سەرەکی » ئاراستە » هەولێر رۆڵی کاریگەری دەبێت لەسەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستاندا

مژدە ئیسماعیل ساڵح كاندیدی ژمارە22ی بازنەی 4ی هەولێر

هەولێر رۆڵی کاریگەری دەبێت لەسەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانیی کوردستاندا

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

رۆژ بە رۆژ هەڵمەتی هەڵبژاردنی مانگی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گەرم و گوڕتر دەبێت، بەتایبەتی كاندیدەكانی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان كە لە لایەن زۆرترین چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكان و ناوچەكانی دیكەی عیراقی پێشوازی لێدەكرێن.

سەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانی
مژدە ئیسماعیل ساڵح كاندیدی ژمارە22ی هاوپەیمانیی كوردستان لە بازنەی 4ی هەولێر، یەكێكە لەو کاندیدانەی بۆتە جێگەی متمانەی سنووری بازنەكەی خۆی، لەوەڵامی چەند پرسیارێكی كوردستانی نوێ پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمجارە بەگرنگ و پڕ بایەخ سەیر دەكات و تەئكیدە دەكاتەوە، هەرچی لەتوانایاندا بێت بۆ خزمەتی هەولێر درێخی ناكەن و راشیدەگەیەنێت، لەم هەڵبژاردنەدا هەولێر و هەولێرییەكان دەتوانن بەسەرخستنی كاندیدەكانی هاوپەیمانیی كوردستان باری لاری حوكمڕانی لە هەرێم راست بكەنەوە.

سەرەتا لەبارەی گرنگی هەڵبژاردنی ئەمجارە وتی: گرنگی ئەو پڕۆسەیە لەوەدایە كە هەڵبژاردنێكی پێشوەختەیە و دوای مانگرتن و خۆپیشاندانی جەماوەری لەعیراق دێت، كە لە ئۆكتۆبەری 2019 دەستی پێكرد، واتا جێبەجێكردنی داخوازیی جەماوەرە، جگە لەوە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بەرەوپێشبردنی زیاتری پرۆسەی دیموكراتی و حوكمڕانییە و داخوازییەكی نێوەدەوڵەتییە، بەتایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان.

هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن
وتیشی: هاوكات لەگەڵ هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن كە پارێزگاكانی كردۆتە چەندین بازنەی هەڵبژاردن، بەمەش دەنگدەر و كاندیدەكان بەركەوتنی راستەوخۆ و ئیلتیزامی زیاتریان بەرامبەر یەكتر دەبێت و نوێنەری هەڵبژێردراو قوڵتر و زیاتر نوێنەرایەتی خەڵك دەكات. هەر بەگوێرەی یاسای تازە، ئەم هەڵبژاردنە پاكتر دەبێت و ئاسانتریش چاودێری دەكرێت، بەمەش ئەنجامەكانی جێگەی رەزامەندی جەماوەر و متمانەی زیاتری دەبێت.
هەروەها مژدە ئیسماعیل لە بارەی گرنگی هاوپەیمانیی كوردستان(یەكێتی گۆڕان) بۆ ئەم قۆناغە وتی: هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و گۆڕان و درێژەپێدەری لێکتێگەیشتنی دەباشانی نێوان دوو سەركردەی هاوخەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی سەرۆک مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بوو، لەگەڵ جیاوازییەكاندا، كەچی هاوڕابوون بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد بپارێزن و لە كاتە ناسك و هەستیارەكاندا و لەو كاتانەی چارەنووسی میللەتەكامان دەكەوێتە بەر مەترسی، هەموو ناكۆكییەكان وەلابنێن و كار بۆ كۆكردنەوەی هێزەكان بكەن لە یەك بەرەدا.

هەنگاوێكی بەهێز بۆ یەكخستنی تواناكان
وتیشی: هەروەها هاوپەیمانیی كوردستان هەنگاوێكی بەهێز دەبێت بۆ یەكخستنی تواناكان، لە ناوچەكانی تری كوردستان، ئەمەش سەرەتایەكە بۆ راستكردنەوەی تەرازووی لاری حوكمڕانی بەلای لایەنێكدا، كە دواجار لە بەرژوەندیی هەرێمی كوردستان تەواو دەبێت، ئەمە جگە لەوەی ئەو جۆرە هەماهەنگییەی نێوان یەكێتی و گۆڕان خواستی كادر و هەوادار و دەنگدەرانی ئەو دوو حزبە دێنێتەدی، بۆیە دەبێت پێكەوە كار بكەن.
پێشیوابوو: ئەم هاوپەیمانییەە لەخودی فكری سەرۆک مام جەلالەوە نزیكە كە هەمیشە هەوڵی دەدا هێزەكان بە هەر هۆیەک بێت، لەیەك بەرەدا كۆبكاتەوە، هەروەك لە فكری كاك نەوشیروانیش نزیكە كاتێك بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، جگە لە كادر و سەركردەكانی یەكێتی چەندین كادر و ئەندامی خاوەن هزری جیاواز، لە دەوروبەری بزوتنەوەكە كۆبوونەوە. كەواتە خواستی جەماوەری هەردوولا و خەڵكیشە.

سەختترین بازنەی ململانێی سیاسی
كاندیدەكەی بازنەی چواری پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشكرد: لە هەموو دنیادا پایتەخت سەختترین بازنەی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكانە، ئەمجارەش لەبەر چەند هۆكارێك پێویستە هاوپەیمانیی كوردستان زۆرترین نوێنەری هەولێر بنێرێتە بەغدا، چونكە ئەندامانی هاوپەیمانیی كوردستان خاوەنی زۆرترین قوربانی و خەباتن لە هەولێر و پێگەیەکی تایبەتی هەیە. بۆیە هەولێر و هەولێرییەكان دەتوانن بە بەشداریی كاریگەر و دەنگدان بەكاندیدەكانی هاوپەیمانی، باری لاری حوكمڕانی لە هەرێم راست بكەنەوە.

مژدە ئیسماعیل تەئكیدیكردەوە، لە رابردوودا جەماوەری هەولێر و هەولێرییەكان بە گشتی، هەمیشە سەرباری كێشەكانیان، پشتیوانیان لە یەكێتی و كاندیدەكانی كردووە، بەتایبەتی بۆ ئەمجارە ئاواتەكانیان زیاتر هاتۆتەدی، ئەویش هاوپەیمانیی یەكێتی و گۆڕانە، چونكە پێشتر بەهۆی جیاوازی لیستی ئەو دوو لایەنە دەنگدەران دابەشبووبوون، ئەمەش وایكردبوو كەمترین نوێنەرانی راستەقینەی شارەكە بگەنە بەغدا و پەرلەمانی عیراق، بەڵام ئەمجارە خۆشبەختانە یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانن، كەواتە كاریگەریی زیاتری لەسەر دەرچوونی كاندیدەكانی هاوپەیمانی دەبێت.

هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكان
لەبارەی قورباندانی یەكێتی بەخۆی لە پێناو خەڵكی كوردستان، وتی: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە ئەمڕۆ بەرنامەیەكی هاوبەشیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا هەیە، هەر لە دروستبوونیەوە پڕۆژەیەك بووە بۆ قوربانیدان لەپێناوی بەدەستهێنانی مافە رەواكانی گەلی كوردستاندا، بۆ ئەمەش ژمارەی شەهید و شەهیدە سەركردەكانی و داستان و قارەمانیتییەكانی لە كۆن و نوێدا، شاهیدن. هیچ كات بەدوای دەسكەوت نەبووە بۆ خۆی، بەڵكو هەمیشە بۆ گەلەكەی هەوڵیداوە. ئەم جۆرە لەبیركردنەوە بێگومان رێباز و فیكری سەرۆک مام جەلالە.

پێشیوابوو: یەكێتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە لەگەڵ هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكەی راستگۆترین و واقیعیترین هێزی كوردستان بووە، تا سەرۆک مام جەلال لە بەغدا بوو، مافەكانی كورد لەبرەودا بوون، دەسكەوتەكان پارێزراو بوون، مووچە و قوتی خەڵكیش بەردەوام بوو. ئێستاش راستگۆترین هێزە لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، دواین دانوستانیش شاهیدە كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت كردی و مووچەی خەڵكی گەڕاندەوە.

 48 جار بینراوە