سەرەکی » وەرزش » میدڤیدیڤ خه‌ونی جۆكۆڤیچی له‌بار برد و یه‌كه‌م نازناوی گراندسلامی برده‌وه‌

میدڤیدیڤ خه‌ونی جۆكۆڤیچی له‌بار برد و یه‌كه‌م نازناوی گراندسلامی برده‌وه‌

دوای دوو شكست له‌ یاری كۆتایی، دواجار دانێل میدڤیدیڤی روسی و دووه‌می ریزبه‌ندی یاریزانانی تێنسی سه‌رزه‌وی بووه‌ پاڵه‌وانی گراندسلام و توانی نازناوی گراندسلامی ئه‌مریكا بباته‌وه‌ كه‌ دواین پاڵه‌وانێتی گه‌وره‌ی ئه‌م وه‌رزه‌ بوو.

میدڤیدیڤ كه‌ ساڵی 2019 له‌ یاری كۆتایی ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌و ئه‌م وه‌رزه‌ش له‌ یاری كۆتایی گراندسلامی ئوسترالیا دووچاری شكست هاتبوو بوو به‌ دووه‌م یاریزانی روسی له‌ مێژوودا جامی گراندسلامی ئه‌مریكا به‌رز بكاته‌وه‌.

ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنه‌كه‌ی‌ ئه‌ستێره‌ روسییه‌كه‌ بووه‌ هۆی خه‌ونی گه‌وره‌ی نۆڤاك جۆكۆڤیچی ئه‌ستێره‌ی سربی و پێشه‌نگی ریزبه‌ندی جیهان له‌بار بچێت كه‌ به‌ بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پاڵه‌وانێتییه‌ چه‌ند ریكۆردێكی مێژوویی تۆمارده‌كرد.

نۆلی ئه‌گه‌ر ئه‌م نازناوه‌ی‌ ببردایه‌ته‌وه‌ ده‌بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ ساڵی 1969ه‌وه‌ هه‌ر چوار گراندسلامه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ ساڵێكدا بباته‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بووه‌ یه‌كه‌م كوڕه‌ یاریزان له‌ مێژوودا ژماره‌ی گراندسلامه‌كانی بگه‌یه‌نێته‌ 21 نازناو كه‌ ئێستا به‌ 20 نازناو له‌گه‌ڵ نادال و فێدره‌ر یه‌كسانه‌.

له‌ یارییه‌كه‌ی‌ نێوانیشیاندا ئه‌ستێره‌ روسیه‌كه‌ به‌ به‌هێزی ده‌ركه‌وت و توانی یارییه‌كه‌ به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر بباته‌وه‌و هه‌ر 3 كۆمه‌ڵه‌كه‌شی 6-4 به‌سودی خۆی یه‌كلایی كرده‌وه‌، به‌مه‌ش چواره‌م سه‌ركه‌وتنی له‌ كۆی نۆ یاری به‌رامبه‌ر به‌ جۆكۆڤیچ تۆماركرد و تۆڵه‌ی شكسته‌كه‌ی‌ یاری كۆتایی گراندسلامی ئوسترالیای سه‌ره‌تای ئه‌مساڵی لێ كرده‌وه‌و چواره‌م نازناوی له‌م وه‌رزه‌ برده‌وه‌و ژماره‌ی پاڵه‌وانێتییه‌كانی گه‌یانده‌ 13 پاڵه‌وانێتی له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆی.

دوای یارییه‌كه‌ش میدڤیدیڤ وتی: به‌باشی خۆم بۆ كه‌شی یارییه‌كه‌ ئاماده‌كردبوو، به‌باشیش شاره‌زای شێوازی یاریكردنی جۆكۆڤیچ بووم، له‌ پاڵ ئه‌وه‌ش هانده‌ران زیاتر پاڵپشتی ئه‌ویان ده‌كرد، به‌ڵام من گرنگیم به‌وه‌ نه‌دا و ده‌مزانی من باشترم.

وتیشی: جۆكۆڤیچ وه‌كو هه‌میشه‌ له‌سه‌ره‌تا تاقیتده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام من سووربووم له‌سه‌ر جێ به‌جێكردنی پلانه‌كه‌م و سه‌ركه‌وتووش بووم، پلانی من زۆر ئاسان بوو ئه‌ویش كۆنتڕۆڵكردنی هێڵی دواوه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ جۆكۆڤیچ ناچار بكه‌م زۆر خۆی ماندو بكات تا ده‌گاته‌ لای تۆڕ، جۆكۆڤیچ باشترین یاریزانی جیهانه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ به‌ پشت به‌ستن به‌ سێرفه‌كه‌م سه‌ركه‌وتنم به‌رامبه‌ری تۆماركرد و توانیم به‌ پلانی به‌رگری و هێرشبه‌ریم یارییه‌كه‌ی‌ لێ ئاڵۆز بكه‌م.

له‌لای خۆشییه‌وه‌ جۆكۆڤیچ دوپاتیكرده‌وه‌ به‌ پشت به‌ستن به‌و ئاسته‌ی ركابه‌ره‌كه‌ی‌ له‌ یارییه‌كه‌ پێی ده‌ركه‌وتوه‌ شایه‌نی سه‌ركه‌وتن بووه‌ و ئه‌و یاریزانه‌شی به‌ پاڵه‌وانێتی مه‌زن ناوبرد.

جۆكۆڤیچ وتی: به‌ ئامانجی بردنه‌وه‌ یاری ده‌كرد و له‌ هه‌موو خاڵێكیش ئه‌وه‌ی‌ دوپاتده‌كرده‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا قاچه‌كانم یارمه‌تیده‌رم نه‌بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ رای بگرم، هه‌رچه‌نده‌ من باشترین هه‌وڵی خۆمم دا.

وتیشی: زۆر قورسه‌ ئه‌م شكسته‌ قبوڵ بكه‌م، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا من یاریزانی پیشگه‌رم و درك به‌وه‌ ده‌كه‌م ئه‌م جۆره‌ یارییانه‌ ده‌كرێت براوه‌بیت یان بدۆڕێی، له‌م یارییه‌ دانێل له‌ هه‌موو شتێك باشتر بوو، به‌ڵام له‌ داهاتوو ده‌جه‌نگم بۆ ئه‌وه‌ی‌ گراندسلامی تر ببه‌مه‌وه‌.

 83 جار بینراوە