سەرەکی » کەلتوور » لەوەتەی هەیە مام غەفور پێشمەرگەیە!

لەوەتەی هەیە مام غەفور پێشمەرگەیە!

ئارێز عەبدوڵڵا

 

مام غفور یان مامە غەفەی پارتیزان و فەرماندەی رۆژگارە سەختەکان بە ناونیشانی (لەوەتەی هەم پێشمەرگەم) بیرەوەرییەکانی خۆی بڵاوکردۆتەوە، بۆیە منیش دەڵێم لەوەتەی مام غەفور هەیە پێشمەرگەیە. سەرەتا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە مامە غەفە دەکەم، کە بەنووسینەوە و بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانی خەرمانی خەبات و داستانەکانی پێشمەرگایەتی گەورەتر و پیرۆزتر کردووە. نووسینەوە و بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکان زۆر گرنگن، چونکە لە لایەک دەبنە سەرچاوەیەکی مێژوویی و لە لایەکی تریش میراتی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان رۆژ دوای رۆژ بۆ نەوەکانی داهاتوو گەورەتر و پیرۆزتر دەکەن. مێژووی گەلەکەمان دەیان شۆڕش، ڕاپەڕین و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی تێدایە، لەناو ئەو شۆڕش و ڕاپەڕینانەدا هەزاران داستان و ڕووداوی ئەفسانەیی هەبوونە، بەڵام مخابن لەبەر چەند هۆکارێک ژمارەی کتێبە بیرەوەریەکان بەقەد ژمارەی شۆڕش و ڕاپەڕینەکان لەبەر دەستدانین. خۆشبەختانە لەدوای ڕاپەڕینی (1991)وە ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە، زیندانیانی سیاسی، کادیر و پێشمەرگە قارەمانەکان دەستیانکردوە بە بڵاوکردنەوەی بیرەوەرییەکانیان، کە ئەوەش جۆرێکی تری خەباتی شایستە بە دەستخۆشی و بیرۆزبایی لێکردنە.

جیاوازییەکانم جوانتر بۆ دەرکەوتن
مامە غەفە یەکێکە لەو قارەمانانەی هەستی بە پێویستی نوسینەوەی بیرەوەرییەکانی کردوە و کتێبەکەشی بە چاپێکی جوان و رێک و پێک پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی و نەوەکانی دوا رۆژ کردووە. هەرچەندە بیرەورییەکانی مامە غەفە و ئەوانەی تریش لای من نامۆ نین، بەڵام هەرکە دەستم بەخوێندنەوەی کرد بەهزر و هەستەوە گەڕامەوە بۆ ئەو ڕۆژگارە سەختانە، کاتێک لەگەڵ هەلومەرجەکانی ئێستام بەراورد کردن جیاوازییەکانم جوانتر بۆ دەرکەوتن و دەزانم ئەوەی ئێستا بەدەستمان هێناوە بە چ دەردە سەری و قوربانیەکی چەند گەورە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەراوردێکی تریش لە بیر ناکەم و دەبینم زۆر لەو سەرکردە و فەرماندانەی ڕۆڵێکی جوامێرانەیان لەو مێژووە پڕ لە سەروەریە هەبووە، کەچی بەداخەوە دواتر ماڵی دنیا و هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی سەرشان شەرەفی شانازیان بەو ڕۆژگارە لەخۆ سەندۆتەوە. دەستکەوتەکانی خەبات و قوربانیدانەکانمان گەورەن، بەڵام نادادپەروەری و (نان و پیاز خواردن)ی بێ کۆتایی بەو خەباتە و خستنە سەرەوەی بەرژەوەندییە تایبەتیەکان گەشە و پێشکەوتنی گەل و نیشتیمانیان زۆر دواخست. ئێوە بێننە بەر چاوی خۆتان مامە غەفەیەک کە لە هەرزەکارییەوە رێگای سەختی خەبات دەگرێتەبەر و لە تەمەنی (74) ساڵیش لەبەرامبەر داعش بە سەختی بریندار دەبێ، خاوەنی چ بیر و باوەڕ و هەستێکی مرۆڤانەیە؟ ئەو کاتەی فەرماندە و سەرکردە سەربازیەکانی وڵاتانی ڕۆژ هەڵات منداڵەکانیان دەناردنە پێشکەوتووترین زانکۆکانی رۆژئاوا مامە غەفەی فەرماندەی ئێمە و هەموو هاوڕێ فەرماندەکانیشی کەسوکارەکانیان لە زیندانەکانی بەغدا فێری خۆڕاگری دەبوون یان مناڵەکانیان فێری هێرش و پەلاماردانی بنکە و بارەگاکانی داگیرکەران دەکرد. مامە غەفور هەر خۆی نا، بەڵکو تەواوی کەسوکارەکەشی لە زیندانەکان یان ژێر رەحمەتی تۆپ تەیارە و ماڵ سوتاندن ژیاون، کەچی هەرگیز ورەیان بەرنەداوە و ئەویان لەسەر پێشمەرگایەتی سارد نەکردۆتەوە.

شانازی بە مامە غەفە و ئێوەش دەکەین
کاتێک بیرەوەرییەکانی دەخوێنیتەوە دەزانی، کە کوڕەکانی لە تەمەنێکی چەند گچکەدا شان بەشانی باوکیان و هەڤاڵ و کەسوکارەکانی تریان چوونەتە مەیدانی خەباتی چەکداری و چەند بەجوانی جێ پێی ئەویان هەڵگرتووە، بۆیە جێی خۆیەتی لێرەدا ڕێز و ستایش بۆ تەواوی ئەندامانی بنەماڵەی مام غەفور بنێرین و پێیان بڵێێن هەر ئێوەنا، ئێمەش شانازی بە مامە غەفە و ئێوەش دەکەین. سەبارەت بە ناوەڕۆکی بیرەوەرییەکان پێمخۆشە دوو تێبینی بدەم: یەکەم: هەمیشە بیرەوەرییەکان زادەی دیدی خاوەنەکانیانن و مەرج نییە هەموو کەس بەهەمان چاو سەیریان بکا، بەڵام من لە ڕاستگۆیی و سەر ڕاستی مامە غەفە دڵنیام. ئەگەر بەهۆی تێپەڕبوونی زەمەن و لەبیر چوونەوەش یان تێکەڵکردنی ڕووداوەکان بابەتێک جێگای سەرنج بێ پێویستە ئەوانەی ئاگادارن بۆچوونی خۆیان لەبارەوە دەرببڕن. دووەم: هیوادارم هەموو ئەوانەی لەو کتێبەدا ناویان هاتووە و ئەوانەشی کە لە بیرکراون و پێویست بووە ناویان بێت بە سەرنجەکانی خۆیان مام غەفوری لێ ئاگادار بکەنەوە، تاکو چاپی دووەم بە تێر و تسەلی و باشتر بڵاوبکرێتەوە. هەرچەندە کتێبەکە لە نزیکەی (450) لاپەڕە پێکهاتووە، بەڵام من هەست دەکەم ڕووداوەکان زۆر بە کورتی نوسراونەتەوە، دیارە مێژووی خەباتی مامە غەفە بەشی دەیان لەو جۆرە کتێبانە دەکا، بەڵام هیوادارم بۆ چاپی دووەم مامە غەفە بە قسە خۆش و چاوە تیژەکانی درێژەی زیاتریان پێ بدا. دەستخۆش مامە غەفەی قارەمان.. هەر تەمەن درێژ و سەرفرازبی… رێزم بۆ تەواوی ئەندامانی بنەماڵە بەڕێزەکەت و هاوڕێیانت هەیە..

 

 74 جار بینراوە