سەرەکی » ئاراستە » پارتەکەی مێرکل دۆڕاندی و سۆشیال دیموکرات پێگەی یەکەمی هەیە

پارتەکەی مێرکل دۆڕاندی و سۆشیال دیموکرات پێگەی یەکەمی هەیە

بورهان ئەمین – ئەڵمانیا 

رۆژی 26 ی مانگ لە هەر 16 هەرێمەکەی ئەڵمانیا هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمان بەڕێوەچوو بۆ دیاریکردنی 740 پەرلەمانتار لە Bundestag .

بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە کە ئێوارەی هەمان رۆژ راگەیەندرا، هەردوو پارتە گەورەکە سۆشیال دیموکرات و دیموکرات کریستیان لەیەکترییەوە نزیکن و لەرکابەریی یەکتردان تا لە کۆتایی هەڵاوێرکردنی دەنگەکان و ئەنجامی کۆتاییدا یەکلایی بێتەوە.

تائێستا پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانی SPD بە رێژەی 25.8٪ کە دەکاتە 210 کورسی، هاوپەیمانیی دیموکراتی کرسیتیانیش CDU 24.2٪ کە دەکاتە 198 کورسی ، پارتی سەوز Die Grne 14.3 کە دەکاتە 113 کورسی، دیموکراتی ئازاد» لیبرال»FDP 11.5٪ و پارتی ئەڵتەرناتیڤ بۆ ئەڵمانیا AFD 10.6٪ و چەپەکانیش Die Linke تەنها 5٪ یان هێناوە، بەڵام ئەو دەنگانەی کە ماون براوەی یەکەم و دووەم یەکلایی دەکەنەوە و ئێستا کێبڕکێکە لەسەر بردنەوەی پۆستی راوێژکارییە بۆ شوێنگرەوەی مێرکل» لەنێوان ئارمین لارشیت کاندیدی کریستیانەکان و ئۆلاف شۆڵز کاندیدی سۆشیال دیموکراتەکان، چەند رۆژێک لەمەوبەر و لەبانگەشەی هەڵبژاردندا ئۆڵاف شۆڵز، وتی: ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان دەتوانن وای حساب بکەن کە من دەبمە سەرۆکی حکومەتی داهاتوو، بێگومان باشترین شت ئەوەیە کە پارتی سۆشیال دیموکرات ئەنجامێکی زۆر باش بەدەست بهێنێت، بەپێی ئەو ئەنجامە بەراییانەش، پێشبینی دەکرێت هەرزوو دانوستان لەنێوان هەردوو پارتە گەورەکەدا دەستپێبکات بۆ دروستکردنی ئیئتیلافی حکومی و پێکهێنانی کابینەی حکومەت، چونکە بەدریژایی میژوو ئەزموونی کارکردنیان پێکەوە هەیە و لە ساڵی 1949ەوە تا ساڵی 2005 و لەماوەی 16 خولی پەرلەماندا لە نێوان هەردوو ئەو پارتەدا دەستاودەستی دەسەڵات هەبووە، واتە هەمیشە لە حوکمی وڵاتدا بوون و لە زۆر خولیشدا هاوپەیمانی یەکتریی بوون و پێکەوە کابینەیان پێکهێناوە.

ئۆلاف شۆڵز کییە؟
کاندیدی پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیە بۆ پۆستی راوێژکاری، تەمەنی 62 ساڵە، کەسایەتییەکی بەهێز و بەئەزموونە لە بوای سیاسی و حوکمڕانیدا، لە 20 ساڵی رابردوودا دەیان پۆستی هەبووە و بە سەرکەوتوویی ئیدارەی داوە، پەیمانی داوە ژیان و گوزەرانی خەڵک خۆشتر بکات لەڕێی بەرزکردنەوەی کرێی سەعاتی کار و بایەخدان بە پەروەردە و پشتیوانیکردن لە خاوەن بەرژەوەندییە بچووکەکان و زۆر بواری تری ژیان.

لە قەیرانی کۆرۆنادا وەک وەزیری دارایی کابینەی 2017- 2021 ئەوەی لەدەستی هات کردی و پەیمانەکەی خۆی بەجێهێنا بۆ قەرەبووکردنەوەی کاسبکار و کرێکار و خاوەن بەرژەوەندییەکان، هەرلە ئەنجامی بەجێهێنانی ئەو سۆز و پەیمانەشەوە ئەو کەسایەتییە لەناو پارتەکەی و لەلایەن پەنابەران و خەڵکی بێگانەشەوە خۆشەویستە و حزبەکەی دەنگێکی زۆری بەدەستهێناوە.

پلانی درێژخایەنی ئۆلاف شۆڵز ئەوەیە تا 2045 ئابووریی وڵاتەکەی بگەیەنێتە لوتکە و پشت بە سەرچاوەی سروستی ژینگەیی ببەستێت بۆ بەدەستهینانی وزە، وەک خۆی بانگەشەی بۆدەکات هەوڵی زیادکردنی ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دەدات کە ژینگەپارێزن، ئەو سیاسییە دەڵیت دەبێت تا ساڵی 2030 ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە وڵاتدا بگەیەنینە 30 ملیۆن. سنووردارکردنی خێرایی ئۆتۆمبێل لەسەر ئۆتۆبانەکان بە 130 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا یەکێکە لە سۆزو پەیمانەکانی هەڵبژاردن.

دوای مێرکل
لە ماوەی 16 ساڵی رابردوودا، مێرکل بە هەڵوێستە میانڕەوەکانی، توانیبووی وڵات رابگرێت و ئەڵمانیا لە ناوخۆ و دەرەوە بکاتە حکومەتێکی بەهێز و بەتوانا و شایستە، بەڵام پێناچێت لەدوای رۆیشتنی ئەو ژنە سیاسەتمەدارە جیهانییەوە، پارتەکەی براوەی یەکەمی هەڵبژاردن بێت و پۆستی راوێژکار بەدەست بهێنێتەوە، ئەوەش لەزۆربەی راپرسیەکانی پێش هەڵبژاردندا بە ئاشکرا بەدەرکەوت و نێوەندی سیاسی ناوخۆ و دەرەوە زەنگی شکستی ئەو حزبەیان لە دوای مێرکل-ەوە لێداو ئاشکرایان کرد کە لەدوای ئەو ژنە ئەو حزبە چیتر بەخت یاوەری نابێت کە وڵات بەڕێوەببات و کەسێکی تری وەک ئەو کاریزما جێگەی ناگرێتەوە.

هەر ئەو هۆیەشە کە بەختی رکابەرەکەی زیاتر کردووە کە دەنگی زیاتر بهێنێت و پۆستەکە بباتەوە.

کاندیدی پارتەکەی مێرکل ئارمین لاشێت، لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا رووبەڕووی چەندین رەخنە بۆوە و پرسیاری لای دەنگدەر دروستکردبوو لەسەر توانای بۆ رابەرایەتی ئەڵمانیا.

سۆشیال دیموکرات
ئەو پارتە لە مێژە دروستبووە و لە ئەڵمانیا کۆنترینە و تەمەنی 146 ساڵە، زیاتر لە 400 هەزار ئەندامی هەیە، لەگەڵ دۆست و هەوادارێکی زۆر. لە خولی رابردوودا 20.2٪ کە دەکاتە 252 کورسی پەرلەمانی هەبووە، هێڵە گشتیەکانی بەرنامەکەی بریتییە لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پشتیوانی لە چینی هەژار و دەستکورت و کاسب و کریکارەکان، پاراستنی ژینگە و وەک یەکی لە باجدان و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان بە یەکسانی، لە بازاڕی کاردا سۆشیال دیموکراتەکان داوای زیادکردنی حەقدەستی هەر سەعاتێک کارکردن بۆ 12 یۆرۆ دەکەن، دەیانەوێت خانەنشینی سەقامگیربێت و رێگریی بکرێت لە گرانبوونی بەردەوامی کرێی یەکەکانی نێشتەجێبوون، لە سیاسەتی دەرەوەشدا هەوڵیانداوە سیاسەتێکی ئاشتەوایی لەگەڵ سەردەمی نوێ پەیڕەویی بکات، ئەوان رەخنەی ئەوەیان لێ دەگیرێت کە تەنیا پشتگیریی دەوڵەتەکان دەکەن و پشتیوانیی لە مافی مرۆڤ و پرەنسیپە دیموکراسییەکان بۆ گروپە نەتەوەیی و ئایینییە زوڵملێکراوەکان لەنێو حکومەتەکاندا ناکەن.

شایانی باسە لە هەڵبژاردنی رابردوودا هاوپەیمانییەکەی کریستیانەکان 32.9%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا، بەو ئەنجامە لە کۆی 709 کورسی پەرلەمان، 246 یان بردەوە، پارتی سۆسیال دیموکراتیش 25.5%ی دەنگەکان و 153 کورسی بردبۆوە، ئێستا کورسیەکانیان چۆتە سەروو 200 و گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمان دەبن، ئەگەر تا کۆتایی ئەنجامەکان بەو شێوەیەی ئەنجامە بەراییەکان بمێنێتەوە.

 123 جار بینراوە