سەرەکی » راپۆرت » حکومەت کۆنترۆڵی فرۆشتنی سیمکارتە بێ سەرەتاکان دەکات

چەندین تاوان و کێشەی کۆمەڵایەتی بەهۆی ژمارەی نەناسراوەوە روویداوە

حکومەت کۆنترۆڵی فرۆشتنی سیمکارتە بێ سەرەتاکان دەکات

هەولێر \ تەها عەبدوڵڵا

سازان عەلی پێنج ساڵە لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە لەو ماوەیەدا چەندینجار لە رێگەی ژمارەی نەناسراوە وە هەڕەشەی لێکراوە و بێزارکراوە، تائێستا نازانێت ئەو کەسانە کێن و چییان لێی دەوێت.
سازان دەڵێت، ئەو هەڕەشانەی لە رێگەی کورتەنامەی مۆبایلەوە بۆم دێت و ژمارەکان بێ خاوەن و نەناسراون بۆیە هیچیان لەگەڵ ناکرێت و هەندێکجار وا بێزارم دەکەن کە بڕیار بدەم واز لە مۆبایل و هۆکارەکانی پەیوەندیکردن بهێنم، بەڵام بڕیارێكی زەحمەتە لەبەرئەوەی هەموو كارەكان لە رێگای مۆبایل و پەیوەندیكردنەوە دەکرێت.

ئاسان دەستكەوتنی سیمكارتی بێ سەرەتا لە بازاڕ کێشەوگرفتی بۆ بەشێک لە هاووڵاتیان دروستکردووە و لێپسراون و پۆلیس باس لەوە دەکەن بەشێکی زۆر لەو تاوان و کێشە کۆمەڵایەتیانەی لە کوردستان روودەدەن لەرێگای بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنەوە بووە، بەتایبەتی ئەو ژمارە نەناسراوانەی بەئاسانی و بەنرخێکی زۆر کەم دەست کەسی تاوانکار و تێکدەر دەکەوێت، لە چەند رۆژی رابردوودا ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی راسپاردووە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر و ئاستێك بۆ شێوازی كڕین و فرۆشتن بەو سیمكاراتانە لە هەرێمی کوردستان دابنێن.

ئەنجومەنی وەزیران رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر
دیلان رەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم بە كوردستانی نوێی راگەیاند بۆ ئەوەی ئەو راسپاردانەی ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێبكرێت، لیژنەیەكی هاوبەش لە هەردوولا وەزارەتی پەیوەندار و كۆمپانیاكانی مۆبایل پێكدەهێندرێت، بۆئەوەی بەپێی یاسا و رێنماییەكان رێگری بكرێت لە مامەڵەكردن و بەكارهێنانی سیمكارتی بێ فۆڕم، ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەكی یاسایی بە تەواوەتی رێكدەخرێ لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی گشتی.

‏‎ وتیشی: بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ كۆمپانیاكانی مۆبایل هەیە، چونكە ئەو كۆمپانیانە مۆڵەتیان لە حكومەتی عیراقی وەرگرتووە، بۆیە دەبێت پرسی سیمكارتی مۆبایلی بێ فۆڕم لەهەموو شارەكانی عیراقیش چارەسەربكرێت، چونكە مانەوەی ئەو دیاردەیە لە هەر شوێنێك كاریگەری لەسەر شوێنەكانی دیكە دەبێت.

سزاو رێوشوێنی توند بۆ سەرپێچیكاران هەیە
لە هەرێم یاسایەكی تایبەت بە قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن بە ژمارە 6 ی ساڵی 2008 ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەیە و چەندین رێوشوێنی توندی بۆ سەرپێچیكاران داناوە، بەگوێرەی ماددەی یەكەمی یاساكە لەكاتی قسە كردنی تەلەفۆنی و پەیوەندیەكانی پۆستەیی و ئەلیكترۆنی لە كاروبارە تایبەتەكانن نابێ ڕێز و حورمەتیان بشكێندرێ.

هەروەها لە ماددەی دووەم هاتووە « هەر كەسێك ئەگەر بە خراپی تەلەفۆنی خانەیی ( مۆبایل) یان ئامێرێكی پەیوەندیكردن بۆ مەبەستی هەڕەشەكردن یان تۆمەت هەڵبەستن یان جنێودان یان بڵاوكردنەوەی هەواڵی هەڵبەستراو بەكاربهێنێت كە ترس پەیدا بکات، ئەوا بۆ ماوەیەك بەند دەكرێت كە لە ( 6 ) مانگ كەمتر نەبێت و لە (5) ساڵیش زیاتر نەبێت.

یاساكە كۆمپانیاكانی مۆبایلیشی پابەندكردووە
هەر بە گوێرەی ئەو یاسایە چەندین جۆر سزای بەندكردن و غەرامەكردن بە پارە بۆ بەكارهێنەران دانراوە كە لە هەندێك بڕگە دەگاتە پێنج ملیۆن دینار، هەروەها یاساكە كۆمپانیاكانی مۆبایلیشی پابەندكردووە، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەرێم كاردەكەن، بۆ ئەوەی فۆڕمی ئەو كەسانەی دەبنە خاوەنی سیمكارتی مۆبایل یاسایی بێت و تەواوی زانیاریەکانی تێدابێت، بە پێچەوانەوە لە كاتی سەرپێچیكردن سزادەدرێن كە زۆرترین سزا كە دەگاتە سەدملیۆن دینار.

هۆکارەکانی جێبەجێنەکردنی یاساکان
لەبارەی گرنگی ئەو یاسایەو هۆكارەكانی جێبەجێنەكردنی، محێدین حەسەن ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی كوردستان بۆ كوردستانی نوێ وتی: جێبەجێنەکردنی ئەو یاسایە وەک خۆی یەكێكە لە كێشەكانی بەردەوامی دیاردەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و گرفتێكی تری پرسی كڕین و فرۆشتنی سیماكارتی مۆبایل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمپانیكانی مۆبایل هی كەرتی تایبەتن، ئەمەش وایكردوە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان وەكو پێویست نەتوانن پابەندی یاساو رێساكانی هەرێمی كوردستانیان بكەن.

هەنگاوەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە دواكەتووە
وتیشی، ئەگەرچی هەنگاوەكانی چارەسەركردنی ئەو گرفتە دواكەتووە، بەڵام ئەو هەنگاوەی حكومەت و وەزارەتەكانی گواستنەوە و گەیاندن و ناوخۆ بە باش دەزانین، بۆئەوەی كۆتایی بەو كێشەیە بهێنرێ، كە هاووڵاتیان بەهۆی بێسەروبەری لە فرۆشتنی سیمكارتەكانی مۆبایل رووبەرووی چەندین كێشە و گرفتی نەخوارزراو دەبنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس زیاتر ئاگاداری ئەو تاوانانەن كە لە رێگای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە دەکرێن، هۆگر عەزیز وتەبێژی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: رۆژانە رووداو و تاوانی جۆراوجۆر لەبارەی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە روودەدەن كە دواتر لە دادگاكان یەكلادەكرێنەوە و ئامارەكان رۆژبەرۆژ لە گۆڕانكاریدان، وەك بێزاركردن و هەڕەشەكردن و بۆ مەرامی تایبەتی بەكار دەهێنرێت‌.

سیمكاراتی مۆبایل بەئاسانی دەگاتە دەست هاووڵاتیان
وتیشی: ئەو حاڵەتانەی بێزارکردنی خەڵك بەهۆی مۆبایل و سیمكارتی نەناسراو دەکرێت، هەندێكجاریش لە رێگای ئەو تۆڕە كۆمەڵایەتیانەوە دەکرێت كە لەرێگای سیمكاراتەكانی مۆبایل دروستدەكرێن‌ و هیچ بەڵگە و دیكۆمێنتێكیان نیە.

وتەبێژەكەی پۆلیسی هەولێر راشیگەیاند: ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران بۆ رێگاگرتن لەوجۆرە دیاردانە كاریگەری زۆرباش دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی تاوان و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، چونكە ناكرێ سیمكاراتی مۆبایل ئەوەندە بەئاسانی بگاتە دەست هاووڵاتیان، كە هیچ نرخ و بەهایەکی نەبێت .

 30 جار بینراوە