سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » دوانەی داعش و عیراق

رای ئازاد

دوانەی داعش و عیراق

پرسی داعش و دەركەوتنەوەی لە عیراق، پەیوەستكراوە بە چەندین بابەتی ناوخۆییەوە و وەك دوانەیەكی دوای یەكتر هاتوو ناویان دەهێنرێت.

هەنووكە كە عیراق لە پرۆسەی هەڵبژاردنی10/10/2021 نزیك دەبێتەوە و ئەگەری كشانەوەی هێزە شەڕكەرەكانی ئەمریكاش ئەگەرێكی كراوەیە، پێش هەر مەترسییەكی دیكە، قسە لەسەر مەترسیی دەركەوتنەوەی داعش دەكرێت.

دەكرێت بپرسین داعش بۆ دەردەكەوێتەوە؟ دەركەوتنەوەی داعش بەدەست عیراقییەكانە یاخود داعش ویست و پرۆسەیەكی تەواونەكراوە و دەبێت دەربكەوێتەوە و كارەكانی خۆی تەواو بكات؟

كاتێك زوو زوو بە رێكخراوی وەك داعش و كردەوەكانی دەمان ترسێنن و ناوی داعش و هەر رێكخراوێكی تیرۆریستی دیكە بە گوێماندا دەدرێت، وێناكەمان وا بۆ دەكێشن كە داعش لە گەنجینەی عیراقییەكاندا هەڵگیرابێت و هەركات و ساتێك پێویستی كرد دەستی بۆ دەبرێت و پیشانی گەلانی عیراق دەدرێتەوە. لە راستیدا بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ داعش لە گەنجینەی هزر و بیری عیراقییەكاندایە و هەڵگیراوە، رەنگە بۆچوونێكی لەم شێوەیە وەڵامێكی گونجاو بێت بۆ ئەو پرسیارانەی سەرەوە كە داعش لە خەیاڵدانی زۆرێكی عیراقییەكاندا خانەیەكی نەپیتێنراوە و هەمیشە لە ئامادەباشی ئەوەدایە بپیتێنرێت.

پیشاندانی داعش وەك هێزێكی سیحری و نادیار بۆ هەمیشە ترساندنی گەلانی عیراق و تاكی عیراقی، جگە لە خزمەتكردن بە داعش و هەمیشە هەژماركردنی داعش وەك هێزیكی تیرۆریستی لە گۆڕەپانی بڕیار و رووداوەكانی عیراقدا، هیچی دیكە نییە. بە دیوێكی دیكەدا بۆ عیراقییەكان و هێزە سیاسییەكانی عیراقیش مایەی كارەساتە كە ئەوەی هێزە سیاسییەكان لێی دەترسن، دەنگی شەقام و دەنگدەر و خۆپیشاندەر و رووداوە ناوچەیی و جیهانییەكان نییە، بەڵكو هێزێكی تیرۆریستی وەك داعشە كە هەمیشە پیشانی هێزە سیاسییەكان دەدرێتەوە.

ئەگەر داعش بە هەر رێژە و قەبارەیەك لەسەر خاكی عیراق مابێت و ئەگەری دەركەوتنەوەی هەبێت، ئەوا پەیوەستە بەو رێژە و چەندێتییەوە كە لە مێشك و بیركردنەوەی تاكی عیراقیدایە و كۆمەك بە داعش دەكەن، ئەمەش وادەكات داعش نەمرێت و بۆ هەر كاتێك پێویست بێت، بگەڕێنرێتەوە سەر خاكی عیراق و پیشان بدرێتەوە.

پرسیاری جدی لەم پرسەدا ئەوەیە كە دوای چوار ساڵ راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا، ئێستا ئەگەری دەركەوتنەوەی داعش ئەوەیە: تا ئێستا داعش لە كوێ بووە و لە كام مۆڵگە و جێگایەكدا خۆی شاردۆتەوە؟ تەنها یەك جێگە هەیە كە وایكردووە داعش ئەگەر لە رووی لۆجستی و رێكخراوەییشەوە لە پێش چاومان ون بووبێت، بەڵام وەك ئایدۆلۆژیا مابێت، ئەویش مێشك و بیركردنەوەی بەشێكی تاكی عیراقییە كە ئامادەن بۆ هەر چركەساتێك تێیدا دەربكەون و خۆیان رێكبخەنەوە، ئەمەش ریشەكێشكردنی قورسە و ئاسان كۆتایی نایەت.

ئەگەر عیراق دوای چوار ساڵ لە راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا هێشتا لەبەردەم مەترسیی سەرهەڵدانەوە و دەرکەوتنەوەی داعشدا بێت، كەواتە داعش ئەوەندەی لەسەر عەقڵ و ویستی تاكی عیراقی گەشە دەكات و دەمێنێتەوە، ئەوەندە لەسەر ویست و پیلانی دەرەكی نامێنێتەوە، بەمانایەكی دیكە ئەوە بەشێكی عیراقییەكانن كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ مانەوەی داعشیان دەوێت بۆ دژایەتی هەر هێز و گروپێكی ناوخۆیی، نەك وڵاتانی دیكە، لێرەوە دەتوانین بڵێین داعش ئەوەندەی ئێستا پشت بە هێز و توانا ناوخۆییەكانی عیراق دەبەستێت بۆ هاتنەوەکایە، هێندە پشت بە هێز و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی نابەستێت بۆئەوەی خۆی تەیار بكاتەوە و دەربكەوێتەوە، چونكە بۆ داعش ئەوە گرنگە لە ناوخۆی عیراقدا شوێن پێی خۆی بدۆزێتەوە، ئینجا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەیی و جیهانیدا پەیوەندییەكانی توندوتۆڵتر بكاتەوە.

 126 جار بینراوە