سەرەکی » هەمەڕەنگ » خەلیل كۆیكی لە نێوان رەنگ و خۆشنووسیدا

خەلیل كۆیكی لە نێوان رەنگ و خۆشنووسیدا

به‌ختیار سه‌عید

کاتێک لە تابلۆیەكی شێوەكاری رۆژهەڵاتی كوردستان خەلیل كۆیكی دەڕوانین، دەبینین لەناو تابلۆیەكیدا رەنگ و هارمۆنییەك، بە بوونی وشە جیاوازەكان بە ریتمێکی جوان دابەشی ناو پانتایی ئەو تابلۆیە كراوە، هونەرمەند جگە لەوەی شێوەكارێكی دەستڕەنگینە، لە هەمانكاتدا خۆشنووسێكی بەرچاوی دنیای خۆشنووسی ئێرانییە.

گرنگی بە بابەتی سۆفیگەریی داوە
خەلیل كۆیكی وەكو بابەت، گرنگی بە بابەتی سۆفیگەری داوە لەناو تابلۆكانیدا و لەو رێگایەوە چەندین تابلۆی نەخشاندووە و شیعرەكانی رۆمی و حافزی وەكو بناغەیەكی سەرەكی كارەكانی بووە، مەبەست لە گواستنەوەی خۆشنووسییە بۆ تەجرید و هەوڵدانەكەی بۆ ئەوە بووە كە زمانێكی نوێ بۆ نیگاركێشان بدۆزێتەوە ئەویش دۆزینەوەی تەجریدە لەناو خۆشنووسی ئێرانیدا كە دەكرێت تابلۆی تایبەت بنەخشێنێت.

هونەرمەند خەلیل كۆیكی سەبارەت بە هەوڵەكانی لەناو ئەو دنیایەدا دەڵێت (هەوڵمداوە لە بنەماكانی خۆشنووسی بچمە دەرەوە بەرەو هێڵێكی راست لەو رۆشنبیرییە دەوڵەمەندەی ئێران، بوونی هێڵ واتا مامەڵەكردنە لەگەڵ هونەری خۆشنووسی و پێویستە لەسەرمان بنەماكانی هونەری خۆشنووسی پەیڕەو بكەین).

بەشداری چەندین وۆرک شۆپی کردووە
هونەرمەند جگە لەوەی شێوەكارێكی سەركەوتووە، خۆشنووسێكی دەستڕەنگینە و لەهەمانكاتدا بەشداری چەندین پیشانگەی خۆشنووسی و شێوەكاریكردووە لەهەمانكاتدا یەكێكە لەو شێوەكارانەی كە بەردەوام بەشداریی ئەو وۆرك شۆپانە دەكات كە هۆكارن بۆ گەشەسەندوێتی زانستی هونەر لەلایەك، لەهەمانكاتدا لە دۆزینەوەی ستایل و تایبەتمەندێتی ئەو هونەرە بەشداری كردووە لەوانە:

-ساڵی 2007 وۆرك شۆپی نیگاركێشی مۆزەخانەی هونەریی هاوچەرخ .

-ساڵی 2008 وۆرك شۆپی نیگاركێشی مۆزەخانەی هونەریی هاوچەرخ.

-ساڵی 2008 وۆرك شۆپی نیگاركێشی زانستگەی شەریعەتی.

-ساڵی 2011-2012 وۆرك شۆپی نیگاركێشی شارەوانی تاران.

-ساڵی 2012 وۆرك شۆپی خەت نیگار، نیگارخانەی ئایرین تاران.

خەلیل كۆیكی دووجار پیشانگەی تایبەتی و چەند جارێكیش وەكو پیشانگەی هاوبەش لە شاری سلێمانی كردۆتەوە، وەكو تایبەتمەندییەكی هونەری ناسراوە و بەردەوام ستایلی كارەكانی جێی سەرنجە و زۆر بەسەركەوتوویی توانیوێتی بناغەیەكی باش لە بیرەوەریی میوانی پیشانگەكانیدا دروست بكات، هەر ئەوەش بۆتە ئەو هۆكارەی كە ئارەزومەندی ستایلی كاری ئەم هونەرمەندە دروست ببێت.

پێشوازی لە کارەکانی دەکرێت
هونەرمەند لەو پانتاییەی كاری شێوەكاری دەكات توانیوێتی ببێتە خاوەنی ئەو ستایلەی كە نەك لەناو كوردستان و ئێران، بەڵكو لە وڵاتێكی وەكو فەرەنسا پێشوازی لە تابلۆكانی ئەم شێوەكارە كوردە بكرێت و ببێتە ئەندامی یەكێك لە رێکخراوە هونەرییانەی فەرەنسا و وەكو ئایكۆنێكی خۆرهەڵاتی پێشوازی لێكراوە و گرنگی بە بەرهەمە هونەرییەكانی دراوە، ئەوەش یەكێكە لەو هەنگاوە گرنگانەی ژیانی هونەریی ئەم شێوەكارە كوردە.

دوایین ئەزموونی شێوەكار (خەلیل كۆیكی) لە شاری تاران، ئامادەكردنی چەندین تابلۆیە كە دوایین ئەزموونییەتی و دەیەوێت بیكاتە پیشانگەیەك، كە دنیایەكی جوانتر شیاوتر لە رابردوو لە رووی تەكنیك و جارێكی تر ئاوێتەكردنەوەی وشەكان لەگەڵ رەنگ و دروستكردنی دنیایەكە لە ئێستاتیك و نیشاندانەوەی بەشێوەیەكی سەردەمیانە بۆ چاوی بینەرانی پیشانگەكانی و دروست كردنی كەشێك لە هاڕمۆنی و بەخشینی بەشێك لە جوانی.

 89 جار بینراوە