومان ئەم ئەستێرەیە سەرەتاکانی دەرکەوتنی ئاسان نەبووە و تووشی چەندین ناخۆشی بووە بەوەی ترساوە بتوانێت پیاوێکی گونجاو بدۆزێتەوە و ببێتە باوکی منداڵەکانی، هەروەها شێوەی جەستەی خۆی بەدڵ نەبووە کاتێک خوشکە گەورەکەی سۆلانج کە ئەویش گۆرانیبێژە جەستەیەکی لاوازی هەبووە و ئەم جەستەیەکی پڕی هەیە وەکو خۆی باسی دەکات لەبەردەم خواردندا لاوازە بە تایبەتی ئایس کرێم.

بیۆنسێ بەوە ناسراوە وەکو ئەوە وایە دوو کەسێتی هەبێت یەکێکیان لەسەر شانۆ بە هێزو جۆش و خرۆشە ئەوی تریان لەدەرەوەی شانۆ هێمن و لەسەرخۆیە، بیۆنسێ لەگەڵ گۆرانیوتندا هەمیشە سەمایەکی سەرنجڕاکێش دەکات کە جەماوەرەکەی پێی سەرسام دەبن، هەروەها توانای نوواندنی بێوێنەی هەیە و لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، بە درێژایی ژیانی 600 خەڵاتی هونەری بردۆتەوە هەروەها گۆڤاری تایمز وەکو یەکێک لە 100 کەسایەتی کاریگەر لە دونیادا پۆلێنی کردووە، ئەو ساتانەی لە ژیانی بیۆنسێدا لەبیری هەوادارانی ناچنەوە کاتێک لەسەر شانۆ دەستی بەگریانکرد و باسی لە خۆی کرد چۆن هەوڵیداوە تا گەیشتووە بەوەی ئێستا، هەروەها لە 2013 دا کاتێک لە ئاهەنگی دانانی باراک ئۆباما وەکو سەرۆکی ئەمریکا گۆرانی وت.

بیۆنسێ ساڵی 2008 شووی کرد بە ئەستێرەی گۆرانی راپ جەی زی و خاوەنی سێ منداڵن.

www.alroeya.com

 197 جار بینراوە