سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » كه‌میی‌ رێژه‌ی‌ به‌شداریی‌ هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنەکە…

كه‌میی‌ رێژه‌ی‌ به‌شداریی‌ هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنەکە…

كه‌میی‌ رێژه‌ی‌ به‌شداریی‌ هاووڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنەکەی عیراقدا

دواجار رۆژی‌ 10/10/2021 هه‌ڵبژاردنی‌ گشتی‌ پێشوه‌خته‌ له‌ عیراق به‌ڕێووه‌چوو، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان راگه‌یه‌نراوه‌، به‌ڵام من نامه‌وێت باسی‌ ئه‌وه‌ بكه‌م كێ‌ چه‌ندی‌ هێناوه‌ و، كێ‌ سه‌ركه‌وتووه‌ كێ‌ پاشه‌كشه‌ی‌ كردووه‌، هێندەی ئه‌وه‌ی‌ مه‌به‌ستمه‌ باسی‌ هۆكاری‌ بایكۆت و نزمیی‌ ئاستی‌ به‌شداریی‌ هاووڵاتیانی‌ عیراق بكه‌م .

هۆكاره‌كانی‌ بایكۆتكردنی هاووڵاتیان

1- نیگه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ عیراق له‌ حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌ران و هه‌موو داموده‌زگاكانی‌ ده‌وڵه‌ت و حكومه‌تی‌ عیراقه‌وه‌، به‌ هۆی‌ شكسته‌ یه‌ك له‌دوای‌ یه‌كه‌كانی‌ حكومه‌ت و لایه‌نه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی‌ له‌ هه‌موو پێكهاته‌كان له‌ دابینكردنی‌ خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تایی و پێویسته‌كانی‌ وه‌كو ئاو كاره‌با و ده‌رمان و په‌رورده‌ و ئاسایش …تد

2- ساخته‌كردن و گزی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ پێشوودا كه‌ قه‌ناعه‌تێكی‌ وای لای‌ هاووڵاتیان دروستكردبوو‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن هیچ گۆڕانكارییه‌ك ناهێننه‌ ئاراوه‌ و حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان وه‌كو خۆیان له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ده‌مێننه‌وه‌.

3- بێ ئومێدبوونی خه‌ڵك‌ له‌م حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ تائیفی‌ و ئیتنیكیانه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 18 ساڵی‌ رابردوودا به‌ناوی‌ ئتنیك و تائیفه‌ و مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌وە نه‌یانتوانی‌ له‌ ئاست داخوازی‌ هاووڵاتیاندا بن و هه‌موو شتێكیان بۆ خۆیان حه‌ڵاڵ كردبوو بۆ هاووڵاتیان حه‌رام، هاووڵاتیان متمانه‌یان به‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ نه‌ماوه‌ كه‌ بتوانن دۆخی‌ خراپی‌ هاووڵاتیان بگۆڕن بۆ باشتر.

4- ئه‌مساڵ هه‌ڵبژاردنی‌ پێشوه‌خته‌ بوو، واته‌ ساڵێك پێش واده‌ی‌ خۆی‌ كرا له‌ ژێر گوشاری‌ خۆپیشانده‌رانی‌ تشریندا، بۆیه‌ خه‌ڵك زۆر سه‌رسام نه‌بوو.

5- چالاكوانانی‌ تشرین بایكۆتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌یان كرد، ئه‌مه‌ش فاكته‌رێكی‌ تری‌ به‌شداریی نه‌كردنی‌ هاووڵاتیانی‌ عیراق بوو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، چونكه‌ زۆربه‌یان له‌ ژێر گوشاری‌ تاقم و گروپه‌ چه‌كداره‌كاندا هه‌ڵاتبوون و وڵاتیان بەجێهێشتبوو یان خۆیان شاردۆته‌وه‌ له‌ ترسی‌ تیرۆر و رفاندن، چونكه‌ به‌شێكیشیان تیرۆر و بێسه‌ر و شوێن كرابوون، 600 كه‌سیان شه‌هید بوون و 30 هه‌زار كه‌سیش برینداربوون.

له‌ دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ به‌عس له‌ ساڵی‌ 2003وه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ گه‌لی‌ عیراق به‌م شێوه‌یه‌ و به‌ رێژه‌یه‌كی‌ زۆر كه‌م كه‌ ٪41 به‌شداریی بكات، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ گشتییه‌كه‌ی‌ ساڵی‌ 2018 خه‌ڵك به‌ رێژه‌یه‌كی‌ زیاتر كه‌ 44,52 % به‌شدارییان كردبوو، له‌وانه‌ سامناكتر له‌ به‌غدای‌ پایته‌خت كه‌ سه‌نته‌ری‌ عیراقه‌ و چڕترین دانیشتووانی‌ تێدایه‌ و 72 كورسی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ هه‌یه‌، رێژه‌ی‌ به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ نێوان 31 تا 34 % بوو، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ش كه‌ به‌شداربوون به‌ وته‌ی‌ چاودێرانی‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن زۆربه‌یان له‌ پیر و په‌ككه‌وته‌كان بوون و بە دەگمەن نەبێت گه‌نجانی تێدا نه‌بوو.

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بایكۆت و به‌شداریكردنه‌ كه‌مه‌ی‌ هاووڵاتیان چاوه‌ڕوان كراوبوو، ته‌نانه‌ت یۆنامی‌ له‌ عیراق هاشتاگی‌ رێكخست و ریكلامی‌ زۆری‌ بڵاوكرده‌وه‌ له‌ به‌غدا و شاره‌كانی‌ تر بۆ هاندانی‌ خه‌ڵك بۆ به‌شداریكردن له‌ پرۆسه‌كه‌دا، به‌ڵام كاریگه‌رییەکی‌ وای نه‌بوو یان كاته‌كه‌ی‌ دره‌نگ بوو.

پارێزگای‌ سلێمانیش 37 % هاووڵاتیان به‌شدارییان كردووه‌، واته‌ به‌غدا و دواتر سلێمانی‌ دوو ناوه‌ندن كه‌ رێژه‌ی‌ به‌شداربوون تێیدا له‌چاو شوێنه‌كانی‌ تری‌ عیراق كه‌متربووه‌!

مه‌سجه‌كانی‌ بایكۆت له‌ هه‌ڵبژاردن چی بوو؟
ئێستا ده‌بێت كاربه‌ده‌ستانی‌ عیراق و هه‌رێمی‌ كوردستانیش له‌و مه‌سجه‌ و له‌و كارته‌ سووره‌ له‌و زه‌نگی‌ مه‌ترسییه‌ تێبگه‌ن و رایان بچڵه‌كێنێت، ئایا‌ بۆچی‌ هاووڵاتیانی‌ عیراق به‌ گشتی‌ نیگه‌رانن؟، ده‌بێت هۆكاره‌كان چی‌ بن؟ بۆ 59 % خه‌ڵكی‌ عیراق بایكۆتی‌ هه‌ڵبژاردنیان كرد؟

كه‌ باس له‌ ستانداردی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن و رێژه‌ی‌ به‌شداریی‌ هاووڵاتیان ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌یه‌ ناوه‌نده‌كانی‌ چاودێریی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ كوالیتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ بزانن، ئه‌گه‌ر رێژه‌ی‌ به‌شداربوون زۆربێت، ئه‌وا پرۆسه‌كه‌ سه‌نگینتر و كاریگه‌رتر هه‌ڵده‌سه‌نگێنن، هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌موو یاساكانی‌ هه‌ڵبژاردندا له‌ عیراق و وڵاتانی‌ تریش باس له رێژه‌ی‌ به‌شداربوونی‌ هاووڵاتیان نه‌كراوه‌ یان به‌ندێكی‌ یاسایی جێگیر نه‌كراوه‌ كه‌ بڵێت ده‌بێت بۆ نموونه‌ 50 % یان هه‌ر رێژه‌یه‌كی‌ تری‌ خه‌ڵك به‌شداربێت ئینجا شه‌رعیه‌ت و ره‌وایه‌تی‌ وه‌رده‌گرێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ عورفێكه‌ كه‌ ده‌بێت به‌شداریكردن به‌رز بێت.

به‌شداریكردن و سه‌قامگیری‌ سیاسی‌
له‌ عیراقدا له‌ كۆی‌ 25 ملیۆن هاووڵاتی‌ مافی‌ ده‌نگدانیان هه‌بوو كه‌ له‌و رێژه‌یه‌ ته‌نها 9 ملیۆن كه‌س ده‌نگیان داوە، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت ئارامی‌ و سه‌قامگیریی‌ سیاسی‌ به‌رپا ببێت له‌م وڵاته‌، خۆ ساڵی‌ 2018 هه‌ڵبژاردن كرا، به‌ڵام ساڵی‌ 2019 خۆپیشاندانه‌كانی‌ تشرین سه‌ریانهه‌ڵدا و كابینه‌كه‌ی‌ عادل عه‌بدولمهدی‌ ناچاركرا ده‌ست له‌كاربكێشێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان قسه‌ و باسی‌ زۆری‌ له‌باره‌ی‌ گزی‌ و ساخته‌كاری‌ لێوه‌كرا، به‌رپرسانی حكومه‌تیش نه‌یانتوانی‌ درێژه‌ به‌ حوكمڕانی‌ بده‌ن، چونكه‌ خۆپیشاندان ماوه‌ی‌ 50 ڕۆژی خایاند و خۆپیشانده‌ران له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان مانه‌وه‌، دواتر ته‌نها په‌تای‌ كۆرۆنا بڵاوه‌ی‌ پێكردن .

له‌ كۆتاییدا چاوه‌ڕوان ناكرێت دۆخی‌ عیراق ئارام و سه‌قامگیر بێت به‌ بوونی‌ ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی‌ گه‌لی‌ عیراق كه‌ 59 % پێكده‌هێنن به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌، كه‌ بایكۆتی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و هه‌ڵبژاردنیان كردووه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ناوه‌نده‌كانی‌ توێژینه‌وه‌ی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ له‌ حزبه‌كان و زانكۆكان و په‌رله‌مانی‌ كوردستان و ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عیراق، ئه‌و دیارده‌ گرنگه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرن و هۆكاره‌كان و ماكه‌كانی‌ دیاری‌ بكه‌ن و چاره‌سه‌ری‌ گونجاوی‌ بۆ بدۆزنه‌وه‌ .

 74 جار بینراوە