سەرەکی » هەمەڕەنگ » ئەدێل بە ئەلبوومێکی نوێوە دەگەڕێتەوە

ئەدێل بە ئەلبوومێکی نوێوە دەگەڕێتەوە

گۆرانیبێژی بەریتانی بەناوبانگ ئەدێل هەندێ ئاماژەی بڵاوکردۆتەوە دەربارەی ئەلبوومێکی نوێی گۆرانیی کە لە ساڵی 2015 ەوە هیچ ئەلبوومی بڵاونەکردۆتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی پێگەی خۆی لەسەر سۆشیال میدیا نوێکردەوە، هەروەها وێنەی خۆی و رەنگی هەر یەکە لە تویتەر و ئینستا گرام گۆڕی و پێگە کۆنەکەی سڕییەوە و پێگەیەکی نوێی داناوە کە دەبێت بەشداربووان ناو تۆمار بکەن بۆ بەشداریکردن لەو پێگەیەدا.

لە ماوەی پشووی کۆتایی هەفتەدا ژمارە 30 لەسەر زۆرێک لە باڵەخانەکانی دونیا نمایشکرا بەو شێوەیە هەوادارانی ئەدێل مەزەندەی ئەوە دەکەن ژمارە 30 ناوی ئەلبوومە نوێیەکەی ئەدێل بێت، بەو پێیەی ئەلبوومەکانی رابردووی ناوەکانی بریتی بوون لە ژمارەکانی 19،21،25.

ئەم ژمارە نامۆیە لەسەر تاوەری ئیڤڵ لە پاریس و کولوسیۆم لە رۆما، دەرگای براندنبورگ لە بەرلین، مۆزەخانەی نیمۆ لە ئەمستردام، ئیمپایەر ستەیت لە نیوۆرک بینرا، هەروەها لە هەر یەکە لە وڵاتانی روسیا و بەرازیل و مەکسیک و پۆڵەندا و ئێرلەندا و ئیتالیا و مالیزیا و کۆریای باشور و بەریتانیا دەرکەوت.

هەرچەندە تا ئێستا روون نەبۆتەوە ئەو ژمارەیە پەیوەندی بە ئەدێل-ەوە هەیە یان نا، بەڵام بە هەمان فۆنتی ژمارەکانی دیکەی ئەلبوومەکانی تری ئەدێل نووسراوە، هەروەها ئەو گۆرانیبێژە پێشتر باسی لەوە کردبوو ئەلبوومە نوێیەکەی کە چوارەم ئەلبوومێتی ناوی ژمارە «30» دەبێت و هەمیشە ئەو ژمارانەی کردوونی بە ناوی ئەلبوومەکانی وێستگەی کاریگەر بوون لە ژیانی ئەدێل-دا.

شایەنی باسە ئەدێل لە ساڵی 2015 دا لە گۆرانی وتن وەستا و رایگەیاند کە سەرنج دەخاتە سەر ژیانی خێزانیی، بەڵام لە تەمەنی 30 ساڵیدا لە مێردەکەی گۆرانیبێژ سایمۆن کونیکی جیابۆوە و ماوەیەک تا رادەیەک دوور بوو لە دەرکەوتن.

فرێژەر تی سمیس کە بەشداریکردووە لە نووسینی یەکێک لە گۆرانییە بەناوبانگەکانی ئەدێل بە ناوی Set Fire To The Rain بە بی بی سی راگەیاند و وتی «جارێ نازانرێت ئایا ئەلبوومەکەی تەواو بووە یان نا» هەروەها دەڵێت « ئەدێل زۆر بەباشی پارێزگاریی لە نهێنی ئەلبوومە نوێیەکەی دەکات، بۆئەوەی زیاتر جۆش و خرۆش دروست بکات، جگەلەوەی نازانرێت جۆری میوزیکی ئەلبوومەکە چییە ئایا ئاڕ ئاند بی-یە یان میوزیکی رۆک-ە یان گۆرانی خەمبارن». پاشان وتی «گۆرانییەکان هەر جۆرێک بن بێگومان لە ئاستێکی بەرزدا دەبن».

کۆتا ئەلبوومی ئەدێل کە ناوی «25» بوو تەنیا لە بەریتانیا نزیکەی 3.5 ملیۆن کۆپی لێ فرۆشرا بەوەش چووە نێو یەکێک لە ئەلبوومە پڕ فرۆشەکانی مێژووە وە کە لە پلەی 14 ەیەمیندا بوو، بەو ئەلبوومەی خەڵاتی گرامی بۆ باشترین ئەلبوومی میوزیکی ساڵ بردەوە.

ئا: دڵان سامان
سەرچاوە: BBC عربی

 54 جار بینراوە