سەرەکی » ئەدەب و هونەر » ژه‌نه‌ڕاڵی پایز

ژه‌نه‌ڕاڵی پایز

ئاكۆ كه‌ریم مه‌عروف

له‌ شوێنێكی‌ له‌بیركراودا خۆیم نه‌بینی‌، به‌ڵكو به‌رگی‌ دیوانه‌ شیعرییه‌ تاقانه‌كه‌یم بینی‌، له‌ نێوان دووده‌ستدا، له‌ نێوان لووله‌ی‌ دۆشكه‌ی‌ زرێپۆش و سه‌حرایه‌ك كه‌ هێشتا له‌ دڵی‌ تاریكی‌ ئه‌و بێده‌نگییه‌وه‌ ده‌توانیت دڵۆپه‌ خوێنه‌كان یه‌ك به‌ یه‌ك كۆبكه‌یته‌وه‌ ملوانكه‌یه‌كی‌ لێدروست بكه‌یت، به‌ ناوی‌ (له‌ غوربه‌ت) دا.

غه‌ریبی‌ و غوربه‌ت دوو وشه‌ی‌ له‌ ره‌چه‌ڵه‌كدا زمانی‌ عه‌ره‌بییه‌، هه‌روه‌ك چۆن دوو مانای‌ هاوشێوه‌یان هه‌یه‌، گه‌رچی‌ له‌ یه‌كچووندا هاوشێوه‌ و هه‌مان ئازارن، به‌ڵام له‌ فه‌رنگه‌كاندا به‌ ده‌یان جۆر پێناسه‌ ده‌كرێت و شیده‌كرێته‌وه‌. وتراوه‌ من غه‌ریبی‌ وڵاتانم، وتراوه‌ غه‌ریبیت ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌ فۆرمه‌ ئینسانی‌ و شیعرییه‌كه‌دا غوربه‌ت فواره‌ی‌ هه‌ست و تێڕامانه‌ به‌ بێده‌نگی‌ له‌ دونیا و ده‌وروبه‌ر، له‌ غه‌ریبیدا ده‌كرێت قسه‌یه‌ك هه‌بێت كه‌سێك گوێت لێبگرێت و پرسیار بكات، به‌ڵام بڕیاری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ غوربه‌تدا جیهانێك له‌ ژیانی‌ شاعیران دروست بكه‌یت ئه‌مه‌ كێشه‌ زۆر گه‌وره‌كه‌یه‌.

باشلار، له‌ كتێبێكی‌ قه‌باره‌ بچووكدا (فتیله‌و شیعردا) زۆر به‌ وردی‌ باس له‌په‌یوه‌ندی‌ نێوان شاعیر و جووڵه‌ی‌ ئاگردا ده‌خاته‌ڕوو، شاعیرانی‌ ناودار ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌دۆزنه‌وه‌ و سێبه‌رێكی‌ سپین له‌ نێوان جووڵه‌ی‌ ئاگر و رسته‌ رۆحییه‌كانی‌ شیعردا.

له‌ (غوربه‌تدام) له‌ هه‌مان شوێن بینی‌، ئاگر و كه‌سێكیش به‌ شوێن پرسیاری‌ رۆحی‌ خۆیدا ده‌گه‌ڕێت. به‌ ته‌نها به‌رگی‌ كتیبێك رووبه‌ڕووی‌ سه‌حرایه‌ ته‌نها به‌رگی‌ كتیبێك رووبه‌ڕووی‌ ئه‌و هه‌موو ژاوه‌ ژاوه‌ی‌ بێده‌نگی‌ بۆته‌وه‌.

شاعیران سه‌حران، له‌هه‌ر ساتێكدا بن وێنه‌ و جیهانبینیان ده‌گۆڕن. شاعیران به‌رد نین تا قامی‌ قیامه‌ت، زه‌لیلی‌ شوێنێك بن، شاعیران جووڵه‌ و هه‌سته‌ شاراوه‌كانی‌ ئینسانن، له‌وانه‌ش (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان).

جومانه‌ حه‌داد له‌ كتێیی‌ ( 150 شاعیر له‌ سه‌ده‌ بیست خۆیان كۆشت)، ده‌زگای‌ نه‌هار، للعلوم العربیه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات دوو جۆر كه‌س خۆیان ده‌كوژن، خوێندنه‌وه‌ی‌ رۆحی‌ شیعره‌كانی‌، بێده‌نگی‌، یان واز له‌ نووسینه‌وه‌ی‌ شیعر ده‌هێنێنێت؟ ئه‌مه‌ قسه‌ی‌ من نییه‌. توێژه‌ه‌رێكی‌ ئه‌مریكی‌ شاتون ساتیرمان له‌ زانكۆی‌ پێنسلڤانیا، زۆر جوان له‌ شیكاری‌ شیعره‌كاندا ده‌ڵێت ئه‌وانه‌ی‌ خۆیان ده‌كوژن وشه‌ی‌ (من) زۆر به‌كارده‌هێنن.

كوا، یه‌سه‌نین، مایاكۆفسكی‌، هارت كاین، سارا كه‌ین، باسترناك، جون یاریمان…

لای‌ من له‌ غوربه‌تدا، رۆحی‌ هه‌موو شاعیره‌كاندا له‌ یه‌ك هه‌ناسه‌دا، هه‌ناسه‌یه‌ك كه‌ رووی‌ ئه‌وه‌ت هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌ر زه‌مینێكی‌ دونیادا بیت بیخوێنیته‌وه‌.

له‌ كۆتاییدا
ترسان له‌ دۆخێكی‌ ترسناك كه‌ ئه‌گه‌ری‌ هاتنه‌پێشه‌وه‌ی‌ نزیكه‌، دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خه‌ڵك و هه‌ڵهاتن له‌ كۆمه‌ڵگه‌، ئه‌مه‌ ئه‌و غوربه‌ته‌یه‌ كه‌ ئینسانی‌ هاوچه‌رخ تیایدا ده‌ژی‌ و هه‌ستی‌ پێده‌كات، ئه‌م هه‌ستی‌ شاعیرانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر شارستانییه‌تێكه‌ كه‌ هه‌موو شته‌كانی‌ لابووه‌ به‌ ماده‌ و كه‌ره‌سته‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن نامۆن به‌ كه‌سایه‌تی‌ و ده‌روونی‌ خۆیان، نامۆیه‌ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و سه‌رده‌مه‌كه‌ی‌، ئه‌و له‌وه‌ تێده‌گات هیچ په‌یوه‌ندیییه‌كی‌ نه‌ماوه‌ له‌ نێوان ژیانی‌ شاعیرێتی‌ و كۆمه‌ڵگه‌دا، ئه‌و هه‌ست ده‌كات شتێكی‌ تره‌ و كۆمه‌ڵگه‌ ده‌یه‌وێت په‌راوێزی‌ بخات.

له‌مباره‌یه‌وه‌ دوو بۆچوون هه‌یه‌ بۆ وشه‌ی‌ غوربه‌ت:

یه‌كه‌میان: یان ده‌بێت ته‌سلیم و گیرۆده‌ بیت به‌و واقیعه‌ی‌ تیایدا ده‌ژیت، كه‌ بۆ ئه‌مه‌ش هیچ به‌هایه‌ نامێنێته‌وه‌.

دووه‌م: نه‌گونجاندن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ و ده‌وروبه‌ر، به‌ڵام زۆربه‌ی جار كۆمه‌ڵگه‌ شوناسی‌ راسته‌قینه‌ت لێده‌سه‌نێته‌وه‌ كه‌ تۆ له‌ چ سه‌رده‌مێكدا ده‌ژیت.

محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان، به‌وشێوه‌یه‌ ژیا، كه‌ چیتر به‌رگه‌ی‌ ژیانی‌ نه‌گرت.

 164 جار بینراوە