سەرەکی » وەرزش » بارسێلۆنا و بایرن مونشن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی پڕ یاده‌وه‌ریدا به‌یه‌كده‌گه‌ن

بارسێلۆنا و بایرن مونشن له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی پڕ یاده‌وه‌ریدا به‌یه‌كده‌گه‌ن

ئا: ئارۆ سەنگەر 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ یارییه‌كانی چامپیۆنس لیگی وه‌رزی نوێ ده‌ست ده‌كات و له‌ رووبه‌ڕوبوونه‌وه‌یه‌كی پڕ یاده‌وه‌ریشدا یانه‌ی‌ بارسێلۆنا میوانداری یانه‌ی‌ بایرن مونشن ده‌كات.

یاری نێوان ئه‌م دوو یانه‌یه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی رابردوو زۆرترین باس و خواسی له‌سه‌ر كراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بوونی ئه‌نجامی گه‌وره‌ له‌ یارییه‌كانیاندا كه‌ دواینیان ساڵی رابردوو بوو كه‌ بایرن مونشن سه‌ركه‌وتنێكی كه‌مه‌رشكێن و ئابڕوبه‌رانه‌ی‌ به‌رامبه‌ر بارسێلۆنا تۆماركرد.

ئه‌م یارییه‌ له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی پێشوو چه‌ندین جار دووباره‌ بۆته‌وه‌و ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیش بووه‌ له‌ ساڵی 2009ه‌وه‌ هه‌ر كاتێك ئه‌و دوو یانه‌یه‌ رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌ته‌وه‌ هه‌ر كامێكیان له‌سه‌ر پشتی ئه‌وی تر گه‌یشتبێته‌ قۆناغی داهاتوو له‌ كۆتایی نازناوی چامپیۆنس لیگیشی بردۆته‌وه‌.

ساڵی 2009 بارسێلۆنا له‌ یاری چوون و گه‌ڕانه‌وه‌ 5-1 سه‌ركه‌وتنی تۆماركردو نازناوه‌كه‌شی برده‌وه‌، به‌ڵام ساڵی 2013 بایرن مونشن توانی به‌ ئه‌نجامی هه‌ردوو یاری 7-0 براوه‌بێت و نازناوه‌كه‌شی برده‌وه‌، ساڵی 2015ه‌ش بارسێلۆنا به‌ ئه‌نجامی هه‌ردوو یاری 5-3 براوه‌بوو توانی نازناوه‌ بباته‌وه‌و دواین رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ نێوانیشیان ساڵی رابردوو بوو كه‌ بایرن مونشن 8-2 براوه‌بوو توانیشی نازناوه‌كه‌ بباته‌وه‌.

به‌كۆی گشتی هه‌ردوو یانه‌ تا ئێستا له‌ چامپیۆنس لیگ 9 جار رووبه‌ڕووی یه‌كتری بوونه‌ته‌وه‌ كه‌ بایرن مونشن 6 جار براوه‌ بووه‌و بارسێلۆناش دوو سه‌ركه‌وتنی تۆماركردوه‌و یاریه‌كیش یه‌كسانبوون و له‌و یارییانه‌ش یانه‌ باڤاریه‌كه‌ 22 گۆڵی تۆماركردوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 13 گۆڵ بۆ بلوگرانا.

پێش ئه‌م یارییه‌ش بایرن مونشن خاوه‌نی ریكۆردی تۆماركردنی ریكۆردی نه‌دۆڕانه‌ له‌و یارییانه‌ی‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ یاریگای خۆی له‌ چامپیۆنس لیگ ئه‌نجامی داوه‌ كه‌ 18 یارییه‌ له‌سه‌ریه‌ك نه‌دۆڕاوه‌و دواین شكستی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 2017، له‌به‌رامبه‌ردا بارسێلۆنا له‌و یارییانه‌ی‌ له‌ چامپیۆنس لیگ كه‌ هانده‌ران ئاماده‌ی بوون له‌ ساڵی 2013ه‌وه‌ له‌ كامپ نو نه‌دۆڕاوه‌و دواین شكستیشی هه‌ر به‌رامبه‌ر بایرن مونشن بووه‌ له‌و ساڵه‌دا.

هه‌ردوو یانه‌ش هه‌میشه‌ خاوه‌نی ئه‌نجامی باش بوون له‌ یه‌كه‌م یاری وه‌رز له‌ چامپیۆنس لیگ كه‌ بایرن مونشن 17 وه‌رزه‌ له‌سه‌ریه‌كتری یاری ده‌ستپێكی له‌ چامپیۆنس لیگ ده‌باته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ ریكۆرده‌، له‌به‌رامبه‌ردا بارسێلۆنا 22 وه‌رزه‌ له‌سه‌ریه‌كتری له‌ یاری ده‌ستپێكی وه‌رز له‌ چامپیۆنس لیگ دووچاری شكست نه‌بووه‌.

پێش ئه‌م یارییه‌ش بایرن مونشن مه‌ترسی ئه‌وه‌ی‌ له‌سه‌ره‌ چه‌ند یاریزانێكی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ له‌ده‌ستبدات له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ رۆبه‌رت لیڤاندۆڤسكی و سێرجی گنابری، به‌ڵام وه‌كو هه‌میشه‌ گه‌وره‌ترین مه‌ترسی له‌سه‌ر بارسێلۆنا تۆماس مۆله‌ر ده‌بێت كه‌ توانیویه‌تی له‌ 5 یاری 6 گۆڵ له‌ بارسێلۆنا بكات.

له‌به‌رامبه‌ردا دۆخی بارسا به‌هۆی پێكانی یاریزانان خراپتره‌ كه‌ چه‌ندین یاریزانی له‌سه‌رو هه‌مووشیانه‌وه‌ فاتی و دیمبلی و برایسوایت یاری ناكه‌ن و گومانیش له‌به‌شداری چه‌ند یاریزانێكی تر هه‌یه‌ كه‌ به‌ پێكانه‌وه‌ له‌ ئه‌ركی نێوده‌وڵه‌تی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

ناكرێت باس له‌ یاری نێوان بایرن مونشن و بارسێلۆنا بكه‌یت به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ باس له‌ شكسته‌ قورسه‌كه‌ ساڵی رابردوو نه‌كه‌یت كه‌ هه‌رچه‌نده‌ ته‌نها یه‌ك ساڵ به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌م یارییه‌ جیاوازییه‌كی زۆر گه‌وره‌ی له‌گه‌ڵ یارییه‌كه‌ی‌ پێشوو هه‌یه‌.

شكسته‌كه‌ی‌ شاری لیشبۆنه‌ هێنده‌ كه‌مه‌رشكێن بوو كه‌ گۆڕانكاری ریشه‌یی و شۆڕشی له‌ یانه‌ كه‌ته‌لۆنیه‌كه‌ به‌رپاركرد و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك و راهێنه‌ر بگۆڕدرێن و دواجاریش باشترین یاریزانی مێژووی یانه‌كه‌ ماڵئاوایی كرد.

به‌راورد به‌ یاری رابردوو له‌ هه‌ردوو یانه‌ زۆر شت گۆڕاوه‌ كه‌ له‌ بایرن مونشن چی تر هانز فلیك راهێنه‌ر نییه‌ و ئالابا و بواتینگ و مارتینێز و تیاگۆ ئه‌لكانتارا له‌ یانه‌كه‌ نه‌ماون و كۆتینیۆش كه‌ ئه‌و یارییه‌ دوو گۆڵی كرد ئه‌مجاره‌ له‌ ریزی بارسێلۆنا یاری ده‌كات.

له‌ بارسێلۆناش كومان بووه‌ته‌ راهێنه‌ر و سه‌رۆك گۆڕاوه‌و مێسی و سوارێز و گریزمان له‌ یانه‌كه‌ رۆیشتون و چه‌ندین یاریزانی لاو سه‌رخراون.

به‌پێی هه‌موو پێشبیینیه‌كانیش پێش ئه‌م یارییه‌ بایرن مونشن پاڵێوراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ركه‌وتن بنووسێته‌وه‌، به‌ڵام بارسێلۆنا بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانێت به‌ ئه‌نجامێكی باش له‌ناو یاریگا بێته‌ ده‌ره‌وه‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن كومانی راهێنه‌ره‌وه‌ پێش هه‌موو شتێك له‌ رووی ده‌روونییه‌وه‌ ئاماده‌ بكرێن و به‌شێوه‌یه‌ك بچنه‌ ناو یاریگاوه‌ كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن یاده‌وه‌ری خراپی یارییه‌كه‌ی‌ ساڵی رابردوو كاریگه‌ری له‌سه‌ریان دروست بكات ئه‌گه‌ر نا یارییه‌كه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ فیكه‌ی‌ ده‌ستپێكی لێبدرێت بۆ بایرن مونشن یه‌كلایی بۆته‌وه‌.

 66 جار بینراوە