سەرەکی » ئابووری » كورتهێنانی بودجە پڕ دەكرێتەوەپەڕە 2

كورتهێنانی بودجە پڕ دەكرێتەوە

راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت: «بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هانی حكومەت دەدات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە و پەنانەبردن بۆ قەرز».

65 دۆلار بێت
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت ئەو كورتهێنانە پڕ بكاتەوە كە لە بودجەی ساڵی 2021دا هەبوو، بەڵام ئەم بەرزبوونەوەیە پێویستە تاكۆتایی ساڵی دارایی بەردەوام بێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە: لە بودجەی ساڵی 2021دا نرخی بەرمیلێك نەوت بە 45 دۆلار دیاریكراوە، بۆیە ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە، بە تێكڕا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ ساڵەكە لە ئاستێكی بەرزدا بێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، پێشبینی دەكات، بە تێكڕا نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ هەر 12 مانگی ئەمساڵ 65 دۆلار بێت، بۆیە ئەو نرخە دەتوانێت ئەو كورتهێنانە پڕ بكاتەوە كە لە بودجەی ساڵی 2021دا هەیەو بە 27 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

پڕۆژەیاسای بودجەی 2022
لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2022ی عیراق، ئەو راوێژكارەی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو ئامادەكراوە و تێیدا نرخی نەوت بە ٥٠ دۆلار جێگیر كراوە.

راشیگەیاندووە، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی داهاتوویان ئامادەكردووە و دوای پێكهێنانی حكومەتی نوێ، لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دەكەن و لە رەشنووسەكەشدا نرخی یەك بەرمیل نەوتیان بە 50 دۆلار خەمڵاندووە.

وتیشی: «لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئابووریی عیراق بوژانەوە بەخۆیەوە دەبینێت و بەرهەمهێنانی نەوتیش شەش ملیۆن بەرمیل تێدەپەڕێنێت».

 125 جار بینراوە