سەرەکی » وەرزش » دیارترین ئه‌و یانانه‌ی‌ پشت به‌ یاریزانی بیانی ده‌به‌ستن

دیارترین ئه‌و یانانه‌ی‌ پشت به‌ یاریزانی بیانی ده‌به‌ستن

ئارۆ سەنگەر

یانه‌ی‌ چیڵسی پاڵه‌وانی ئه‌وروپا و پێشه‌نگی ریزبه‌ندی پریمه‌رلیگ له‌ پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندی ئه‌و یانانه‌ دێت له‌ 5 خوله‌ گه‌وره‌كه‌ی‌ ئه‌وروپا كه‌ له‌ یارییه‌كانیان له‌م وه‌رزه‌ پشتیان به‌ یاریزانی بیانی به‌ستووه‌ و ته‌نها یانه‌ی‌ ئۆدینێزی ئیتاڵی پێشی كه‌وتوه‌.

به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك كه‌ بۆ خوله‌كانی ئه‌وروپا كراوه‌ له‌سه‌ر رێژه‌ی به‌شداری كردنی یاریزانه‌ بیانیه‌كان له‌ یارییه‌كانیاندا و تیایدا ده‌ری خستوه‌ له‌سه‌دا 88ی ده‌قیقه‌كانی یارییه‌كانی ئۆدینیزی له‌م وه‌رزه‌ یاریزانه‌ بیانیه‌كان به‌شداریان كردوه‌.

له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی پێشوو به‌تایبه‌ت له‌دوای یاسای بۆسمانه‌وه‌ تۆپی پێ گۆڕانكاری گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و رێژه‌ی یاریزانانی بیانی له‌ خوله‌كان ساڵ له‌دوای ساڵ زیادی كردوه‌ كه‌ ده‌كرێت ئه‌مه‌ كاریگه‌ری باش یاخود خراپی له‌سه‌ر دۆخی هه‌ڵبژارده‌كان هه‌بێت.

له‌ماوه‌ی‌ ساڵانی پێشووش هه‌موو ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ لابراون بۆ به‌شداری كردنی یاریزانی بیانی له‌ یارییه‌كان و یانه‌كان بۆیان هه‌یه‌ به‌ 11 یاریزانی بیانی یاری بكه‌ن، ئه‌مه‌ش تا راده‌یه‌ك كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌ی لاوی وڵاته‌كانیان له‌ یانه‌كانی وڵاتی خۆیان كه‌میكردوه‌ بۆیه‌ ناچاربوون رووبكه‌نه‌ خولی تر بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌لی یاریكردنیان پێبدرێت باشترین نموونه‌ش ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌ی لاوی ئینگیلیزیه‌ له‌ یانه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی‌ پریمه‌رلیگ.

توانای دارایی یانه‌و خوله‌كان هۆكاری سه‌ره‌كی و گه‌وره‌ی زۆربوونی یاریزانی بیانین له‌ خول و یانه‌كان كه‌ ئه‌و توانا داراییه‌ به‌ دوو لایه‌ن كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆربوونی یاریزانی بیانی له‌ خوله‌كان هه‌یه‌، یه‌كه‌م ده‌وڵه‌مه‌ندی یانه‌كه‌ واده‌كات چاویان له‌وه‌ بێت دیارترین و باشترین یاریزانان له‌ جیهان بهێننه‌ ریزه‌كانیان به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ گوێ بده‌نه‌ ره‌گه‌زنامه‌یان، دووه‌میش ئه‌و پاره‌ زۆره‌ی یانه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ده‌یده‌ن به‌ یاریزانان وایان لێده‌كات به‌جۆش بن بۆ ئه‌وه‌ی رووبكه‌نه‌ ئه‌و خوله‌.

ئه‌و توانا به‌هێزه‌ داراییه‌ی پریمه‌رلیگ و یانه‌كانی هه‌یانه‌ بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و خوله‌ خاوه‌نی زۆرترین رێژه‌ی یاریزانی بیانی بێت كه‌ له‌سه‌داا 68 پۆینت 9ی یاریزانانی ئه‌و خوله‌ له‌ یاریزانی بیانی پێكهاتون، له‌و رێژه‌یه‌ش یاریزانانی فه‌ره‌نسا پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌ كه‌ 31 یاریزانی فه‌ره‌نسی له‌ پریمه‌رلیگ یاری ده‌كه‌ن و له‌دوای ئه‌ویش ئیسپانیه‌كان دێن كه‌ 29 یاریزانی ئیسپانی له‌ یانه‌كانی پریمه‌رلیگ یاری ده‌كه‌ن و به‌رازیلیش كه‌ ساڵانی پێشوو كه‌مترین یاریزانیان له‌ پریمه‌رلیگ هه‌بوو ئێستا له‌پله‌ی سێیه‌م دان و 22 یاریزانیان له‌و خوله‌دا هه‌یه‌ و پرتوگالیش 20 یاریزانی هه‌یه‌.

له‌پله‌ی دووه‌می ریزبه‌ندیه‌كه‌شدا به‌جیاوازیه‌كی كه‌م خولی ئیتاڵیا هاتووه‌ هاتووه‌ كه‌ له‌سه‌دا 68 پۆینت8ی یاریزانی ئه‌و خوله‌ یاریزانی بیانین و له‌و ژماره‌یه‌ش پشكی شێر بۆ یاریزانانی به‌رازیل كه‌وتووه‌ كه‌ 25 یاریزانیان له‌ خوله‌كه‌دا هه‌یه‌و له‌دوای ئه‌ویش فه‌ره‌نسیه‌كان دێن كه‌ ژماره‌یان 19 یاریزانه‌و ئه‌رژه‌نتینیش به‌ 18 یاریزان سێیه‌مه‌.

خولی ئه‌ڵمانیاش هه‌رچه‌نده‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ زیاتر پشت به‌ یاریزانی ئه‌ڵمانی ده‌به‌ستن به‌ڵام له‌ پله‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندی ئه‌و خولانه‌ دێت كه‌ زۆرترین یاریزانی بیانیان هه‌یه‌، به‌جۆرێك له‌سه‌دا 55ی یاریزانی خوله‌كه‌ بیانین و پشكی شێریش به‌ر یاریزانانی فه‌ره‌نسی كه‌وتوه‌ كه‌ ژماره‌یان 37 یاریزانه‌و دوای ئه‌ویش نه‌مسا به‌ 25 یاریزان دێت.

خولی فه‌ره‌نساش له‌سه‌دا 53ی یاریزانه‌كانی بیانین كه‌ زۆرترین ژماره‌ی یاریزانی بیانی به‌رازیلین به‌ 25 یاریزان و دوای ئه‌وه‌ سه‌نیگال به‌ 24 یاریزان له‌پله‌ی دووه‌م دێت و مالیش به‌ 16 یاریزان پله‌ی سێیه‌می گرتووه‌.

خولی ئیسپانیا تاكه‌ خولی گه‌وره‌ی ئه‌وروپایه‌ كه‌ رێژه‌ی یاریزانی ئیسپانی له‌ یاریزانه‌ بیانیه‌كان زیاتره‌ كه‌ یاریزانی بیانی له‌سه‌دا 41 پۆینت 7ی یاریزانانی خوله‌كه‌ پێكده‌هێنن و زۆرترین ژماره‌شیان ئه‌رژه‌نتین كه‌ 29 یاریزانن و له‌دوای ئه‌ویش فه‌ره‌نسا به‌ 20 یاریزان دێت و به‌رازیلیش 16 یاریزانی له‌ خوله‌كه‌دا هه‌یه‌.

له‌سه‌ر ئاستی یانه‌ گه‌وره‌كان یانه‌ی‌ چێڵسی 17 یاریزانی بیانی هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌دا 65ی پێكهاته‌كه‌ی‌ پێكده‌هێنن، به‌ڵام رێژه‌ی به‌شداری یاریزانه‌ بیانیه‌كان له‌ یارییه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ له‌سه‌دا 86 پۆینت 6ه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌نها كه‌متر له‌سه‌دا 14 هه‌لی یاریكردن به‌ یاریزانی ئینگلیزی دراوه‌.

هه‌ر له‌ ریزبه‌ندی یانه‌ گه‌وره‌كان یانه‌ی‌ مانچسته‌ر سیتی له‌پله‌ی هه‌شته‌م دێت كه‌ له‌سه‌دا 78ی ده‌قیقه‌كان بۆ یاریزانانی بیانی بووه‌و ئه‌تله‌تیكۆ مه‌دریدیش نۆیه‌مه‌ كه‌ له‌سه‌دا 77 پۆینت 8ی ده‌قیقه‌كانی یاریكردن بۆ یاریزانی بیانی بووه‌.

یانه‌ی‌ لیڤه‌رپوڵیش له‌ناو ریزبه‌ندیه‌كه‌دایه‌ و له‌سه‌دا 76 پۆینت 4ی ده‌قیقه‌كان بۆ یاریزانی بیانی بووه‌و ریاڵ مه‌دریدیش له‌پله‌ی سیانزه‌یه‌م دێت كه‌ له‌سه‌دا 75ی ده‌قیقه‌كانی یاریكردن بۆ یاریزانانی بیانی بووه‌.

ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌رنجیشه‌ له‌ ریزبه‌ندیه‌كه‌دا له‌كۆی 4 یانه‌ی‌ یه‌كه‌م كه‌ پشتیان به‌ یاریزانی بیانی به‌ستووه‌ 3 یانه‌یان ئیتاڵین و له‌كۆی 11 یانه‌كه‌ی یه‌كه‌میش 5 یانه‌یان ئینگلیزین.

یانه‌ی‌ ئه‌تله‌تیك بیلباویش تاكه‌ یانه‌یه‌ كه‌ هه‌لی یاریكردنی به‌ هیچ یاریزانێكی بیانی نه‌داوه‌ و له‌و ناو یانه‌ گه‌وره‌كانیش باشترین بۆ پشت به‌ستن به‌ یاریزانی ناوخۆیی یانه‌ی‌ بایرن مونشنه‌ كه‌ ته‌نها له‌سه‌دا 39ی كۆی ده‌قیقه‌كانی یاریكردن بۆ یاریزانی بیانی بووه‌، له‌دوای ئه‌ویش مانچسته‌ر یونایتد به‌ له‌سه‌دا 54 و بارسێلۆنا به‌ له‌سه‌دا 58 له‌پله‌ی دووه‌م و سێیه‌م دێن.

 56 جار بینراوە