سەرەکی » ئاراستە » پاڵەوانەكەی بناری بەمۆ

شەهید مەحمودی مامە عەزە

پاڵەوانەكەی بناری بەمۆ

ئاوات كۆكەیی

شەهیدی فەرماندە مەحمود عەزیز ناسراو بە مەحمودی مامە عەزە، ساڵی 1954 لەگوندی (هۆرین)ی بناری بەمۆ لە دایكبووە، ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بەرێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوەو ساڵی 1978 بووە بە پێشمەرگە.

ئەم شەهید كەسێكی خۆشەویستی ناوجەماوەر بووە، هەمیشە خۆنەویست و ئازاو بەخشندەبوو، لەنێوهاوڕیەكانیدا كەسێكی قسەخۆش و هەروەها خاوەن خۆشەویستییەكی زۆریشبوو بۆنیشتمانەكەی كەئەمەش وایكرد لەماوەیەكی كورتداو لەبەرلێهاتویی خۆی ئەرك و لێپرسراوێتی پێبسپێردرێت.

شەهید مەحمودی مامەعەزە لەژیانی پێشمەرگایەتیدا كەسێكی دیارو ناسراو بووەو چەندین پلەیشی پێدراوە، لەوانە: فەرماندەی مەفرەزەوكەرت و تیپ و لەشكر، بەردەوام لەسەنگەری پێشەوەی داستان و نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەبووە، بەشداری زۆر داستان و نەبەردیی كردووە، بەڵام لەهەریەك لەنەبەردی و داستانەكانی وەك: رزگاری، قەیوان- ماوەت، ئالان و حاسڵ، گرتنی سەربازگەی دوودارەو شەڕەكانی دەشتی گەرمیان و دۆڵی قەرەداغ و شاخی زەردە، رۆڵی كاریگەرو كەم وێنەی بینیوە.

هەروەها لە دوای ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفالەوە شەهید مەحمود لەگەڵ خێزان و منداڵەكانی و مەفرەزەكەی لە گەرمیان و ناوچەكانی قەرەداخ مایەوەو بەشێوەی پارتیزانی درێژەی بەخەباتی پێشمەرگایەتیدا.

شەهید مەحمود، خەباتگێڕو پارتیزانێكی خۆڕاگرو بەورە بوو، لەكاتێكدا ئەو سەرقاڵی خەباتی پارتیزانی بوو، كەچی لەلایەن چەند كەسێكەوە خیانەتی لێكراو لەئەشكەوتی دەربەند سورێن هێرشیانكردە سەر خێزانەكەی و لەئەنجامدا هەریەك لە (قارەمانی برای و شێركۆی كوڕی و محەمەد عەلیاوەیی هاوڕێی پارتیزانی و پێشمەرگایەتیی) بەناحەق شەهیدكران و خێزان و منداڵەكاتی دیكەیشی برینداركران.

بەڵام ئەوكۆستە گەورەیە هیچ لەورەو قارەمانێتی شەهید مەحمودی كەمنەكردەوەو تاڕاپەرین لەگەرمیان و قەرەداغ مایەوەو هاوسەركەیشی هەمیشە هاوسەنگەری بووە، هەروەها رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لەرزگاركردنی بناری بەمۆو دەربەندیخان و شاری خانەقیندا.

لە شاریشدا پێشمەرگە بووە
شەهید هەر وەكو چۆن لەخەباتی شاخ و پارتیزانیدا پێشڕەوبوو، لەخەباتی شاریشدا كادرێكی ماندونەناس ودڵسۆزبووە، ساڵی 1993 هەوڵ و ماندوبونێكی زۆریدا تاتوانی بەهاوكاری حكومەت هێڵی كارەبا بگەیەنێتە زۆریك لەگوندەكانی بناری بەمۆ.

شەهید كەسێكی راستگۆو دڵپاك و بەخشندە بوو، لەسەردەستی ئەو چەندن كێشەی گەورەی كۆمەڵایەتی ناوچەكە كۆتایی پێهاتووە، هەر لەبەرئەو دڵسۆزی و مرۆڤدۆستییەی بوو لەلایەن دانیشتوانی بناری بەمۆ بەسەرۆك عەشرەتی شەرەفبەیانی هەڵبژێردراو ئەویش تادواساتاكانی ژیانیی ئەوشەرەفەی بەدڵسۆزی و ئەمانەت و لەخۆ بوردووییەوە پاراست.

بەداخەوە، رۆژی 12/10/1996 لەناوچەی (سەرتەك)ی زێدی باوباپیرانی شەهیدكراو چووەكاروانی سەروەرانەوە.

 404 جار بینراوە