سەرەکی » مانشێت » سەرۆك كۆمار شایەنی ئەو هێرشانەیە، یان ستایش؟

هەڵمەتی راگەیاندنی چەواشە بۆ سەر سەرۆک مەعسوم بۆ؟

سەرۆك كۆمار شایەنی ئەو هێرشانەیە، یان ستایش؟

رێبوار حسێن مستەفا

ئەو هێرش و پەلامارە زۆرانەی لەم چەند رۆژەی رابردوودا بەبەرفراوانی دەكرێنە سەر سەرۆك كۆماری عیراق د.فوئاد مەعسوم لەلایەن بەشێك لە نووسەر و قەڵەم بەدەستەكانی رۆژنامەی هەولێر و هەندێ‌ میدیای سێبەری تری پارتی، ئەوەمان پێ دەڵێت كە نیازێكی گەورە هەیە بۆ لەباربردنی ئەو گفتوگۆو نزیكبوونەوانەی كە لەئێستادا لە نێوان هەرێم و بەغدادا هەیە و خەریكە گالیسكەی لێكتێگەیشتنەكە بەرەو ئامانجی چارەسەری بكەوێتەڕێ.
لای خەڵكی كوردستان ئەوە روونە كە كێ‌ هۆكاری هەموو ئەو مەینەتی و ناڕەحەتییەیە كە دووچاری هەر تاكێك و خێزانێك بۆتەوە لەدوای پەیڕەوكردنی ئەو سیاسەتە هەڵەو ناتەواوانەی كە بێ خوێندنەوە بۆ دۆخەكە پەیڕەو كران، چ پێویست بە خۆلادان و هێنانەوەی پاساو ناكات تا بیخەنە گوێچكەی خەڵكەوە كە خەڵكی ترو شوێنی تر هۆكاری ئەو رووداوگەلە ناخۆشانە بوون كەبەسەر میلەتەكەماندا هات.
سەیرە ئەو قەڵەم بەدەستانە لەڕوویان دێت باسی كوردایەتی و فرۆشتنی هەڵوێست بكەن، ئاخر خۆ بڕینی مووچەو بودجەی هەرێم لەسەردەستی د.فوئاد مەعسوم نەبووەو پەیوەندیی راستەوخۆی بە پێگەكەی ئەوەوە نەبووە، بەپێچەوانەوە برا گەورەكانی ئەوان لەوكاتەدا پۆستی وەزیری دارایی عیراقیان هەبووەو تا زەمەنێكی زۆر دوورتریش و تا متمانە لێسەندنەوەی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا هەر ئەو سەرقاسەو دراوی عیراق بووە، هەروەك جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش لای برادەرانی خۆیان بووە كە بەرپرسیارێتی راستەوخۆی بەمەسەلەی بەڕێوەبردنی وڵاتەوە هەبووە، ئێ‌ لەوە نزیكتر و بەرپرستر لە بڕینی مووچەی فەرمانبەران دەبێ‌ كێ‌ بێت كە تائێستاش ئەو سزایە درێژەی هەیە؟ تۆ بڵێی ئەوەیان بیرچوبێتەوە؟
جێی خۆیەتی بپرسین شكستی سیاسەتی ناواقیعانەی دوێنێی خۆتان بۆ دەخەنە ئەستۆی كەسانی وەك سەرۆك كۆماری عیراق و لایەنە سیاسییەكانی تر كە لێبڕاوانە هەوڵی چارەسەركردن و قەتماغەكردنی برینەكان دەدەن؟
سەرۆك كۆمار بەر لە روودانی هەموو ئەو كارەسات و نەهامەتیانە چەندینجارو بەچەندین شێواز، بەخوێندنەوەی وردی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی، هەوڵی ئەوەیدا كە لە هەمووانی بگەیەنێت چ كارەساتێك دەخوڵقێ‌ ئەگەر سووربن لەسەر ئەو هەڵەشەیی و هاشوهوشە بێ بنەمایانە كە وایان لەخەڵك گەیاندبوو دنیا بە ئاماژەی پەنجەیان دەگۆڕن و رای هەموو ناوەندە سیاسییەكانی دنیا بە بەرژەوەندیی كورد بەلادا دەخەن، لەكاتێكدا هەموو ئەو هەڵپانە دووربوون لەڕاستی و واقیعەوە تەنها بۆ دەستكەوت و بەدەستهێنانی سەرمایەو پۆست و پێگەو پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان بوو.
لەئێستاشدا خەڵكی ئاقڵمەند و تێگەیشتوو ئەوە دەزانێت وێڕای سەختی دۆخەكە و قووڵبوونەوەی ناتەباییەكان و بەسوێتربوونی برینەكان، د.فوئاد بەبێ‌ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە كە گوێیان لێنەگرت و هەموو هەوڵەكانیان پەراوێزخست، ئەو لەسەركاركردنی خۆی بەردەوام بوو بۆ چارەسەری گرژییەكان و رەواندنەوەی ئەو تەمەی لەسەر كۆی پەیوەندییەكان لەنێوان هەرێم و بەغدادا دروست ببوو، هەوڵی لێبڕاوانەی هەیە تا ئەم ساتەش بۆ ئەوەی بەبەرژەوەندیی هەموو خەڵكی عیراق بە گشتی و خەڵكی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی، كێشەكان چارەسەرببن و جارێكی تر دەروازەی ئومێدی ژیانەوەی خەڵكی بەڕووی دۆخەكەدا بكاتەوە.
ئەو قەڵەم بەدەستانەش كە دەیانەوێت هەموو ئامانجەكانیان بۆ سپی كردنەوەی رووی سیاسیان لەوەدا بچووك بكەنەوە كە هێرش بۆسەر د.فوئاد مەعسوم و پێگەكەی درێژە پێبدەن، خۆشیان ئەوە باش دەزانن كە ئەوە چارەسەری برینە گەورەكەی سەرلاشەیان ناكات و نایانخاتەوە ناو دڵی دەنگدەرەكانیان كە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەنیازن كاندیدەكانیان بە دەنگی ئەوان بنێرنەوە ئەو بەغدایەی لەدوورەوە جنێوی پێدەدەن و لەژێرەوەش ترپەكانی دڵیان دەبیستین بۆی.

print

 25 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*