سەرەکی » وتار » گرنگی هه‌ولێر لەم هەڵبژاردنەدا

گرنگی هه‌ولێر لەم هەڵبژاردنەدا

هه‌ڵبژاردن گرنگییەکی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ له‌ ژیانی سیاسیی هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كدا، هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی ئەمجارەی عیراق گرنگیه‌كه‌ی له‌وه‌دایه‌ هێزه‌ سیاسییه‌ کوردستانییەکان له‌ رێگەی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ پێشبڕكێ دەکەن بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین نوێنه‌ری خۆیان بنێرنه‌ به‌غدا.

ئەوەی پەیوەستە بە شاری هه‌ولێرەوە، به‌ هۆی ئه‌وه‌ی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه‌ و زۆنی به‌ریه‌ككه‌وتنی هه‌ژموونی حزبه‌ سیاسییه‌كانه‌، ده‌رئه‌نجامی پێشبڕكی هه‌ڵبژاردن له‌و شاره‌دا یه‌كلاده‌بێته‌وه‌، بۆیە ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌بێته‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی پێشوه‌خته‌ بۆ سازدانی جه‌ماوه‌ر و دیاریكردنی هه‌ژموونی هه‌موو ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌، بۆ ئەوەی له‌ هه‌نگاوی داهاتوودا هه‌ریه‌كه‌ له‌و لایه‌نه‌ سیاسیانه‌ له‌ ده‌نگده‌رانی خۆیان و پێگەی جەماوەرییان تێبگه‌ن و بەرچاویان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان روون بێت.

ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌زموونێكی نوێیه‌ بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی كوردستانه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا، هاوكات له‌یه‌كگه‌یشتنە له‌گه‌ڵ بەشێک لە هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكەی کوردستان‌، ئەوەش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ به‌ ئاراسته‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا، هاوکات لە روانگەی ئەو گۆڕانکارییەی لە یاسای هەڵبژاردندا کراوە كه ‌سیستمەکە بووەتە فره‌بازنه‌یی‌، دەبێتە هۆکارێک ‌ بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان له ‌یه‌كتر نزیکبنەوە و رێگە لە پەرتوبڵاوبوونی دەنگەکان بگیرێت.

ئه‌وه‌ی گرنگه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ئه‌وه‌یه‌ به‌گوێره‌ی ئه‌و ئامارانه‌ی له ‌به‌رده‌ستدان، ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن تا ئاستێكی باش هاووڵاتیان كارتی ده‌نگدانیان وه‌رگرتۆته‌وه‌ و دەچنەسەر‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، ئەو هەنگاوەش بۆ هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر گرنگی تایبەتی هەیە، بەو پێیەی خەڵکی ئەم شارە له‌ ماوه‌ی رابردوودا جۆرێك له‌ ناڕەزاییان هه‌بووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئەو سیاسەتەی پەیڕەوکراوە، بۆیە ئەمجارە هەولێرییەکان ده‌توانن به‌ده‌نگدانیان به‌ لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان ئه‌وه‌ ده‌ربخه‌ن، كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ داهاتوودا با‌ڵانسی هێز بگۆڕن و هێزی تر تاقیبكه‌نه‌وه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییەکان.

هه‌روه‌ها ئه‌و لاسه‌نگیه‌ سیاسیه‌ جارێکی تر راستبكه‌نه‌وه‌ و هه‌نگاوی گرنگ بنێن به‌ ئاراستی ته‌واوکاری له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌ نیشتیمانیه‌كان له‌ به‌غدا و هه‌ولێردا، به‌ڵێ هه‌ولێرییه‌كان ده‌توانن ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلابكه‌وه‌.

رەنج جەعفەر

 230 جار بینراوە