سەرەکی » ئاراستە » حەمید دەروێش، پیاوێک لە گوڵی لاولاو، پەنجەرەیەک بەسەر شەپۆلەکانی خاپووردا

حەمید دەروێش، پیاوێک لە گوڵی لاولاو، پەنجەرەیەک بەسەر شەپۆلەکانی خاپووردا

شێرکۆ بێکەس

لە منداڵیمەوە، لە خەونی شیعرەوە، لە سەرەتای ئەو سروودانەی کە وایکردووە عەشقی کوردستانی کردۆتە مەشخەڵێک لە ناخماندا، ناوی قامیشلۆ هەمیشە لەناو ئاوێنەی زەینمدا دەگەڕێت، وەک قەسیدەکانی باوکم و ناوی ئازادی.

دەموت بڵێی رۆژێک بێت و ژیان دەرفەتم بدا گەردنی بەرزی لە ئامێز بگرم و ماچی بکەم و دواتر وەک نەوڕەسێک بەسەر خاپووردا بفڕم و باڵەفڕێ بەسەر سەریدا بکەم.

قامیشلۆ لە رەهەندەکانی خەوندا دوورە دەست بوو، پڕبوو لە حەسرەتی زمانی تێرکردنی خۆرئاوابوون…
گەورەبووین لەگەڵ ئازارەکاندا گەورەبووین…
دەستمانکرد بە رۆیشتن لەگەڵ نەخشەیەکی پارچە پارچەدا
بەڵام عەشق بووە قیبلەنمامان…
لەو کاتەی قیبلەنماکە رووەو رۆژئاوا بوو، قامیشلۆمان دەبینی.
دەمێک دەبێتە ئاسکی با و …
دەمێکیش دەبێتە دەربڕینی عەشقێکی ناوازە…
ساڵان رۆیشت، قامیشلو بووە ئاگردانێک… لە شارەوە بردمان بۆ چیاکان، لە چیاکانیشەوە کردمانە کۆڵەپشتی پێشمەرگە و کردمانە گژوگیای شیعر و مێلاقەی کەناری کانیاوەکان…
لە راپەڕینەکەشدا کردمانە ملوانکەیەک و کردمانە ملی شۆخێکی شار..

رۆژێک لە کۆڕێکدا کە بۆنی گوڵاوی ئەرخەوان و سەرکەوتن و تیشکی خۆری لێ دەهات، بە پیاوێکی باڵابەرزی گەنم رەنگیان ناساندم، وتیان ئەوە سروودێکی چاو بەکلە، کوڕی قامیشلۆیە، ناوی حەمید دەروێشە.

وتیان ئەم پیاوە پڕە لە رووناکی مانگ، تنۆکی باران، کاتێک دەستلەملان بووین، تنۆکە ئارەقی هەوڵ و تێکۆشانەکەیم بەسەردا پڕژا و منیش بۆنی گوڵی نوێترین قەسیدەی عاشقانەم بەسەردا پڕژاند.

لەو کۆڕەوە ئیتر بووین بە دوو باڵندەی دۆست، بووینە دووانەیەکی لێکچوو، ئیتر لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ لەیەکتریی جیانەبووینەتەوە.

 80 جار بینراوە