سەرەکی » وتار » مام و رۆژنامەنووس فێردیناند هیننەر بیشلەر

مام و رۆژنامەنووس فێردیناند هیننەر بیشلەر

گوڵزار حەمە فەرەج

مام لە هەموو سەردەمەکان روئیا و پێشگۆییەکانی‌ زۆر بەهێز و لەشوێنی‌ خۆیاندا بە کەمترین گۆڕانکاری‌ بەدی‌ هاتوون، ئەو سەرۆک و رابەرێک بە گۆچانێک و بە هەگبەی‌ پڕ لە بیروباوەڕی‌ شۆڕشگێڕیی‌، بە پێکەنین و گوتار و هەڵوێستی‌ جۆشدانەوەکانی‌ ، هەموو کات سەرکردەیەکی‌ مێژوویی‌ و فکری‌ و پشتیوان و راوێژکاری‌ میللەتەکەی‌ بوو.

مێژوونووس و دیپلۆمات و رۆژنامەنووس «د. فێڕدیناند هیننەر بیشلەر» کە خاوەنی چەندین وێنەی دەگمەنی مام بوو، مامی‌ بە یەکێک لە سەرکردەکانی‌ جیهان وێنا کردووە کە لە پێناو گەلەکانیان و بەها بەرزەکانی‌ مرۆڤایەتیدا خەباتیان کردووە و سیمبولێکیش بوون بۆ حوکمڕانی‌ باش و خەباتی‌ رەوای‌ گەلان بۆ ئازادیی‌ و مافی‌ چارەنووس و بە چاوێکی‌ سەرسوڕمانەوە لێی‌ دەڕوانی‌، فێردیناند لەبارەی‌ مام و کەسایەتیە کاریزماییەکەیەوە‌ دەڵێ: سەرەتای ناسینی‌ من و مام دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی‌ 1976، ئەو کاتە مام لەگەڵ دکتۆر کەمال فوئاد بەسەردانێک هاتبون بۆ شاری‌ ڤیەننای‌ پایتەختی‌ نەمسا و لەوێ لە ماڵی‌ فوئاد رەسوڵ یەکترمان ناسی‌، ئەو کات تازە یەکێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان دامەزرابوو، هەر زوو پێی‌ وتم تۆ دکتۆر فێرناندیت؟ وتم بەڵێ، وتی‌ من و تۆ ماوەیەکی‌ زۆر پێکەوە دەبین، لەماوەی‌ پێکەوە بونماندا زۆر باسی‌ خەبات و تێکۆشانی‌ کوردی‌ بۆ دەکردم منیش بڕیارمدا هاوسەفەری‌ مام جەلال بم لە کاتی‌ گەڕانەوەی‌ بۆ کوردستان، ساڵی‌ 1978 ماوەیەکی‌ زۆر یاوەری‌ بوم، بە زۆریش لە بارەگای‌ سەرکردایەتی‌ لە ناو زەنگ و سەرگەڵو و بەرگەڵو دەمامەوە، خەسڵەتی خاکییبون و ئەفسوونی‌ ڕاکێشانی‌ بەرامبەری بەهێز بوو. مام گەورەترین چەکی‌ پێبوو بۆ راکێشانی‌ بەرامبەری‌ کە ئەویش خاکییبونەکەی بوو. ئەو چەکە من ناوم نابوو «سیحر». «ئەفسون»ی‌ وتەکانی‌ تاڵەبانی‌ و رەفتار و کردارەکانی‌ کەهەر زوو قەناعەتی بە یار و نەیارەکانی‌ دەکرد. ئەو دیبلۆماسیەتە گەورەیە کەمن لە ماوەی‌ هاورێیەتی‌ مام جەلال تێبینم کرد بە تایبەت لە شاخ کە چۆن لە ناو بێهیوای‌ و نائومێدیدا هیوای‌ دەبەخشییەوە بە هاوسەنگەرەکانی‌ و بەردەوام بوو لە خەبات و تێکۆشانی‌ بێ پسانەوە، مام هەمیشە نمونەی‌ نوێی‌ بەرخۆدان و نمونەیەک بۆ گەشبینی‌ و روانین و دووربینینی‌.

فێرناند وتی‌: لە دانیشتنێکماندا لەگەڵ مام لە ناوزەنگ ئەو کات کە رژێمی‌ عیراق لەوپەڕی‌ بەهێزیی‌ و توانایدا بوو و بەتەواوەتی‌ دژی‌ هەموو مافێکی‌ کورد بوو، وڵاتانی‌ دراوسێ و ئیقلیمی‌ دژی‌ داخوازییەکانی‌ گەلی‌ کورد بوون و لەو دەمەدا پێکەوە لەگەڵ مام جەلال کەوتینە گفتوگۆ، پێی‌ وتم فێرناند: دەبینی‌ رۆژێک دێت لە ژیانی‌ خۆمدا من دەبمە سەرۆک کۆماری‌ کوردستانی‌ سەربەخۆ و تۆش شایەتیم بۆ دەدەیت، لەو کاتەدا وتم بەراستی‌ مام زۆر گەشبینە و زیادەڕۆیی‌ دەکات چۆن کارێکی‌ وا دەبێت، بەڵام کە دواتر سەرۆک تاڵەبانی‌ بویە سەرۆک کۆماری‌ عیراق، ئەو کات زانیم کە من چەند هەڵە بووم و مام جەلال چەند دووربین بوو.

مام جەلال زۆر جیاوازە لە سەرکردەکانی‌ خۆرهەڵاتی‌ ناوەڕاست، چونکە هەموو کات رابردووی‌ خۆی‌ لە یاد بوو پراگماتی‌ بوو لە کارەکانیدا هەمووشمان بینیمان کە سەرۆک کۆمار بوو بە هەمان نەفەسی‌ خاکییونییەوە و کاری‌ دەکردوو و هەرگیز نەمبینیوە ئەم پیاوە لە خۆی‌ بایی‌ ببێت، بەردەوام کلیلی‌ چارەسەری‌ کێشەکانی‌ پێ بوو و دەرچەیەکی هەر دەدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی‌ کێشەکان و ئەمەش لای‌ کەم سەرکردە هەیە، بەردەوام رێزێکی‌ گەورەش لە بیروڕاکانی‌ دەگیرا، هەر بۆیە هەموو کات بەدوو قسەی‌ خۆش و خەندەیەک کۆتایی‌ بە هەموو گرژی‌ و ئاڵۆزییەکان دەهێنا، هەموو کات دەڵێین لێرە نیت و هەموومان بێ تۆین، هەموو موحتاجی‌ چەند وشەیەکی‌ تۆین، چونکە ئەو ئازادی‌ و فرە رەنگیەی‌ کە لە سنوری‌ سلێمانی‌ هەیە بەرهەمی‌ چەند ساڵەی‌ رێبازەکەی‌ مامە.

 475 جار بینراوە