سەرەکی » دۆسێ » بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە ئاڵۆزیی زیاتر روو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

بەپێی راپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكی كەشوهەوا دەبێتە مایەی تەشەنەسەندنی ناكۆكیی نێوان وڵاتان

بەهۆی گۆڕانكاریی كەشوهەواوە ئاڵۆزیی زیاتر روو لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

محەمەد تاهیر

بە پێی راپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكی، لە چەند ساڵی داهاتوودا، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەبێتە مایەی تەشەنەسەندنی توندوتیژی و ناكۆكیی نێوان وڵاتان.

ئەو راپۆرتە 27 لاپەڕەیە و بۆچوون و لێكدانەوەی 18 ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكی لەخۆگرتووە لە بارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. پوختەیەكە لە بارەی شكستهێنانی هەوڵەكانی جیهان بۆ هاوكاری و هەماهەنگی و تەشەنەسەندنی ململانێ و ركابەرییە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان.

بەپێی راپۆرتەکە، گۆڕانكاریی كەشوهەوا كاریگەریی گەورە و راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی هەندێك ناوچەی دیاریكراو دەبێت. لەم ناوچەیەدا، كاریگەریی زەقی دەبێت لەسەر عیراق و ئەفغانستان و پاكستان و هندستان و بۆرما.

راپۆرتەكە هۆشداریی داوە لەوەی هەندێك لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، بە بێ گوێدانە وڵاتانی تر و بەبێ رەچاوكردنی هەندێك مەرجی پەیوەست بەسەلامەتی ژینگە، لە بواری ئەندازەی جیولۆجیدا تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەكاردەهێنرێت.

تەشەنەسەندنی توندوتیژی و ناكۆكیی نێوان وڵاتان
بەپێی راپۆرتێكی هەواڵگریی ئەمریكی، لە چەند ساڵی داهاتوودا گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا دەبێتە مایەی تەشەنەسەندنی توندوتیژی و ناكۆكیی نێوان وڵاتان.

ئەو راپۆرتەی هەواڵگریی ئەمریكا، یەكەمین راپۆرتی لەو جۆرەیە كە باسی مەترسییەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا و كاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە دەكات تاكو ساڵی 2040.

بەپێی ئەو راپۆرتە، ناكۆكیی نێوان وڵاتان زیاتر دەبێت بە هۆی ئەو مشتومڕەی دێتەكایەوە لە بارەی كاریگەریی گۆڕانكاریی كەشوهەوا، بە تایبەتی لە نێوان وڵاتە هەژارەكاندا كە بەهۆی سنوورداریی تواناكانییەوە، ناتوانن بەسەر هەڕەشەكاندا زاڵ بن و خۆیان لەگەڵ پێشهاتەكان بگونجێنن.

ئەندازەی جیولۆجی و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو
راپۆرتەكە هۆشداریی داوە لەوەی هەندێك لە وڵاتانی پێشكەوتوودا، بەبێ گوێدانە وڵاتانی تر و بە بێ رەچاوكردنی هەندێك مەرجی پەیوەست بە سەلامەتی ژینگە، لە بواری ئەندازەی جیولۆجیدا تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەكاردەهێنرێت.

ئەو راپۆرتە 27 لاپەڕەیە و بۆچوون و لێكدانەوەی 18 ئاژانسی هەواڵگری ئەمریكی لەخۆگرتووە لە بارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا. پوختەیەكە لە بارەی شكستهێنانی هەوڵەكانی جیهان بۆ هاوكاری و هەماهەنگی و تەشەنەسەندنی ململانێ و ركابەرییە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهان.

بڵاوبوونەوەی ئەم راپۆرتە لە كاتێكدایە كە ئامادەكارییەكان بۆ لوتكەی وڵاتانی جیهان لە بارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا بەردەوامە كە بڕیارە لە 31ی ئۆكتۆبەر بۆ 12ی نۆڤەمبەر لە شاری گلاسكۆی سكۆتلاند بەڕێوەبچێت.

لێكەوتە نێگەتیڤەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا
بەپێی راپۆرتە ئەمریكییەكە، وردە وردە لەگەڵ دەركەوتنی لێكەوتە نێگەتیڤەكانی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا، هەندێك وڵاتی دیاریكراو هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ بەرگری لە بەرژەوەندییە ئابوورییەكانیان، لەو پێناوەشدا تەكنەلۆژیایەكی ئەوتۆ بەردەست دەخەن تا بتوانێت بەسەر ئەو گرفتە و لێكەوتەكانیدا زاڵ بێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەندێك لە وڵاتان، بە تایبەتی ئەوانەی پشت بە وزەی لە زەوی دەرهێنراو دەبەستن، وەك پێویست پابەندی رێوشوێنەكانی كەمكردنەوەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا نابن.

ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە ناوچە جیاجیاكانی جیهاندا، نزیكەی 20 دەوڵەت زیاتر 50 لە سەدی داهات و بژێویان لەسەر وزەی لە زەوی دەرهێنراوە و رەنگە بە هۆی چالاكییەكانی دەرهێنانی وزەوە، گۆڕانكاریی كەشوهەوایان زیاتر لەسەر دەربكەوێت.

ئاڵۆزیی زیاتر لە هەندێك وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
بە پێی راپۆرتە ئەمریكییەكە، ئەگەر بۆ بەرگرتن لە گۆڕانكاریی كەشوهەوا هەندێك رێوشوێنی نوێ بۆ دەرهێنانی وزە پەیڕەو بكرێت، گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر روو لە هەندێك وڵاتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵدەدات.

پێشبینیشی كردووە، لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، وردە وردە كاریگەرییەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا بە شێوەیەكی بەرجەستە و روونتر لە ئێستا لە سەرتاسەری جیهان دەست بە دەركەوتن دەكات.

كاریگەریی زەقی دەبێت لەسەر عیراق و ئەفغانستان
بە پێی راپۆرتی ئەو 18 ئاژانسە هەواڵگرییەی ئەمریكا، گۆڕانكاریی كەشوهەوا كاریگەریی گەورە و راستەوخۆی لەسەر وڵاتانی هەندێك ناوچەی دیاریكراو دەبێت. لەم ناوچەیەدا، كاریگەریی زەقی دەبێت لەسەر عیراق و ئەفغانستان و پاكستان و هندستان و بۆرما.

هەروەها كاریگەریی گەورەشی دەبێت لەسەر وڵاتانی وەك كۆریای باكوور و كۆڵۆمبیا و هایتی و هندوراس و نیكاراگوا و هەندێك وڵاتی دەوروبەری زەریای هێمن.

بە پێی راپۆرتەكە، یەكێك لە لێكەوتە مەترسیدارەكانی گۆڕانكاریی كەشوهەوا بریتی دەبێت لە كۆچ و رەوی بە كۆمەڵی خەڵك لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر، ئەو شەپۆلی كۆچ و ئاوارەییەش فشارێكی زۆرتر لەسەر وڵاتان بە تایبەتی ئەمریكا دروست دەكات.

هەروەك لە ناوخۆی وڵاتەكان، یان وڵاتانی دراوسێ یان نزیك فشار و گوشاری زیاتر و زەقتر و هەندێك جار مەترسیدار دروست دەكات.

ئەو وڵاتانەی سەرچاوەكانی ئاویان هاوبەشە
بە پێی راپۆرتە ئەمریكییەكە، ئەو ناوچە و وڵاتانەی سەرچاوەكانی ئاویان هاوبەشن، واتە چەند وڵاتێك لەسەر یەك سەرچاوەی ئاو یان رووبار دەژین، تووشی كێشە دەبن، ئەمەش لە كاتێكدایە نزیكەی لە سەدا 60ی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا سەرچاوەی ئاویان هاوبەشە یان رووبارەكان بە چەند وڵاتێكدا تێدەپەڕن.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو گۆڕانكارییە گەورە و فراوانەی لە ساڵانی داهاتوودا لە كەشوهەوای جیهاندا روودەدات، هەوڵی هەندێك وڵات و كۆمپانیای زەبەلاح چڕ دەكاتەوە كە لەو بوارانە و بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییان، داهێنان و تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو بەدەستبهێنن، كە رەنگە كاریگەریی گەورەتر و مەترسیدار تریشی هەبێت لەسەر ژینگە و خێراتر و فراوانتربوونی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا.

ئەو راپۆرتە هاوبەشەی دەزگا و ئاژانسە هەواڵگرییەكانی ئاماژەی بەوەكردووە، تەنها دەروازەیەك بۆ دەربازبوونی مرۆڤایەتی لەو ئاستەنگە ئەوەیە كە هاوكاری و هاریكاریی جیهانی و هەرێمایەتی زیاتر و فراوانتر بكرێت.

……………………

واشنتۆن پۆست: گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا هەڕەشەی گەورە لەسەر عیراق دەهێنێتە كایەوە

بە پێی راپۆرتی رۆژنامەیەكی ئەمریكی، گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا مەترسی و هەڕەشەی گەورە لەسەر سەقامگیری و ئارامی لە عیراقدا دەهێنێتە كایەوە.

راپۆرتێکی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی زەنگی مەترسی لێدەدات لە بارەی کاریگەریی گۆڕانکاریی کەشوهەوا لەسەر عیراق و هەندێک وڵاتی تر و بوونی بە زەوییەکی چۆڵ.

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، خەڵکی باشووری عيراق بێ هیوان لە وشکەساڵی و پلەی گەرميی بەرز، کە زیانیان بە زەوی کشتوکاڵی و ئاوارەکانی ناوچەکە گەیشتووە، کە پێشتر یەکەم شارستانێتی مرۆڤایەتی لەسەر زەویی ئەو ناوچەیە بووە.

لەم دواییانەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان مەزەندەی کرد کە زیاتر لە 160 کیلۆمەتر چوارگۆشە زەويی کشتوکاڵی لە عيراق بگۆڕدرێت بۆ بیابانی چۆڵ و بێ سوود.

لە بەرامبەردا، کەمی رێژەی بارانبارین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی جوتیاران پشت بە ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات ببەستن، کە لە بنەڕەتدا ئاسی هەردوو رووبارەکەش کەمبۆتەوە لە ئەنجامی دروستکردنی چەندین بەنداو لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە.

بە پێی ڕاپۆرتەکە، ئەمە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خوێ لە دەلتای کەنداو لە باشووری عيراق بەرەو شەت ئەلعەرەب، بۆ خوارەوەی ڕووباری دیجلە و فورات بە مەودایەکی خەمڵێنراوی 100 کیلۆمەتری بە ئاراستەی بەسرە.

رووبارەکانی دیجلە و فورات لە ناوچەی کەرامە عەلی لە باکوری بەسرە کۆدەبنەوە، بۆ پێکهێنانی شەت ئەلعەرەب، کە پێکەوە دەڕژێنە ئاوی کەنداوەوە.

بە پێی راپۆرتەکە، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە عيراق نیشانەی ئەوەیە کە لە داهاتوودا جیهان چی بەسەر دێت. گەرمای ئەم هاوینە لە عیراق 51 پلەی سەدی تێپەڕاند، بەم شێوەیە دەبێتە خێراترین وڵات کە پلەی گەرمی لە هەموو جیهاندا بەرزترە.

بەپێی دامەزراوەی زەویی بێرکلی بۆ زانستی کەشوهەوا، تێکڕای پلەی گەرمای عيراق لە کۆتایی سەدەی نۆزدەوە 4.1 پلەی فەهرینهایت زیادی کردووە، کە دوو هێندەی بەرزبوونەوەی هەمان ماوەی هەموو جیهانە.

 

 109 جار بینراوە