سەرەکی » وتار » ئەو ژنەی دەستبەرداری کارەکەی نابێت

ئەو ژنەی دەستبەرداری کارەکەی نابێت

رۆزا دڵشاد مەریوانی

لە هەفتەی رابردوودا هەواڵی گەڕانەوەی خانمی یەکەمی ئەمریکا جیل بایدن بۆ کارەکەی خۆی کە مامۆستایە لە کۆلێژی کۆمەڵگەی فێرجینیای باکوور سەرنجی راکێشام تێیدا هاتووە ئەو خانمە هەرگیز لە کار دانەبڕاوە نە کاتێک جۆ بایدن جێگری ئۆباما بووە نە هیچ کاتێکی دیکە تەنانەت لە سەردەمی کۆرۆنادا بە خوێندنی ئۆنلاین وانەی بە خوێندکارەکانی وتۆتەوە و ئێستا بە پێی ئەو هەواڵە بێت بە جۆشە دوای ئەوەی ساڵێکە خوێندکارەکانی نەدیوە و لەنێو هۆڵەکانی خوێندن دووبارە دەیانبینێتەوە، ئەم یەکەم خانمی یەکەمی ئەمریکایە واز لە کارەکەی نەهێنێت تەنیا لەبەر ئەوەی لە کۆشکی سپی ئەژی و ژنی سەرۆکی ئەمریکایە، چونکە ئەو ژنە کارەکەی خۆی خۆشدەوێت و گرنگە بەلایەوە خۆی کێیە و چیدەکات؟ نەک ژنی کێیە؟

کارێک خۆی تێدا دەدۆزێتەوە
راستە کاتێک ژنێک دەبێتە خانمی یەکەم هەندێ کاری تەشریفاتی تایبەت بە سەرۆک دەکەوێتە سەرشانی، بەڵام ئەو خاتوونە نەیتوانیووە دەستبەرداری ئەو کارە بێت کە خۆشی دەوێت و خۆی تێدا دەسەلمێنێت، بەڵام هەموو ئەوانی دیکە کاتێک چوونەتە کۆشکی سپی و بوونەتە خانمی یەکەم وازیان لە کارەکانیان هێناوە تەنانەت میشێل ئۆباما و لۆرا بوش-یش.

ئەم هەواڵە چەند نموونەیەکی وەبیرهێنامەوە کاتێک سەرۆک مام جەلال بوو بە سەرۆک کۆماری عیراق نە ئەو کاتەو نە هیچ کاتێکی دیکە هێرۆ خان کە بووە خانمی یەکەمی عیراق هەرگیز وازی لە کارو ئەرکەکانی نەهێنا و لە خەبات و تێکۆشانی بەردەوام بوو، بێگومان تەنیا لەبەر ئەو هۆیەی گرنگە خۆت چیت و چیت پێیە پێشکەشی بکەیت؟ نەک ژنی کێیت و مێردەکەت چییە و خاوەنی چییە؟

بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون
کارکردنی ژن لەدەرەوەی ماڵ هەتا ئەم ساتەی تێیداین یەکێکە لەو مەسەلانەی گفتوگۆی لەسەرە و لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەمدا تا ئێستا خەڵکی بەسەر دوو بەرەدا دابەشبوون لەنێوان ئەوانەی پاڵپشتی ژن دەکەن بۆ ئەوەی دوای خوێندن دانەبڕێت و لەدەرەوەی ماڵ بوونی خۆی بسەلمێنێت و کار بکات، لەگەڵ بەرەی دووەم ئەوانەن کە رایان وایە کارکردنی ژن پێویستییەکی گرنگ نییە بۆ ژیان بەتایبەت ئەگەر خاوەنی مێرد بێت و پیاوەکەی لە رووی داراییەوە دۆخی باش بێت و بۆ ژیانیان پێویستیان بە پارەی ژنەکە نەبێت، رەنگە وابزانرێت ئەو جۆرە بیرکردنەوەیە تایبەتە بە ساڵانی زووی سەردەمی باوباپیرانمان و ئەوان وا بیریانکردبێتەوە و نەوەی ئێستا کەمتر ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەیان هەبێت، لە بارێکدا ئەوە راستە، بەڵام مەرجیش نییە بەو جۆرە بێت، من بۆخۆم بەهۆی بارودۆخێکەوە ماوەیەک لە کار و نووسین دوورکەوتمەوە بێگومان لێرەدا باسی ئەوە ناکەم لە چ جۆرە دۆخێکدا بووم، بەڵکو ئەوەی گرنگە بەلامەوە نەنکم واتا دایکی دایکم کە بەداخەوە ئەمساڵ کۆرۆنا ئەویشی لێ سەندین بەو تەمەنەی خۆیەوە کە لە سەردەمێکی زۆر جیاواز لەوەی من گەورە ببوو کاتێک بیستی دەستم کردۆتەوە بە کار و نووسین زۆری پێخۆشبوو بە زمانە شیرینەکەی خۆی پێیوتم «زۆرم پێخۆش بوو رۆزا گیان هەر ئەوەت چاک کرد ژن ئیش بکات باشترە بۆ هەر چاوەڕێی دەستی پیاو بێت» ئەو کە لە زۆر لایەنی ژیانمدا پشتی گرتووم بیرکردنەوەی لەگەڵ ئەوەدا بوو ژن لەماڵەوە دانەنیشێت و کاربکات و دەیوت: ئەی بۆچی ئەو هەموو ساڵە ماندوو بوویت و خوێندوتە کە لەکۆتاییدا لە ماڵەوە دابنیشیت و چاوەڕێی ئەوە بیت پیاوێک بەخێوت بکات، لەگەڵ ئەوەشدا ژن هەیە لە نەوەی ئەم سەردەمەیە و بگرە لە وڵاتێکی ئەوروپیشدا گەورە بووە، بەڵام بە لایەوە ئاساییە لە ماڵەوە دابنیشێت و مێردەکەی بەخێوی بکات.

هەر لایەنی ماددی نییە
کارکردنی ژن هەر لایەنە مادییەکەی نییە کە بەشێک لە ئەرکی خەرجی ماڵ لەسەر شانی هاوژینەکەی کەمدەکاتەوە، بەڵکو بە رای من کاتێک کار دەکەیت راستە ماندوو دەبیت، بەڵام هەست بە بوونی خۆت دەکەیت وەکو مرۆڤێک ژیان هەر وا بە بەرچاوتەوە بەهەدەر ناچێت و شتێک دەکەیت لەم ژیانەدا جگە لە دایکایەتی و پەروەردەکردنی منداڵ، شتێک بۆخۆت دەکەیت کە تەنیا خۆت هەستی پێدەکەیت.

بۆیە کاتێک نموونەی ئەو ژنانە دەبینین کە وازیان لە کاری خۆیان نەهێناوە تەنیا لەبەرئەوەی ژنی فڵانن ئەوە بۆ ئەوەیە دەیانەوێت هەست بەبوونی خۆیان بکەن کارێک بکەن حەزی پێدەکەن و خۆیانی تێدا دەدۆزنەوە، بە راستی کردنی کارێک کە حەزت پێیەتی و تێیدا هەست بە بوونی خۆت دەکەیت زۆر جیاوازترە لە کردنی کارێک رقت لێیەتی و لێی بێزاریت و ئەو جۆرە کارانە تێیدا واهەستدەکەیت تەنیا لە ژیانت کەمدەبێتەوە و هیچی تر، بۆیە کاتێک ژنێک کارێک دەکات خۆی تێدا دۆزیوەتەوە ئەستەمە بتوانێت وازیلێبێنێت و گوناهێکی گەورەیە وابکات ژنی هەر کەسێک بێت، چونکە ئەگەر وابکەیت هەمیشە ئەو پرسیارە لە خۆت دەکەیت و دەڵێیت: من چی دەکەم!

 

جیل بایدن لە کاتی وانەوتنەوەدا

 203 جار بینراوە