سەرەکی » ئاراستە » پێودانگەکانی دیزاینکردنی مۆزەخانە

پێودانگەکانی دیزاینکردنی مۆزەخانە

رزگار سەعید- ئەڵمانیا

بینای موزەخانە چەترێکە پارێزگاری لەمیراتی پێشینان دەکات ، کەرەستەی مرۆڤەکان لە سەردەمە کۆنەکانەوە بە پێی شارەزایی و هەڵکەوتەی ژیان و ترادیسۆنیان کە سمبولێکی مەعریفیە بۆ داهاتوو پاشەکەوت دەکات.لەسەدەی هاوچەرخدا موزەخانە بوەتە ڕەگەزێکی دیار لە هونەری تەلارسازیدا ئەندازیارەکان فرسەتێکی گەورەیان لەبەردەستە تا روئیای هونەری و ئەکادیمی خۆیان لە چارەسەرکردنی روکاری تەلارسازیدا نیشان بدەن بە یارمەتی مادەی تەکنەلۆژی نوێ و مادەی ئامادەکراو.

ئینستوتی موزەخانە ئامریکیەکان amm جەخت دەکاتەوە بەوەی ئەم شوێنانە هەڵگری میراتی مرۆڤایەتی و سروشتین پێویستە پارێزگاریان لێبکرێت تا پیشان بدرێن و سودیان لێ ببینرێت موزەخانە ناتوانێت ئەم پەیامە بگەیەنێت تا نە بێتە خاوەنی پێویستیە هونەریەکان وکەسانی شارەزا.

وەزیفەی موزەخانە : موزەخانە هەڵگری چەندین وەزیفەیە وەک

1- پاشەکەوتکردن وپاککردنەوەی دەستنوسە مێژوویی و زانستیەکان و چاککردنەوەی ئەوانەی خراپ بووە .

2- موزەخانە شوێنێکە ڕابردوو پێچەوانە دەکاتەوە واتە ئاوێنەیەکە لە ئێستادا ڕابردوی پێ دەبینرێت.

3- موزەخانە هەرچەندە دەزگایەکی کۆمەڵایەتی و فێرکاریە بە پلەی یەکەم بەڵام دەزگایەکی تەرفیهیشە.

4- موزەخانە گوڵدانێکی مەعریفی تایبەتە سەنەدێکی باوەڕپێکراوی کەلەپورە.

5- کەرەستە نمایشکراوەکانی موزەخانە فاکتەرێکە بۆ بەهێزکردن و ڕاکێشانی بینەر بۆ ئینتیمابوون بەنیشتمان و نەتەوە.

جۆرەکانی موزەخانە:
موزەخانە لەسەردەمی هاوچەرخدا وەک دەزگایەکی زانستی پۆلێنکراوە بە چەند جۆرێک

موزەخانەی هونەرەجوانەکان: هەڵدەستێت بە نمایشکردنی کارە هونەریەکانی تابلۆ، پەیکەر ،گڵکاری و ڕەگەزەکانی تر.

موزەخانەی مێژویی وکەلەپوری: هەڵدەستێت بە نمایشکردنی پاشماوەی شارستانیەتە جیاوازەکان لەو کەرەستانەی بەکاریان هێناوە تا ئێستا لەگەڵ چەندین هۆڵی خوێندن و بەشی چاککردن و نۆژەنکردنەوە.

موزەخانەی زانستی و تەکنەلۆژیاو پیشەسازی: هەڵدەستێت بە نمایشکردنی شێوازی داهێنانە زانستیەکان و چۆنیەتی کەشفکردنیان بەسود وەرگرتن لە زانستی ژینگەو پیشەسازی لەو رەگەزە سروشتیانەش دارو کانزای جۆراوجۆرهەن.

موزەخانەی فێرکاری:هەڵدەستێت بە پێشکەشکردنی نمونە لەو مادانەی خزمەتی زانست و رۆشنبیری دەکەن زۆرێک لەم موزەخانانە هۆڵی گەورەیان هەیە بۆ نمایشکردنی ئەنتیکەو بەشەکانی زانست وپاشماوەی شوێنەوارەکان بەناوبانگترین موزەخانە لەم روەوە موزەخانەی مەدام توسوی لەندەنە.

موزەخانەی وەچەو جنسی مرۆڤ:هەڵدەستێت نمایشکردنی هەموو ئەو توێژینەوەو بەرهەمانەی لەبواری تاقیگەو دەستنوس و کلتوری شەعبی دەربارەی بونی مرۆڤ و چۆنیەتی زیادبوونی هاتونەتە بەرهەم بە پێشکەشکردنی نمونەی ڕاستی لەگەڵ هۆڵی سینەماو شانۆو سکرین تا فیلمە دیکۆمەنتاریەکانی لێ نمایشبکات.

موزەخانەی نەتەوەیی: وەزیفەی ئەم موزەخانەیە تەنها پاراستنی کەلەپوری هونەری نیشتمانە ،ئەم موزەخانانە هەمیشە پێویستیان بە زیادکردنی بەش و نوێکردنەوەیە چونکە بەردەوام شوێنەوارناسان پارچەی نوێ دەدۆزنەوەو لێی دادەنێن ئەم جۆرە موزەخانانە پێویستە لە روی دیزاین و پێکهاتەیەوە رویەکی یادگاری و مەزنی پێوە دیاربێت.

موزەخانەی مۆدێرن:پێکدێت لە کۆکراوەی تێکڕای هونەرەکان .لەروی ئەندازەییەوە کاریگەری تەکنەلۆژیای لەسەرە، لە ناوەوە پێکهاتەکانی نیگار، پەیکەر ، چاپ فیلم راگەیاندنی ئەلەکترۆنی،ئەرشیف لەخۆ دەگرێت .
دەکرێت بڵێین موزەخانەی نوێ کۆکراوەی نیشتمانێکە لە بینایەکدا کاتێک بینایەکی نوێ دروستدەکرێت بۆ موزەخانەی هاوچەرخ ئەم پێداویستیانە دەبێتە بەردی بناغەی دروستبوونەکە ئەوەی دەمێنێتەوە تەنها روبەری بیناو دیزاینەکەیە .

دیزاینی موزەخانەو بینای رۆشنبیری گرنگترین بواری دیزاینە لەبەر چەند پێودانگێک لەوانە:

1- جەماوەر: ڕەگەزێکی گرنگە لە دەستنیشانکردنی دیزاینی گونجاو رێگەی پیشاندان و روبەری هۆڵ و درێژی و پانی ڕێڕەوەکان بۆ منداڵ تا پیر خاڵێکی سەرەکیە بۆ گونجاندن یان نەگونجانی شوێنەکە .

2- سروشتی رۆشتن: بابەتی فرۆشتن کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر موزەخانە بە پێی ئەو مادانەی نمایش دەکرێن،دیزاینکار دەبێت ئەو بۆشاییانەی ناوەوەی وا ئامادەبکات لەبەرزی و نزمی مادەکان و پەیوەندیان بەیەکەوە تاکاریگەری باش لای کڕیار دروستبکات .

رەگەزەکانی موزەخانە:

یەکەم : هاتنە ناوەوەو چونە دەرەوە گرنگترین ڕەگەزە پێویستە دیزاینکار ڕەچاوی بکات:

دیزاینی شوێنی تێپەڕبوونی چونە ناوەوەو دەرەوە بەلایەنی کەمەوە پێویستە یەکێکیان تەرخان بێت بۆ جەماوەر ئەوی تریش بۆ خزمەتگوزاریەکان .

پێویستە دەرگای رزگارکەر(قوتاربوون) هەبێت بۆ ڕوداوە نەخوازراوەکان و زۆر تۆکمەش بێت لەبەر دزین

گرنگی شوێن و روبەر دەبێت گونجاو بێت لەگەڵ روبەری پیشانگەو میوانان .

دووەم : تەوەری جوڵەو ڕۆشتن دوو تەوەری سەرەکی هەیە بۆ چۆنیەتی جوڵەی بینەر لەناوەوە

تەوەری سەرەکی:ئەو ڕێڕەوە ئاساییانە دەگرێتەوە کەهۆڵ بەهۆڵی تر دەگەیەنێت

تەوەری بەشی : ئەو ڕێڕەوە تایبەتی و پلیکانانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بە پەککەوتەو کەم ئەندامان .

سێیەم : هۆڵی پێشوازی:

ناوچەیەکە دەسەڵاتی بەسەر تێکڕای جوڵەکانی ناوەوە هەیە لە جوڵەی جەماوەر تا ژماردنیان.

فەراهەمکردنی هۆڵەکان بەڕوناکی و ئاڵوگۆڕی هەوا ژوری تایبەت بە کڕینی بلیت و ژوری پشکنین

چوارەم : هۆڵەکانی نمایشکردن:

1- نمایشکردن لە یەک بۆشایی گەورەدا: ئەمە روکارێکی هاوچەرخانەیە لە پێکهاتەی بۆشاییدا و دەتوانرێت بۆشاییە گەورەکەش بەهۆی دیواری سادەوە دابەشبکرێت ئەم دابەشکردنە دوو تایبەتمەندی هەیە وەک(سادەیی و ئاسان بەکارهێنان بۆ جۆری پێداویستی ، پارێزگاریکردن لە فۆرمە گشتیەکە ).

2- نمایشکردن لەبۆشایی ئۆرگانیدا: ئەمە شێوازێکی تەقلیدیە لە دابەشکردنی هۆڵی گەورە بەهۆی دیواری جێگیرەوە بۆ ژوور، دەکرێت ئەم ژورانە جیابن یان هەر بە بەشەکانی دیکەوە گرێدراوبن بەڵام لە سەرەتاو کۆتاییدا دەستنیشانی بۆشایی پیشانگەکە دەکەن تایبەتمەندی ئەمە ( کاریگەری هەیە لە دروستکردن و گۆڕینی ئەتمۆسفیرلە چوارچێوە گشتیەکەیدا لەگەڵ تەرکیز خستنە سەر هەندێک ڕەگەزی گرنگ بۆ جوڵە پێکردن).

3- نمایشکردن لە فەزای دەرەوە( فەزای ئازاد) پشت دەبەستێت بە بیناو دارو ئاوو هەندێک جاریش ئاسمان ئەمانە دەبنە باکگراوندی کەرەستەکان هەندێک جار لە مەیدان یان باخی گشتیدا نیشان دەدرێن ،پێویستە ئەو شوێنانە هەمیشە چاودێری تەواو بکرێن لە نوێکردنەوەو ئاسانکاریەکان
بۆشایی و ڕێرەوەکانی ناوەوە رەگەزێکی گرنگن چونکە بەستراون بە:

4- هاتوچۆ:ئامانجی دیزاینی نوێ ڕێکخستنی هاتوچۆی خەڵکیە بەشێوەیەک بتوانێت بەرهەمەکان بە ئاسانی و بێ تێکەڵاوبوون و بەریەککەوتن ببینن،دروستکردنی ڕێڕەوی پێچاو پێچ لەناو هۆڵدا کارێکی گونجاوە.

5- بۆشایی ناوەوە: بۆشایی تەلارسازیی لەڕاستیدا ناوەندێکە مرۆڤ وا لێدەکات چالاکی خۆی تێدا بنوێنێت گەر پێوانەکردنی روبەرو فۆرم و ڕوناکی گونجاو نەکرێت لەروی دەرونیەوە بۆ بینەر پڕکرنەوەی بۆشاییەکە هیچ سودێکی ئەوتۆی نابێت جگەلەوەی پڕکردنەوەش پێویستی بە کەرەستەی بیناسازی گونجاو هەیە تا فۆرمی جوڵان وقەبارەو روبەری بۆشاییەکە دابەش و تەرخان بکرێت بە پێی پێویستیەکان.

 113 جار بینراوە