سەرەکی » ئەدەب و هونەر » هەزارداڵانی جندۆكان

هەزارداڵانی جندۆكان

رەوەز جەبار

بەر لەوەی بچمە سەر باسی رۆمانەكە، دەمەوێت ئەوە بڵێم ئەم كارە شایەنی خوێندنەوە و رێز گرتنە. رۆمانێك بە كرمانجی ژوورو نووسراوە و خاتوو فاتمە كاكە سووری لە رۆژهەڵاتەوە گۆڕیوێتی بۆ شێوەزاری سۆرانی. بە كوردییەكی جوان و شیرین كە خوێنەر بە چێژەوە دەیخوێنێتەوە.

ئەم رۆمانە چیرۆكی مامۆستا كەوانۆت و نێرگزی كۆچەرە. ژن و مێردێك لە گوندێكدا دەژین. كەوانۆت كارەكتەری سەرەكی رۆمانەكەیە. مامۆستایەكی شارییە و بەوەزیفە رووی لەو گوندە كردووە. دەستپێكی ئەم رۆمانە گفتوگۆی كەوانۆت و نێرگزی ژنێتی، كە چۆن ژیانی خێزانییان دروستكردووە. كەوانۆت بەبیری نێرگیزی دەهێنێتەوە كە چۆن باوكی رێگر بووە لە ژیانی هاوسەرییان. كەوانۆت مامۆستایەكی شارییە و عاشقی نێرگزی كۆچەری دەبێ و بڕیاردەدەن لەگوندێكی دواكەوتوودا ژیان بەسەربەرن. چونكە كەوانۆت مامۆستای قوتابخانەی گوندەكەیە و لەوێ دەگێرسێنەوە. نێرگز ئەوەی لە لائاساییە و بۆ خۆشی كچە كۆچەرییەكە و لەو ژیانە راهاتووە.

هێڵی گشتی رۆمانەكە بەدەستی كەوانۆتەوەیە تا كۆتایی چیرۆكی ئەو مامۆستایەیە كە بڕیاری داوە هاوكاری خەڵكی گوندەكە بكات. لەگەڵ ئەوەی كارەكتەری سەرەكی كەوانۆتە، بەڵام ژمارەیەكی زۆر كارەكتەر لەم رۆمانەدا هەن، كە زۆربەیان لاوەكین و بۆ یەكجار یان دووجار ناویان دەهێنرێ و دەناسێنرێن. جگە لەكەوانۆت كەسایەتییەكی دیكەی رۆمانەكە گەبرانی باچۆیە و پیاوێكی خوێندەوارە و پێش مامۆستا كەوانۆت زۆری كۆشاوە خەڵكی گوندەكە هۆشیار بكاتەوە و سوودی نەبووە. گەبران و نێرگز و خانێ… لە دوای كەوانۆت ئەو كارەكتەرانەن رۆڵی لاوەكییان هەیە. هەموو ئەوانە بەدەوری كەوانۆتەوەن و تەواوكەری رووداوەكانی ناو رۆمانەكەن. شوێن لە رۆمانەكەدا گوندەكەیە.

بابەت و تێمای سەرەكی رۆمانەكە مامۆستایەكی خوێندەوارە و دەیەوێت گوندێكی دواكەوتوو هۆشیار بكاتەوە. كە پێی وایە دەتوانێ خەڵكی گوندەكە هۆشیار بكاتەوە. گەبران نائومێدە. لە كۆتاییدا هەر واش دەبێ. مامۆستا كەوانۆت نەك ناتوانێ خەڵكی گوند هۆشیار بكاتەوە، بەڵكو بۆ خۆشی دەبێت بە یەكێ لە خەڵكی ئەو گوندە و وەكو ئەوان بیر دەكاتەوە. وردە وردە ئاستی رۆشنبیریی نزم دەبێتەوە و دەبێ بە كەسێكی گوندی و دەچێتە نێو ئەو كەشە دواكەوتووە پڕ لە خورافاتەوە و جندۆكە دەوری دەدەن و ژیانی دەشێوێنن.

فەزای ئەم رۆمانە فەزای گوندێكی دواكەوتووە لە توركیا، گوندێك كە هێشتا لە نێو خورافیاتدا دەژین. ئەم فەزایە لە هەندێك لە رۆمانەكانی یەشار كەمالدا بەدیدەكرێ. بەڵام حەسەنی مەتێ بە شێوازێكی تر كاری تێدا كردووە. ئەوەی جیاوازە تەكنیكی رۆمانەكەیە. فەزاكە هەر گوندە و كێشەكانیش دواكەوتووی خەڵكی گوندەكەیە. لە پەروەردەی منداڵان و كچ بە شوودان و…

تەكنیكی رۆمانەكە بە شێوازێكە، گێڕەوەی هەمووشتزان رۆمانەكە دەگێڕێتەوە و لەناوەوەش كارەكتەرەكان لە رێگای دیالۆگەوە بەشداردەبن لەگێڕانەوە. رەوتی گێڕانەوە لەو جێگایانەدا لەدەستی گێڕەوەی هەمووشتزانەوە دەكەوێتە دەستی كارەكتەرەكان. لەنێو رۆمانەكەدا بەشێكی سەربەخۆ هەیە. كە نووسەر وەكو تەكنیكێك بەكاری هێناوە. ئەو بەشە لەرۆمانەكە بەسەر شانزە فەسڵدا دابەش دەبێ پێناسەی ئەو ماڵانەیە لەگوندەكەدا دەژین. گێڕەوە لەم بەشەدا نووسەری ئەو كتێبی یاداشتەیە كە گەبرانە یەك یەك خێزانەكان دەناسێنێ، كە چەند نەفەرن و ماڵەكەیان دەكەوێتە كوێی گوندەكەوە. هەموو شتێك لەسەر ئەو بنەماڵانە بە كورت و پوختی دەگێڕێتەوە. ئەم بەشە لە رۆمانەكە كتێبێكی گەبرانە كە كەسێكی خوێندەوارە و لە شار خوێندوویەتی و بەهۆی ئەوەی باوكی ژنی بەسەر دایكی هێناوە گەڕاوەتەوە بۆ گوند.

ئەو پەنجا لاپەڕەیە لە كتێبەكەی گەبڕان كە یاداشتێكی نا تەواوای گەبرانی باچۆیە، وەك تەكنیكێك نووسەر كردوویەتی بە بەشێك لە رۆمانەكە. ئەمەش یارییەكی جوانی نووسەرە، كە نەیویستووە ئەو بەشە لە رۆمانەكە لەسەر زاری كەوانۆت یان گێڕەوەی هەمووشتزانەوە بێ. بۆ ئەوەی رۆمانەكە لەسەر یەك هێڵی گێڕانەوە نەبێ و بەرهەمەكە لە رۆمانێكی تەقلیدی رزگار دەكات، تاوەكو فرەدەنگ بێ.

حەسەنی مەتێ
حەسەنی مەتێ رۆماننووس و چیرۆكنووسێكی كوردە لە دایكبووی ساڵی 1957ی شاری ئەرغەنیی سەر بە ئامەدی باكووری كوردستانە. زیاتر لە 35 ساڵە لە سوید دەژی و چەندین رۆمان و كۆمەڵە چیرۆكی نووسیوە.

 180 جار بینراوە