سەرەکی » ئاراستە » بیره‌وه‌ریی په‌ڕینه‌وه‌ بۆ بادینان

بیره‌وه‌ریی په‌ڕینه‌وه‌ بۆ بادینان

سه‌باح شوكر

رۆژێكی مانگی 10ی ساڵی 1986 له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ رێبین – رێبین محه‌مه‌د سۆفی (كادیر له‌ تیپی 19ی كۆڕه‌ك و لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی ده‌شتی هه‌ریر) چوینه‌ لای شه‌هید حه‌سه‌ن كوێستانی كه‌ ئه‌وسا لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی چواری ی.ن.ك بوو باره‌گاكه‌ی له‌ شوێنێك بوو پێی ده‌وترا (بێرۆك) له‌ سنووری گوندی توتمه‌، شه‌هید به‌هرۆز قه‌شقه‌ش له‌وێ بوو كه‌ ئه‌ندام مه‌ڵبه‌ندو لێپرسراوی رابه‌ر سیاسییه‌كانی سنووری مه‌ڵبه‌ند بوو، دوای هه‌واڵ پرسی له‌ باررودۆخه‌كه‌، كوێستانی وتی: هه‌ڤاڵ رێبین بروسكه‌یه‌كمان له‌ سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ بۆ هاتووه‌ داواده‌كات 16 كادیرو پێشمه‌رگه‌ی بادینان ره‌وانه‌ی سنووری بادینان بكه‌ین.

له‌ راستیدا كاره‌كه‌ ئاسان نه‌بوو، پلانی وردی ده‌ویست، یه‌كێك له‌ كێشه‌كان ئه‌وه‌یه‌ ده‌بوو له‌ (زێی گه‌وره‌) بپه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

ئینجا وتی: چۆن ئه‌وكاره‌ ده‌كرێت؟ هه‌ڤاڵ رێبین كه‌مێك راما و وتی: له‌ رێگه‌ی رێكخستنه‌وه‌ به‌ ئۆتۆمبێل ده‌یانبه‌ین، شه‌هید به‌هرۆز وتی: ئه‌وه‌ چ ده‌كه‌ی، ده‌ته‌وێت كاره‌ساتیان به‌سه‌ردابێنی؟ كوێستانی وتی: بڕوام به‌ توانای رێبین هه‌یه‌و هه‌ركارێك بكات سه‌ركه‌وتووده‌بێت، ئه‌وه‌ش مامۆستا هێرش (له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا ناوم مامۆستا هێرش بوو) با عه‌ده‌د جیهازبێ، پێویستی رێگه‌یه‌ و ناوی ژماره‌ی جیهازه‌كه‌ 76 بێت.

ئه‌وه‌بوو له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندینجار كاك رێبین چووه‌ شارۆچكه‌ی هه‌ریروباتاس و چاوی به‌ هه‌ڤاڵ مه‌جید ره‌حمان باتاسی كه‌وتبووكه‌ لێپرسراوی كه‌رتی ریكخستنی نهێنی كۆمه‌ڵه‌ بوو له‌و سنووره‌، ئه‌ویش سه‌رجه‌م ئه‌ندام كه‌رته‌كانی كۆكردبووه‌، جیابه‌جیا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ رێبین خه‌ریكی پلان ونه‌خشه‌دانان بوون.

ئێمه‌ش خه‌ریكی خۆئاماده‌كردن بوین كه‌ هه‌ڤاڵانی بادینان گه‌یشتبوونه‌ باره‌گای مه‌ڵبه‌ند، له‌ وانه‌: هه‌ڤاڵان سیار بامه‌ڕنی، مامۆستا خه‌سره‌و، قادر باجویی، به‌ده‌ل، ئازاد زاخویی، تیلی ئه‌مین و ئیسماعیل، به‌ داخه‌وه‌ ناوی ئه‌وانی ترم له‌ یاد نه‌ماوه‌.

هه‌ربۆ ئه‌و سه‌فه‌ره‌ شه‌هید لاوه‌ به‌ مه‌فره‌زه‌یه‌كی تیپی86ی ده‌شتی هه‌ولێرو دوو مه‌فره‌زه‌ی تیپی 19ی كۆڕه‌ك و مه‌ڵبه‌نده‌وه‌ ئاماده‌بوون و تێكڕ نزیكه‌ی 45 پێشمه‌رگه‌ ده‌بوین.

بۆئه‌وه‌ی كاره‌كه‌ به‌ نهێنی ئه‌نجام بدرێ، شه‌و چووینه‌ مزگه‌وتی دیێ بناوێ و مه‌لا بانگدان به‌رێكه‌وتین بۆ سه‌رچیای هه‌ریر، له‌و دیوه‌وه‌ تا ئێواره‌ خۆمان شارده‌وه‌ و دونیا تاریك بوو هاتینه‌ خواره‌وه‌، له‌ دۆڵه‌كه‌ نزیك جاده‌ گشتیه‌كه‌ بوینه‌و هه‌ڤاڵ مه‌جید و هه‌ڤاڵانی تر چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ بوون و سێ ئۆتۆمبێلبی‌ پیكاب تویوتا و خواردنێكی زۆریان هێنابوو.

ئێمه‌ش كه‌ل وپه‌ل و فیشه‌كی یه‌ده‌گ و شه‌ش هه‌زار دیناری سویسری و پێداویستییه‌كاتی ترو پێشمه‌رگه‌كانمان دابه‌شی سه‌ر ئۆتۆمبێله‌كانكرد، من و هه‌ڤاڵ رێبین له‌ ئۆتۆمبێلی یه‌كه‌مدا سواربووین، شۆفێره‌كه‌ی ده‌مامكی كردبوو.

به‌ رێكه‌وتین و چووینه‌ سه‌رجاده‌ی گشتی هه‌ریر- سپیلك، به‌ره‌و سه‌ره‌وه‌ چوین له‌ سێڕاكه‌ی هه‌ریر- سپیلك-باتاس توشی ره‌بایه‌یه‌كی فه‌وج خه‌فیفه‌ بوین، چه‌كدارێك هاته‌ خواره‌وه‌ لێمان نزیك بۆوه‌، له‌وكاته‌دا ده‌ستمان له‌ سه‌ركڵاشینكۆف بوو، هه‌ڤاڵ رێبین سه‌ری له‌ جامه‌كه‌ برده‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ ده‌نگی به‌رز وتی: ئێمه‌ فه‌وجی كاك محه‌مه‌د قادرین له‌ پێنجوێنه‌وه‌ هاتوینه‌وه‌، مۆڵه‌تین.

جاشه‌كان باوه‌ڕیان پێكردین و ئێمه‌ش رانه‌وه‌ستاین، دوو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تریش به‌ دواماندا هاتن و شۆڕبوینه‌وه‌ بۆ دیێی (كانی جه‌ركان- به‌ردێین)ی سه‌رزێی گه‌وره‌، له‌ناو ره‌بایه‌ی جه‌یش و فه‌وجی خه‌فیفه‌ ده‌رچوین تا گه‌یشتینه‌ سه‌ر زێیه‌كه‌، له‌وبه‌ره‌وه‌ قایغێك په‌ڕییه‌وه‌و هاته‌ لامان، وتی: كاك رێبین كێیه‌؟ ئه‌ویش له‌گه‌ڵ دوو پێشمه‌رگه‌ چوو بۆلایان و له‌گه‌ڵیان رۆیشتن، دوای نیو سه‌عاتێك هه‌ڤاڵ كۆیكردینه‌وه‌و وتی: ئه‌و ده‌لیله‌ ده‌ڵێت له‌ دوێنێوه‌ جه‌یش و جاش ئه‌و ناوه‌ ده‌پشكنن، به‌و ژماره‌ زۆره‌ بپه‌ڕینه‌وه‌ تووشی شه‌ڕ ده‌بین، زۆر شاره‌زاش نین، له‌ وه‌ڵامدا وترا با بگه‌ڕێینه‌وه‌ شوێنی خۆمان و چاوه‌ڕوانی ده‌رفه‌تێكی ترده‌كه‌ین.

ئه‌وه‌بوو هه‌ر به‌ هه‌مان ئۆتۆمبێل و به‌ رێگه‌یه‌كی تردا گه‌ڕاینه‌وه‌ بناری شاخی هه‌ریر، له‌ نیوه‌ی شاخه‌كه‌دا بوین رۆژبۆوه‌و رێگه‌و و خانووه‌كان و ره‌بایه‌كان به‌دیاركه‌وتن.

من زۆر ماندوببوم، له‌ شه‌و و رۆژێك پێشتره‌وه‌ جیهازی راكاڵ و چه‌كه‌كه‌م پێبوو، ئاویش له‌ مه‌تاره‌كه‌مدا نه‌مابوو، دانیشتم و به‌ هه‌ڤاڵانم وت: زۆرماندووم، ئێوه‌ بڕۆن من شاره‌زای ئێره‌م هیچم به‌سه‌ر نایات، زۆری پێنه‌چوو شه‌هید لاوه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ لام و وتی: ئه‌وه‌ ئاو، دوو قوم زیاتر مه‌خۆوه‌، جیهازه‌كه‌شی لێ وه‌رگرتم.

به‌راستی بارم سوكبوو، رۆیشتین وگه‌یشتینه‌ سه‌ر چیاكه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ هه‌ڤاڵان به‌ده‌م رۆیشتنه‌وه‌ وتیان: ئێمه‌ ده‌ڕۆین له‌ دیێ ئالانه‌ یارمه‌تیتان بۆ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ین، ئێمه‌ش و پێشمه‌رگه‌كانی بادینانیش خۆمان له‌ ئه‌شكه‌وتێكی بچووك و ناوگاشه‌ به‌ردی گه‌روه‌ شارده‌وه‌و پشیویه‌كی باشمان دا، دوای عه‌سرێكی دره‌نگ ئه‌نجومه‌نی دێكه‌ وڵاغ و خواردنیانی گه‌یانده‌ لامان و به‌ سه‌لامه‌تیش گه‌یشتینه‌وه‌ باره‌گایی مه‌ڵبه‌ند.

به‌ڵام هه‌ڤاڵ رێبین به‌هاوكاری رێكخستنه‌كان هه‌ر له‌ خه‌می ئه‌وه‌دابوو ده‌رفه‌تێك رێكبه‌كه‌وێت و پێشمه‌رگه‌كان بگه‌یه‌نێته‌وه‌ بۆ بادینان و به‌رده‌وام له‌ پلانداناندا بوون، دواجار هه‌ر به‌ هه‌وڵی كاك رێبین و رێكخستنه‌كان و به‌ سه‌رپه‌رشتی مامۆستا سه‌یفه‌دین لێپرسراوی رێكخستنه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ تیپی19ی كۆڕه‌ك، كاره‌كه‌ ئه‌نجامدراو پێشمه‌رگه‌كان له‌ زێی گه‌وره‌ په‌ڕێندرانه‌وه‌و گه‌یه‌ندرانه‌وه‌ ناوچه‌ی بادینان.

له‌ پاداشتی ئه‌وكاره‌ گرنگه‌ش، هه‌ڤاڵ رێبین كرایه‌ رابه‌رسیاسیی تیپی 78ی كاروخ.

 72 جار بینراوە