سەرەکی » زانست » شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان له‌ باوكه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كچه‌كه‌ی

شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان له‌ باوكه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كچه‌كه‌ی

زانایانی ئه‌مریكا ئاشكرایده‌كه‌ن: گۆڕانه‌جینی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان له‌ڕێگه‌ی كرۆمۆسۆمی(X)ه‌وه‌ له‌ باوكه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كچه‌كانیان.
زانایانی په‌یمانگای (رۆزویل پارك) له‌پۆڤالۆی نیویۆرك له‌ ئه‌مریكا بۆ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ له‌و بڕوایه‌دان كه‌ ئه‌و گۆڕانه‌ جینییه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی باوكه‌وه‌ ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ كچه‌كه‌ی له‌ ڕێگه‌ی كرۆمۆسۆمی (X)ه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ و جیاوازه‌ له‌و جیناتانه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌ توانایان له‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كان ناسراون.
ئێستا تاقیكردنه‌وه‌ و پشكنینه‌كان بۆ جینی (BRCA) ئه‌و خانمانه‌ ده‌كرێت، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ خێزانه‌كه‌یاندا پێشینه‌ی نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ هه‌بووه‌ یان هه‌یه‌، چونكه‌ وا ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و جینه‌ ئه‌گه‌ری تووشبوونی خانمان به‌شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان و مه‌مك زیاتر ده‌كات، هه‌ر بۆیه‌ پسپۆڕان ده‌ڵێن» پێویسته‌ زیاتر توێژینه‌وه‌ بكرێت له‌ ناسنامه‌ و ئه‌ركی ئه‌و جینه‌ «.
یه‌كێك له‌و نمونانه‌ی كه‌ ئه‌و جینه‌یان هه‌بووه‌ (ئه‌نجلینا جۆلی) هونه‌رمه‌ندی به‌ناوبانگی هۆلیووده‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و جینی(BRCA1) له‌ دایكییه‌وه‌ بۆ گواسترابووه‌وه‌ و ئه‌ویش وای لێكرد به‌ ڕێژه‌ی(87%) مه‌ترسیی تووشبوونی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكی لێ بكرێت و به‌ ڕێژه‌ی (50%) مه‌ترسیی تووشبوونی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دانی لێبكرێت ، هه‌ر بۆیه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی پێشوه‌خته‌ی كرد و هێلكه‌دانه‌كانی ده‌رهێنا و مه‌مكیشی بڕییه‌وه‌،
ئێستاش پسپۆڕانی په‌یمانگای (رۆزویل پارك) بۆ نه‌خۆشییه‌كانی شێرپه‌نجه‌ یه‌كێك له‌جیناته‌كانیان كردووه‌ته‌ ئامانج بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ن ئه‌ویش جیناتی 3(MAGEC3) یه‌ كه‌ له‌ كرمۆسۆمی(X)ی باوكدایه‌، هێشتا ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی كه‌ سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندی توشبوون به‌شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان‌و جیناته‌ بۆماوه‌ییه‌كان له‌باوكانه‌وه‌ له‌قۆناغی سه‌ره‌تادایه‌ به‌به‌راورد به‌وانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌و جیناتانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌دایكه‌وه‌ بۆ كچ ده‌گوێزرێنه‌وه‌.
له‌مباره‌یه‌وه‌(كیڤن ئینگ) به‌رپرسی سه‌ره‌كیی له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ له‌ سه‌نته‌ری روزویل پارك وتی» ئه‌وه‌ی ده‌بێت بیكه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زۆر دڵنیا بین له‌وه‌ی جینێكی گونجاومان هه‌یه‌، له‌ ڕێگه‌ی دواكه‌وتنی زنجیره‌ی نه‌خۆشیی له‌زۆربه‌ی خێزانه‌كاندا ، ئه‌م ده‌رئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌ مشتومڕی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ له‌ ناو گروپی زاناكاندا سه‌باره‌ت به‌چۆنییه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی ئه‌و جۆره‌ كرۆمۆسۆمه‌یان هه‌یه‌ «.
هه‌ر به‌ پێی ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ ئه‌و خێزانه‌ی كه‌ سێ مێینه‌ی تووشبووی به‌ شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دانی تێدا بێت، ئه‌وا هۆكاره‌كه‌ی گۆڕانی كرۆمۆسۆمی(X) نه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر وا ده‌زانرا به‌ هۆی گۆڕانی جینی (BRCA)یه‌وه‌یه‌.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ دكتۆر (كاترین بیۆرس) له‌ سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ له‌ به‌ریتانیا وتی « ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ندێك مه‌ترسییه‌كانی تووشبوون به‌نه‌خۆشیی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان ده‌كرێت له‌ڕێگه‌ی خێزانی باوكه‌وه‌ بگوێزرێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌هۆی گۆڕانكاریی له‌و جیناته‌ی تازه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌».
وتیشی له‌ داهاتودا ڕه‌نگه‌ بتوانرێت ئه‌و ژنانه‌ هاوكاریی بكرێن كه‌ مێژوویه‌كی خێزانییان له‌گه‌ڵ شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌داندا هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له‌ مه‌ترسییه‌كانی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌ تێبگه‌ن، ئه‌مه‌ش شتێكی گرنگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان زۆر جار له‌ قۆناغێكی زۆر گه‌شه‌كردوودا ده‌ستنیشانده‌كرێت و ئه‌و كاته‌ش چاره‌سه‌ركردنی ئه‌سته‌مه‌».
(ئه‌نوین جۆنز) سه‌رۆكی جێبه‌جێكاری ده‌سته‌ی چاره‌سه‌ركردنی شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان وتی» ئه‌گه‌ر له‌ڕێگه‌ی توێژینه‌وه‌ی زیاتره‌وه‌ ئه‌و ئه‌نجامانه‌ به‌ ته‌واوی سه‌لمێندرا، ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی گرنگ بۆ پێشكه‌وتنی ڕێگه‌كانی خۆپاراستن له‌ شێرپه‌نجه‌ی هێلكه‌دان و به‌مه‌ش ڕۆحی هه‌زاران كه‌س له‌ له‌ ناوچوون ڕزگار ده‌كرێت».

سه‌رچاوه‌ : BBC

print

 97 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*