سەرەکی » وتار » عه‌بدوڵڵا عه‌باس » مێشكی دووەممان لە هەناوماندا هەڵگرتووە!

مێشكی دووەممان لە هەناوماندا هەڵگرتووە!

عەبدوڵڵا عەباس 

هەموو رۆژێ‌ ئەو هەواڵە نوێیانەی لە دنیای گەڕان و شیكردنەوە و تاوتوێی زانستیدا كە لە مەڵبەند و زانكۆ و شارەزایانی بورای عیلم و مەعریفەتی جێ باوەڕەوە دەردەچن، دەبیستین و دەخوێنینەوە، هەندێكیان پەیوەندییان بە وجودی جەستەیی مرۆڤەوە هەیە كە تەمەنی بوون و خوڵقاندنی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی (2021)، بێجگە لە سەدان سەدان هەزار ساڵی بەر لە زاین! دۆزینەوە یان تازە پەیبردن بەو زانیارییە كوت و پڕە خودی مرۆڤ تووشی سەرسووڕمان دەكات و دەیخاتە بازنەی خەیاڵی چڕی نهێنیبوونی لەم سەر زەمینە و ئیتر هەر مرۆڤەی بەقەدەر هوشیاری خۆی لە زانینی ئەو دیاردانەی پەیوەندیان بە (سڕ– نهینی) خوڵقاندەوە هەیە پەتی خەیاڵ رایدەكێشێ‌!
لەكاتێكدا سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نەفرەتی، سەرجەم بەشەریەتی خستە بەرامبەر مەترسییەك، لە كاتێكدا هیچ زانیاریەك پشتی بە زانست و زانیاری شارەزا و دام و دەزگاكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانەوە هەیە و تا ئێستا ئەو پەتایە زۆر یان كەم لە دروێنەی رۆحی مرۆڤ بەردەوامە، تا نووسینی ئەم دێڕانە ئەو رێكخراوە قسەیەكی لێوە نابیسترێ‌ مژدەی نزیك بوونەوەی كۆتایی هاتنی بدا، یان بڵێ لەوە نزیك بۆتەوە ببێ‌ بەپەتایەكی ئاسایی وەك هەڵامەت.
ئا لەم دۆخە چڕەی سەرقاڵی، هەر دەزگایەكی زانستی دنیا بە تاوتوێ و شیكردنەوە بۆ پەی بردنی زیاتر بە وجودی مرۆڤ و كەون و تابیعەكانی، بەپێی ئەو راپۆرتە زانستییەی گۆڤاری (ڤانس ڤان)ی تایبەت بەراگەیاندنی هەواڵی نوێی زانستی لە زانكۆی سەرەكی (مێشیگان)ی ئەمەریكی رایگەیاند كەزانا شیكارەكانی ئەو زانكۆیە وجوودی جیهازی میشكی دووەمیان لە لەشی ئینساندا دۆزیوەتەوە و لە هەناوی ئینساندایە و شانەكانی ئەو مێشكە بەتەواوی بە قەدەر شانەكانی مێشكی پشیلەیە!
هەواڵەكە دەڵێ‌ سیستەمی كاركردن و كاریگەری میشكی دووەم هەروەك ئەو مێشكەیە لەسەری مرۆڤدایە، كار لەسەر هەست و هەڵویست و بیری دەكات، خودی خۆم باوەڕم بەم هەواڵە زانستییە هەیە چونكە هەواڵەكە دەڵێ‌ : خانەكانی ئەو مێشكە بەقەدەر خانەكانی مێشكی پشیلەیە! تومەس بۆیە كە مەعیدەمان دێشێ‌ ئەڵێین: ئەڵێی بە چەقۆ لە مەعیدەم بەر بوون! تومەز پشیلە ئاسا ئەو خانانە دەبنە نینۆكی تیژ و ئازارمان دەدەن..ولله فی خلقە شۆون!

•دوا قسە
زانست ئەوە نییە لەبەری دەكەین، بەڵكو ئەوەیە لێوەی فێر دەبین.
شێخ شافعی

 76 جار بینراوە