سەرەکی » وتار » لەشکر حەمە ساڵح » خوێندنەوەیەكی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی…

خوێندنەوەیەكی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی…

خوێندنەوەیەكی بەرایی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران

هێشتا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەرنەچووە، بەڵام لە ئێستاوە هەندێك لە سیماكانی قۆناغی داهاتووی پرۆسەی سیاسی دەركەوتوون. هەندێكیان باش، هەندێكیشیان مایەی نیگەرانین.

لە راستیدا، دوو مەسەلەی سەرەكی و چەند مەسەلەیەكی لاوەكی ئەم هەڵبژاردنە لەوانەی پێش خۆی جیادەكاتەوە.

ئەم هەڵبژاردنە یەكەمین هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە لە مێژووی عیراقدا كە لەژێر گوشاری شەقام و خۆپیشاندانی ناڕەزایی شارەكانی ناوەڕاست و باشووردا كراوە.

هەروەك ئەم هەڵبژاردنە، یەكەمین پرۆسەیە لە عیراقدا كە بەسیستمی بازنەیی و بەیاسایەكی نوێی هەڵبژاردن كراوە. لە بری یەك بازنەیی، پاشان بازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاكان، ئەمجارە عیراق دابەشكرا بۆ 83 بازنە لەسەر ئاستی قەزاكان بە رەچاوكردنی ژمارە و چڕیی دانیشتوان. بێگومان ئەوەش تاڕادەیەك جیاوازیی لە نەخشەی سیاسی وڵاتەكەدا هێناوەتە ئاراوە.

بەڵام ئەوەی مایەی هەڵوێستەیە، بەشێوەیەكی گشتی، لە هەموو ناوچە و پارێزگاكانی عیراقدا، رێژەی بەشداریكردنی ئەو كەسانەی مافی دەنگدان و بەشدارییان هەبووە، لە ئاستێكی نزمدا بووە. ئەم مەسەلەیەش شایانی ئەوەیە خوێندنەوەی بۆ بكرێت و توێژینەوە لەبارەی هۆكار و دەرەنجام و كاریگەرییەكانییەوە بكرێت.

ئەنجامە بەراییەكان كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بڵاوی كردۆتەوە، هەر بە ناوەكەیدا دیارە، بەراییە و ئەگەری گۆڕانكاریی لە ژمارەی كورسییەكاندا هەیە.

بەهۆی سكاڵاكانیشەوە رەنگە گۆڕانكاریی لە هەژماركردن یان هەڵوەشاندنەوەی هەژماركردنی سندوقەكاندا بكرێت.

رەوتی سەدر بە سەرۆكایەتی موقتەدا سەدر، سەربە پێكهاتەی عەرەبی شیعە، زۆرینەی كورسییەكانی خولی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی بەدەستهێناوە كە ژمارەیان دەگاتە 73 كورسی.

ئەوەی مایەی سەرنجە ئەوەیە كە جیاوازیی لەگەڵ لیستی دووەم كە لیستی تەقەدومە بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، لە پێكهاتەی عەرەبی سوننە، 35 كورسییە.

ئەوەش جیاوازییەكی زۆرە و بۆ یەكەمجارە لیستەكانی یەكەم و دووەم بەو جۆرە روون و ئاشكرایە دەربكەون و تاڕادەیەك كێشەی كوتلەی زۆرینەی ناو ئەنجومەن، كە خاوەنی مافی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتە، چارەسەر ببێت.

ئەمەش یەكێكە لە خاڵە باشەكانی ئەم هەڵبژاردنە، كە بەهۆیەوە پێناچێت پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ، دابەشكردنی پۆستەكانی سێ سەرۆكایەتییەكە بەسەر هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی، كورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننەدا، زۆر بخایەنێت.

بەڵام ئەوەی مایەی تێبینییە ئەوەیە، رەوتی سەدر و خودی موقتەدا سەدر، لە زۆر پرس و بابەتی هەستیاردا، بەدرێژایی ساڵانی رابردوو، راڕا و دوودڵ بوون، تەنانەت لە خودی ئەم هەڵبژاردنەشدا، بەنیاز نەبوون بەشداریی بكەن، بۆیە رەنگە حكومەتی داهاتوو لە بەغدا، حكومەتێكی جێگیر و سەقامگیر نەبێت.

لە بارەی حكومەتی داهاتووەوە، پرسیار و هەڵوێستەی جۆراوجۆر لە ئارادایە بەتایبەتی لە بارەی چارەنووسی مستەفا كازمی و كاندیدی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو كە پێویستە رەزامەندیی لایەنە ناوخۆییەكان و پێكهاتەكان و تەنانەت وڵاتانی زلهێزی جیهانی و هەرێمایەتیشی لەسەربێت.

لەسەر ئاستی كوردستان، ئەنجامی هەڵبژاردن هەندێك گۆڕانكاریی هێناوەتە ئاراوە. هاوپەیمانیی كوردستان، گۆڕان تووشی دەرەنجامێكی نەخوازراو بۆتەوە، بەڵام یەكێتی بە نزیكەیی، كورسییەكانی جاری پێشوو بەزیادەوە دەهێنێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر ئەو زوڵمەی لەسەر هەڵبگیرێت كە لە پارێزگای هەولێر لێی كراوە.

یەكێتی لە پارێزگای هەولێر سكاڵای تۆمار كردووە و بەڵگەی پێویستی پێشكەشكردووە لە بارەی یاریكردن بە ئەنجامەكان، تەنانەت دەنگی كاندیدەكانی یەكێتی و هاوپەیمانیی كوردستان و بەشێك لە لایەنەكانی تر، سوتێنراون و دەنگەكان كەمكراونەتەوە.

هەموو ئەو بابەت و مەسەلانە لە لایەك، كەمیی رێژەی بەشداری ئەو كەسانەی مافی دەنگدان و بەشداریی سیاسیان هەیە لە لایەكی تر. بە راستی ئەو بابەتە جێگەی پرسیار و هەڵوێستەیە، بەتایبەتی ئەم حاڵەتەی ئەمجارە روویداوە، تەنیا تایبەت نەبووە بە ناوچە یان پارێزگایەكی دیاریكراو، بەڵكو بە جیاوازییەكی كەم، هەموو عیراقی گرتۆتەوە.

 120 جار بینراوە