سەرەکی » کەلتوور » سبەینێ‌، ساڵح عوسمان نوێترین كتێب لەبارەی دیموكراسی بڵاودەكاتەوە

سبەینێ‌، ساڵح عوسمان نوێترین كتێب لەبارەی دیموكراسی بڵاودەكاتەوە

سبەی 2021/9/15، لەیادی ڕۆژی جیهانی دیموکراسیدا، ساڵح عوسمان ، نوێترین كتێبی خۆی لەسەر گۆڕانی دیموكراسی بڵاودەكاتەوە، كە تیایدا باس لە گۆڕانی سیستەمێكی نادیموكراسی بۆ دیموكراسی لە وڵاتێكدا دەكات و پاشان لێكەوتەكانی گۆڕانەكە شی دەكاتەوە، كە دەكرێت ناسەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت، بۆ ئەمەش عێراقی وەك نموونە هێناوەتەوە.
لە ڕۆژی (جیهانیی دیموکراسیی)دا کە دەکاتە15 ی سێپتەمبەری هەموو ساڵێک،سێیەمین كتێبی خۆی بە ناونیشانی “گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی (عێراق بەنمونە)”، لە دوو توێی 242 لاپەڕە و لە شەش بەشی جیاوازدا چاپ و بڵاو دەکاتەوە،كە تیایدا گۆڕانی سیستمی نادیموكراسی بۆ سیستمێكی دیموكراسی ڕوون كردۆتەوە و هۆكارەكانی گۆڕانكارییەكانی و لێكەوتەكانی ئەم گۆڕانەی ئاماژە پێداوە ،كە ئەگەر گۆڕانكارییەكە بە ئاشتی ئەنجام نەدرێت و پاشان پرەنسیپەكانی دیموكراسی نەچەسپێنرێت، ئەوا دەكرێت ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە، بۆ ئەمەش نموونەی بە عێراق هێناوەتەوە.
بەشی یەكەمی ئەم کتێبە بۆ سەرەتایەك بۆ ناساندنی دیموكراسی لەڕووی چەمك و پێناسەوە تەرخان كراوە، هەروەها مێژووی سەرهەڵدانی دیموكراسی بە پێی قۆناغە جیاوازەكان، هەر لەم بەشەدا ڕوونكراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی تایبەتمەندی سیستمی دیموكراسی و گرنگی سیستمەكەش باس كراووە.
لەبەشی دووەمدا، هاتۆتە سەر باسی سەرەكی كتێبەكە كە ” گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسییە”، لەم بەشەدا سەرباری پێناسەی گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی، باس لە هۆكار و تایبەتمەندیەكانی گۆڕانی دیموكراسی كراوە، هەروەها نیشانەكانی سەقامگیری سیاسی و هۆكارەكانی ناسەقامگیری سیاسی و پەیوەندی نێوان گۆڕانی دیموكراسی و سەقامگیری سیاسی بەشێكی دیكە پێكدەهێنێنن.
لەبەشی سێیەمدا ئاماژەی بە گۆڕانی دیموكراسی لە عێراق داوە، هەروەها لەڕووی مێژوویەوە و لەمپەرەكانی بەردەم گۆڕانی دیموكراسی لە عێراق شی كردۆتەوە،بەو پێیەی پەرلەمانیش بە یەكێك لە پایەكانی دیموكراسی دادەنرێت و ڕۆڵێكی گرنگ لە چەسپاندنی دیموكراسی دەبێنێت،ئەوا هەر لەم بەشەدا باسی لە ڕۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چەسپاندنی دیموكراسی و ڕێزگرتن لە دیموكراسی تەوافوقی كردووە، چونكە دیموكراسی تەوافوقی باشترین جۆری دیموكراسیە، كە مافی هەموو پێكهاتەكان دەپارێزێت و ڕێگری لە دیكتاتۆری زۆرینە دەكات.
لەبەشی چوارەمدا، ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق لەڕووی هۆكارەكانیەوە ڕوونكراوەتەوە، كە دابەش كراوە بەسەر هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی، ئەم هۆكارانەش چەندین بەشی دیكەیان لێ جیا كراوەتەوە، هەروەها لەم بەشەدا ئاماژە دراوە بە شێوازەكانی ناسەقامگیری سیاسی و هێنانەدی سەقامگیری.
بەشی پێنجەمی ئەم كتێبە بۆ دیموكراسی تەوافوقی و فیدراڵی تەرخانكراوە، چونكە تەوافوق لە بڕیارەكان و چەسپاندنی سیستمی فیدڕاڵی، باشترین ڕێگای سەقامگیری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتین، بەڵام بەو مەرجەی هەموو لایەنەكان پابەندی دەستور بن و لە فشارەكانی سەر یەكتری دوور بكەونەوە.
نووسەر كە لەئێستادا بەڕێوەبەری نشینگەی پارێزگای سلێمانییە، بەشی شەشەم و كۆتایی بۆ سیناریۆكانی داهاتووی عێراق لە ڕووی دیموكراسی و سەقامگیری و فیدراڵیەوە تەرخانكردووە و بەسێ باسی جیاواز داهاتووی دیموكراسی و سەقامگیری و فیدراڵی شیكردۆتەوە، بۆ ئەم سیناریۆیانەش كۆمەڵێك ئەگەر و هۆكاری لەبەرچاو گرتووە.
هەرچی پەیوەست بە هۆكاری هەڵبژاردنی ئەم ناونیشانە، كە تاڕادەیەكی زۆر لای خوێنەر ئاشنا نيیە، نووسەر لە پێشەكی كتێبەكەیدا دەڵێت:” ئەم جۆرە ناونیشانە یان لە كتێبخانەی كوردیدا بوونی نیە، یان زۆر كەمە، بۆیە بە گرنگم زانی ئەم سەرچاوەیە بكەمە دیارییەك بۆ كتێبخانەی كوردی و هەموو ئەو نوسەر و سیاسیانەی بەدوای پرۆسەی دیموكراسی لە عێراق و سەقامگیری سیاسی ئەو ووڵاتەدا وێڵن”
دەربارەی پشت بەستن بە جۆری سەرچاوەكانیش،دەڵێت:”بۆ نووسینی ئەم كتێبە سوودم لە زۆرترین سەرچاوەی ئەكادیمی و كتێبی مامۆستایانی زانكۆ و نامەی ماجستێر و دكتۆرا وەرگرتووە، هۆكاری گرنگیدان بەسەرچاوە ئەكادیمیەكانیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە مەبەستم بوو كتێبێكی ئەكادیمی و تەواو زانستی بخەمە بەردەستی خوێنەرانی كورد”.

 36 جار بینراوە