سەرەکی » ئابووری » وشكەساڵیی، بەرهەمهێنانی هەنگوین كەم دەكات

«هەنگوینی كوردستان یەكێكە لە باشترین هەنگوینەكانی دنیا»

وشكەساڵیی، بەرهەمهێنانی هەنگوین كەم دەكات

یەکەی ئابووری

سیروان ئەبوبەكر كە كاری هەنگەوانی دەكات و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان، رایگەیاندووە: بڕی بەرهەمهێنانی هەنگوین لە هەرێمی كوردستان بەشی پێداویستیی ناوخۆ دەكات، بەڵام بەشێكی زۆری دەنێردرێت بۆ باشوور و ناوەڕاستی عیراق‌ و بەشێكیشی دەنێرێتە دەرەوە.

ئەو هەنگەوانە ئاماژەی بەوەشداوە: ئەو هەنگوینەی کە لە دەرەوە دەهێنرێتە كوردستان ‌و بە ناوی هەنگوینی خۆماڵییەوە لەبازاڕەكاندا ساغ دەكرێتەوە، كوالێتییان نزم ‌و خراپە.

كیلۆی بە 10 هەزار دینار!
وتیشی: «وەك هەنگەوانان خوازیارین هەنگوینی كوردستان هەناردەی وڵاتان بكەین، بەڵام تا ئێستا تاقیگەیەك نییە كە كوالێتی هەنگوینەكە دیاری بكات، هاوكات هیچ پڕۆژەیەكی بەستەبەندیی نییە، تا هەناردەكردنی هەنگوین ببێت بە ستاندارد، نەك ئەوەی هەر هەنگەوانە و بە جۆرێك هەنگوینەكەی بخاتەڕوو و لۆگۆی بۆ بكات، بۆیە پێویستمان بە كارگەیەكی بەستەبەندیی هەیە تا هەنگوینی كوردستان بكەین بە براند».

بەوتەی ئەو هەنگەوانە، نرخی هەنگوینی كوردستان بەرزە، بۆیە بە كەڵكی ئەوە نایەت هەناردەی دەرەوە بكرێت، لەناوخۆش تەنیا چینێكی دیاریكراوی كۆمەڵگە توانای داراییان هەیە بۆ ئەوەی ئەم هەنگوینە بكڕن.

روونیشیدەكاتەوە: كێشەی سەرەكی ئەوان هەنگوینی هاوردەیە كە بۆتە هۆی سەرلێشێواندنی هاووڵاتیان لەوەی بتوانن بە ئاسانی هەنگوینی باش لە هەنگوینی خراپ جیا بكەنەوە. وتیشی: «ئەو هەنگوینەی لە دەرەوە دەهێنرێت، كیلۆی بە 10 هەزار دینار دەفرۆشرێت، ئەمەش وادەكات خواست لەسەر هەنگوینی خۆماڵی كەم بێتەوە، خەڵك دەڵێت هەنگوین هەر هەنگوینە هەرزانەكە بكڕم باشترە، قەیرانی داراییش كاریگەریی لەسەر بازاڕی هەنگوین كردووە، چونكە هەنگوین خواردن، پێداویستییەكی سەرەكیی ژیانی هاووڵاتیان نییە».

ئاشكراشیكردووە: ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەمساڵ وشكەساڵی‌ و بێ بارانی وایكردووە بەرهەمی هەنگوین لە ئاستی پێویستدا نەبێت ‌و كەم ‌و خراپ بێت.

بڕی بەرهەمهێنانی ساڵانە
لای خۆیەوە، ئیبراهیم مەجید مامۆستا لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات: ئەمساڵ وشكەساڵی ‌و بێ بارانی ‌و گڕەی هاوین، كاریگەریی زۆری كردۆتە سەر بەرهەمی هەنگوین، چونكە وشكەساڵی دەبێتە هۆی ئەوەی گوڵەكان كەم ببنەوە و كەمتر بپشكوێن ‌و شیلەیان كەم بێت، گڕە و بەرزیی پلەی گەرماش كاریگەریی هەیە لەسەر وشكبوونی گوڵەكان ‌و كەمبوونەوەی سەوزایی.

ئاماژەی بەوەشدا: داتایەك لەبەردەستدا نییە سەبارەت بەبڕی بەرهەمهێنانی ساڵانەی هەنگوین لە كوردستان، چونكە لە ساڵی 2014ەوە تا ئێستا، هیچ راپرسی ‌و توێژینەوەیەك لەسەر بەرهەمهێنانی هەنگوین نەكراوە و نازانرێت چەند كورەی هەنگمان هەیە، لەبەرئەوە ناتوانین بە ئاسانی بڕی بەرهەمهێنانی هەنگوینی ئەمساڵمان بەراورد بكەین بە ساڵانی رابردوو.

وتیشی: « بەرهەمهێنانی هەنگوینی ئەمساڵ لەناو یەك كورەدا ناگاتە شەش كیلۆ، لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو سەرووی 10 كیلۆ بوو».

ئاشكراشیكرد: گرانترین ‌و باشترینی هەنگوین لەناوخۆ بریتییە لە هەنگوینی «شامە ترینكە» كە نرخەكەی دەگاتە نزیكەی 200 دۆلار بۆ هەر كیلۆیەك. بەڵام بەشێوەیەكی گشتیی هەنگوینی كوردستان یەكێكە لە باشترین هەنگوینەكانی دنیا.

* سەرچاوە: ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی

 125 جار بینراوە