سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی تشرین

خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی تشرین

عیراقییەكان یادی خۆپیشاندانی تشرینی 2019 دەكەنەوە، هەڵبژاردنی 10ی مانگیش لەڕێییە كە بە بۆچوونی هەندێك گۆڕانكاریی لە هاوكێشەی سیاسیدا دەكات و عیراق دەخاتە سەر رێڕەوێكی دروست.

حكومەتی راگوزەری ئێستا و هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوەكە، بەرهەمی خۆپیشاندانی ناڕەزایی عیراقییەكان بوو كە لە سەرەتاوە دژ بە خراپی خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی هەلی كار و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی لە دامودەزگاكانی دەوڵەتدا زۆربەی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری گرتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی لێكدانەوەی هەندێك، تشرینییەكان پرۆسەكە لە ئاستی قوربانیدان و خواست و داواكاریی خۆیاندا نابینن.

ئەوان پێیانوایە، هەڵبژاردن لە سایەی حكومەتێك كە نەتوانێت بكوژان و رفێنەران و تاوانباران بداتە دادگا و بەسزایان بگەیەنێت، ناتوانێت كاروانی دیموكراتی بەرەو پێش ببات و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنێكی دروست خۆش بكات.

تشرینییەكان هەڵبژاردنییان بایكۆت كردووە و دەڵێن، تا بكوژان نەدرێنە دادگا و چارەنووسی بێسەروشوێنەكان ئاشكرا نەكرێت، هەڵبژاردن هیچ مانایاكی نابێت و تەنیا لە سوڕگەی كوتلە گەورەكاندا دەخولێتەوە و نابێتە مایەی ئەو گۆڕانكارییانەی ئەوان دەیانەوێت و هەوڵی بۆ دەدەن.

ئەگەر بابەتی ناڕێكخراوی تشرینییەكان لە قەوارەیەكی سیاسیدا لێبگەڕێیین و باس لە ئایندەی پرۆسەی دیموكراتی و هەڵبژاردنی 10ی ئەم مانگە بكەین، پێناچێت ئاكامەكەی ئەو گۆڕانكارییە بێت كە عیراقییەكان خەونی پێوەدەبینن و بۆ ئایندەی وڵاتی دەخوازن، بەڵكو دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی هەڵبژاردنەكانی پێشووە و نابێتە مایەی هێنانەكایەی حكومەتێك كە هاووڵاتییان لەو كێشە ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسییانە رزگاربكات كە بۆ 18 ساڵە بەدەستییانەوە گیرۆدەیە.

ئەمەی لە بەرەی ئەملاش دەگوزەرێت، ئاوازێكی تەواو جیاوازە و دووبارەبوونەوەی هەمان سامفۆنیای ساڵانی پێشووە و باسكردنەوەی ئایندەیەكی گەشترە بۆ وڵات، لەلایەك «كوتلەی بینا» باس لە خۆتاودان دەكات بۆ بنیاتنان و چاككردنەوە، لەلایەكی تر «ئیسڵاح» دروشمەكانی پێشووی بۆ چاكسازیی دووبارە دەكاتەوە و دەڵێت چی دی ناهێڵین گەندەڵی لەسەر لاشەی عیراق بمێنێتەوە، بەڵێنی نەهێشتنی كێشەی نیشتەجێ‌ و بێكاریی و باشكردنی خزمەتگوزارییەكان دەدات.

بەڵێنەكانی» بینا و ئیسڵاح» بۆ دوای هەڵبژاردن و بۆ ئایندەی عیراق، خەونێكی رەنگاڵەیین و ئەگەر بەشێوەیەكی راستەقینە كار بۆ هێنانەدیان بكرێت، وڵات دەبێتە سویسرای خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئیتر وەك وانەك دەڵێت»كۆچی پێچەوانە دەستپێدەكات».

 136 جار بینراوە