سەرەکی » ئابووری » دۆخی بازاڕ و چالاكییە بازرگانیەكانی هەرێم خراپە

دۆخی بازاڕ و چالاكییە بازرگانیەكانی هەرێم خراپە

ئازاد شمقار ئەندامی ئەنجومەنی كارگێڕی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی‌ ئاشكرایدەكات:»هەرچەندە ئێستا رەوشی بازاڕ لەوپەڕی خراپیدایە، بەشێوەیەك لەبازرگانێكی گەورەوە تا دوكاندارێك رەوشی مادییان رۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت، بەڵام حكومەتی هەرێمیش خەمساردە».

پاشەكەوتكردن‌و دواكەوتنی مووچە
ئازاد شمقار بە ئازاد سایتی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی‌ راگەیاندوە: ئێستا رەوشی بازاڕ لەهەرێم لەوپەڕی خراپیدایە، هۆكارەكەشی بۆ پاشەكەوتكردن‌و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران‌و راگرتنی پڕۆژەكان دەگەڕێتەوە كە سێكتەرەكانی بازرگانی تاڕادەیەك ئیفلیج كردوە.
لەبارەی ئەو كێشانەی كە حكومەتی عیراق بۆ بازرگانانی هەرێم لەهەناردەكردنی كاڵاكانیان بۆ باشورو ناوەڕاستی عیراق دروستكردوە، ئەندامی ئەو ئەنجومەنە وتی:»ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هەوڵێكی زۆری داوەو لە ئەنجامی گفتوگۆكانیشدا نووسراوێك لەگومركی عیراقەوە هاتووە بۆ سلێمانی‌و داوا دەكات ئەو كەسانەی پڕۆژەكانیان تۆمار كراوە لەبەشی گەشەپێدان لە بەغدا سەردانیان بكەن، بۆئەوەی كۆدیان پێ بدرێت‌و بەئاسانی كاڵاو شمەكەكانیان هەناردەی ئەو ناوچانەی بكەن».

مریشك لەبازاڕەكانی ناوخۆدا
لەبارەی هەناردەی بەروبوومە پەلەوەریەكانیشەوە بۆ عیراق، ئازاد شمقار رایگەیاند: پێدەچێت ئێستا قەدەغەی سەر هەناردەكردنی مریشكی زیندووی كوردستان بۆ ناوەڕاستی عیراق لابرابێت مریشك هەناردە بكرێت، ئەگەر ئەو بڕیارەش نەدرابێت ئەوە ئاساییە، چونكە دەتوانرێت مریشك لەبازاڕەكانی ناوخۆدا ساغ بكرێتەوە، بەو مەرجەی مریشكی بەستوو بەشێوەیەكی رێكخراو هاوردە بكرێت، بەڵام حەمساردی هەیە لەهاوردەكردنی مریشكێكی بەستوو و كە بڕێكی زۆر دەهێنرێت.

هاوردەی بەشێك لە بازرگانان
لەبارەی زیانی راگرتنی گەشتی نێودەوڵەتی فڕۆكەخانەكانی هەرێم لەسەر بازرگانان، ئەو بەرپرسەی ژووری بازرگانی‌و پیشەسازیی سلێمانی وتی:»درێژكردنەوەی بڕیاری راگرتنی ئەو گەشتانە لەلایەن بەغداوە، بۆتە هۆی ئیفلیجكردنی كاری هاوردەی بەشێك لە بازرگانان كە كاڵاو شمەكانیان لەڕێگەی بەشی كارگۆی فڕۆكەخانەكانەوە هاوردە دەكەن، حكومەتی هەرێم هەموو كارئاسانییەكی كردوە، بەڵام لیژنەكانی حكومەتی عیراق بەجدی كارەكانیان ناكەن، بۆیە كێشەكان وەك خۆی وایەو تائێستا چارەسەر نەكراوە.

 1,157 جار بینراوە