سەرەکی » کەلتوور » كەلتورێكی جیاواز

كەلتورێكی جیاواز

كوردستانی نوێ‌

جیاواز لە کەلتوری گەلانی ناوچەكە، کەلتوری عیراقی بە کەلتورێكی ناوازە و تایبەت دادەنرێت و مێژووەكەی بۆ پێش زایین و پێش هاتنی ئیسلام و پاشان فتوحاتی ئیسلامی و دروستبوونی دەوڵەت و مەمالیكەكانی ناوچەكە دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی هاوچەرخیشدا لەگەڵ كەڵەكەبوونی تێكڕای ئەو میراتە، هێندەی تر گەشەیكرد و دەوڵەمەندتر بوو.

لەوپەڕی باكوورەوە بگرە تا دەگاتە باشووری سەر رۆخی كەنداو، خەزێنەی کەلتوری عیراقی پڕ لە گەوهەر و دەكرا بەشێوەیەكی باشتر و شیاوتر سودی لێوەربگیرێت و توانا خەفەكراوەكانی بۆ خزمەتكردن بە ئێستا و ئایندەی نەوەكانی بەكاربهێنرێت.

فەرەزدەق و موتەنەبی و ئەبو تەمام و ئەبو فیراسی حەمەدانی و زۆرێك لەو كەڵە شاعیرانەی ناویان لە مێژوودا بە زێڕ نوسراوەتەوە، گۆشەكراوی خوێندنگە و حوجرە و ناوەندی فێركارییەكانی عیراقن و زادەی کەلتوری عیراقین.

جیاوازییەكی زۆری لەگەڵ کەلتورەكانی تردا هەیە لەڕووی هەمەجۆری و دەوڵەمەندی و فرە رەنگییەوە، مۆزایكێكی ئەفسوناوی و جیهانێكی تایبەت بە خۆی دروستكردووە و بەردەوامیش لە هەوڵی نوێبوونەوە و نوێخوازییدایە، لە کەلتوری فارس و نەجدی و بیزەنتی و توركی ناچێت، هەرچی خاڵی هاوبەشە بەهۆی بەریەككەوتن و تێكشانەكانەوە دروستبوون.

عیراق لە سەردەمی هاوچەرخدا، سەرقافڵە و پێشەنگی نوێگەریی بوو لە شیعر و ئەدەب و شانۆ و سینەمادا، ئەو بوارانەی عیراقییەكان كارییان تێدا كردووە، تایبەتمەندییەكی جیاوازیان هەیە لەڕووی هاوسەنگییەوە، ئەمەش وایكردووە لەوانی تر نەچێت و پارێزگاریی لە مۆركی تایبەت بە خۆی بكات.

لەگەڵ ئەوەی بەشێوەیەكی دروست كارلێكی لەگەڵ ئەوانی دی هەبووە، ئیلهام بەخش بووە و كاریگەریی زۆری لەسەر کەلتورەكانی تر دروستكردووە، زۆرجاریش وەك سەرچاوە بەكارهاتووە و رێچكەكانی بوونەتە رێڕەوی سەرەكی.

کەلتوری عیراقی بۆن و رەنگ و سیما و دەنگێكی جیاوازیی هەیە، بەدەر لەوانی دی، بەشێوازێكی تر خۆی دەنوێنێت و لەسەر ئیقاعێكی تر سەمای چۆپی و خەشابە دەكات و خۆی دەداتە دەستی ئەو شنە بایەی لە ئاراستە جیاجیاكانەوە دارخورما و دار سنەوبەرەكان دەهەژێنێت.

شێوازەكەی نەرمە بۆ بیستن و ئامرازێكی جوانیشە بۆ ئەو شیعر و هۆنراوانەی سەرگوزشتەی عیشقێكی لەبن نەهاتوو دەگێڕنەوە، لەپێش هەموانەوە بەشوێن نەمریدا گەڕاوە و هەوڵی دۆزینەوەی ئەو لایەنە شاردراوانەی ژیانی داوە كە تائێستاش مرۆڤ پەی پێنەبردوون.

 64 جار بینراوە