سەرەکی » وەرزش » ئیكاردی و واندا نارا ئاشتبوونه‌وه‌

ئیكاردی و واندا نارا ئاشتبوونه‌وه‌

دوای زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ ناكۆكی نێوانیان كه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ئه‌ستێره‌كه‌ی‌ پاریس سان جێرمان دروستكرد، دواجار ماورۆ ئیكاردی و واندا نارای هاوسه‌ری ئاشتبوونه‌وه‌ و كۆتاییان به‌ كێشه‌ی نێوانیان هێنا.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوو كێشه‌ی نێوان ئیكاردی و نارا هه‌رایه‌كی زۆری له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان دروستكرد، ئه‌مه‌ش به‌هۆی رابردوویان كه‌ بۆ ماوه‌ی‌ نزیكه‌ی‌ 10 رۆژ ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ ببوونه‌ باس و خواسی به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال میدیا.

چیرۆكه‌كه‌ له‌وه‌وه‌ ده‌ستیپێكرد كه‌ واندا نارا له‌ رێگه‌ی‌ پێگه‌ی‌ ئینستاگرام په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ تیایدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئیكاردی هاوسه‌ری ناپاكی له‌گه‌ڵ كردوه‌، سه‌ره‌تا وابڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ئیكاردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ری یه‌كێك له‌ هاوڕێكانی له‌ پاریس سان جێرمان هه‌بووه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ كێشه‌كه‌ له‌گه‌ڵ كچێكه‌ ئه‌كته‌رێكی ناسراوی ئه‌رژه‌نتینه‌.

ئه‌و بابه‌ته‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ماورۆ ئیكاردی دروستكرد كه‌ هه‌رزوو یانه‌كه‌ی‌ بڵاویكرده‌وه‌ ئیكاردی به‌هۆی كێشه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ به‌شداری راهێنان ناكات و له‌ هه‌ردوو یاریی یانه‌كه‌شی به‌رامبه‌ر به‌ لایپزیگ و مه‌رسیلیا به‌هۆی هه‌مان هۆكار به‌شدار نه‌بوو.

له‌و ماوه‌یه‌ش ئیكاردی هه‌وڵی زۆری دا هاوسه‌ره‌كه‌ی‌ ئاشت بكاته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین په‌یامی له‌ رێگه‌ی‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ نارد بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆشه‌وستی خۆی بۆ دوپات بكاته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو تا دواین هه‌وڵی.

دواجاریش واندا نارا له‌ رێگه‌ی‌ په‌یامێك له‌ ئینستاگرام ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئیكاردی راگه‌یاندو نووسیویه‌تی: به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ رووی دا ئازاری زۆرم چه‌شت و هه‌موو رۆژێك داوای جیابوونه‌وه‌م له‌ ماورۆ ده‌كرد، هه‌ردووكمان گه‌شتینه‌ ئه‌و راستیه‌ی ناكرێت دۆخه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و جیابوونه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌، بۆیه‌ له‌ماوه‌ی‌ دوو رۆژ چووین بۆ لای پارێزه‌ر و له‌سه‌ر هه‌موو مه‌رجه‌كان رێككه‌وتین و ئیمزامان له‌سه‌ر رێككه‌وتنی جیابوونه‌وه‌ كرد، به‌ڵام رۆژی دواتر ماورۆ نامه‌یه‌كی بۆ ناردم كه‌ پێشتر هیچ كه‌سێك بۆی نه‌ ناردم و نووسیبووی هه‌موو شتێكم پێ به‌خشی و هه‌موو شتێكت هه‌یه‌، به‌هیوام دڵخۆش بین چونكه‌ ئه‌وه‌ دڵخۆشم ده‌كات.

واندا نارا نووسیویشیه‌تی: دوای ئه‌و نامه‌یه‌ بۆم ده‌ركه‌وت ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێكم هه‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌بم وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هیچ شتێكم نه‌بێت، بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی رۆحمان له‌ گریان بێزاربوو جارێكی تر یه‌كتریمان هه‌ڵبژارده‌وه‌.

هۆكاری ئه‌و گرنگیدانه‌ی راگه‌یاندنه‌كانیش به‌ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو هاوسه‌ره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ واندا نارا پێشتر هاوسه‌ری ماكی لۆپێزی هاوڕێی نزیكی ئیكاردی بووه‌ كه‌ دوای چوونی بۆ ئیتاڵیا ئیكاردی ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ ماڵی ئه‌و هاوڕێیه‌ی ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌كی كورت له‌ جیابوونه‌وه‌ی‌ لۆپێز و واندا نارا ئیكاردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ واندا به‌ست و چه‌ندین ساڵیشه‌ ماكسی لۆپێز ئیكاردی به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ ناپاكی له‌گه‌ڵ كردوه‌و ئه‌و هۆكاری جیابوونه‌وه‌یه‌تی له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی‌.

 102 جار بینراوە