سەرەکی » وتار » گۆران فه‌تحی » قه‌رداحی و قه‌یرانی دیپلۆماسی لوبنان- كه‌نداو

قه‌رداحی و قه‌یرانی دیپلۆماسی لوبنان- كه‌نداو

په‌یوه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی‌ لوبنان له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداودا، له‌به‌رده‌م لێكترازانێكی گه‌وره‌دایه‌، به‌هۆی‌ لێدوانێكی كۆنی (جۆرج قه‌رداخی) رۆژنامه‌نووسی عه‌ره‌ب و وه‌زیری راگه‌یاندنی ئێستای لوبنان، سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی‌ یه‌مه‌ن، وادیاره‌ كێشه‌كه‌ش به‌ ناڕه‌زایی‌ ئاسایی ناوه‌ستێت و به‌ره‌و قه‌یرانێكی دیپلۆماسی قورس ده‌چێت.

لێدوانه‌كانی قه‌رداحی كه‌ ئه‌م هه‌رایه‌ی‌ ناوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رنامه‌ی «په‌رله‌مانی گه‌ڵ» بووه‌ كه‌ له‌سه‌ر كه‌ناڵی جه‌زیره‌ له‌تۆڕی‌ ئه‌نته‌رنێت له‌ مانگی ئابی رابردوودا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، واتا پێش بوونی ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ وه‌زیر له‌ حكومه‌تی‌ لوبناندا، كه‌ تێیدا قه‌رداحی سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی‌ یه‌مه‌ن وتوویه‌تی «حوسییه‌كان به‌رگری له‌خۆیان ده‌كه‌ن له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژی ده‌ره‌كی بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌یان له‌لایه‌ن سعودیه‌ و ئیماراته‌وه‌«، هه‌روه‌ها جه‌نگی‌ یه‌مه‌نی به‌ جه‌نگێگی عه‌به‌سی ناوبردووه‌ كه‌ پێویست ده‌كات رابگیرێت.

هه‌ر دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ قه‌رداحی له‌سه‌ر تۆڕی ئه‌نته‌رنێت، قه‌یرانێكی دیپلۆماسی گه‌وره‌ له‌نێوان سعودیه‌ و ئیمارات و هه‌ندێ وڵاتی تری‌ كه‌نداو له‌گه‌ڵ لوبنان دروستبوو، ئه‌و وڵاتانه‌ داوایان كرد، ئه‌و وه‌زیره‌ی‌ لوبنان به‌ره‌سمی داوای لێبوردن له‌ وڵاته‌كانیان بكات له‌سه‌ر قسه‌كانی، به‌شێك له‌و وڵاتانه‌ وه‌كو (سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حرێن و كوێت) باڵیۆزانی لوبنانیان له‌ وڵاته‌كانیان بانگهێشت كردوو ناڕه‌زاییان پێشكه‌ش كردن، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ش به‌ڵكو ریاز باڵیۆزی لوبنانی له‌ سعودیه‌ ده‌ركرد و یارمه‌تییه‌ داراییه‌كانیشی بۆ ئه‌و وڵاته‌ راگرت.

ریاز له‌و رووه‌وه‌ جه‌ختی كرده‌وه‌، لێدوانه‌كانی قه‌رداحی پێچه‌وانه‌ی‌ نه‌ریته‌ دیپلۆماسییه‌كانه ‌و له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌كانی نێوان سعودیه ‌و لوبنان نایه‌ته‌وه‌.

میشال عۆن ی سه‌رۆكی‌ لوبنان سه‌باره‌ت به‌ قه‌یرانه‌كه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رۆژی‌ شه‌ممه‌ی‌ رابردوو رایگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی‌ په‌رۆشی دروستكردنی باشترین په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌دا و هه‌وڵده‌دات ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ پته‌وتر بكات له ‌رێگه‌ی‌ رێكه‌وتننامه‌ی‌ دوو قۆڵی نێوان هه‌ردوو وڵات.

شانه‌ی‌ قه‌یران كه‌ به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردن و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ دیپلۆماسییه‌ له‌ناو حكومه‌تی‌ لوبناندا پێكهێنراوه‌، ئاشكرایكرد، حكومه‌ت ناتوانێت به‌هۆی‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و هه‌ندێ وڵاتی كه‌نداو ده‌ستله‌كاربكێشێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ لوبنان له‌بارودۆخێكی قورسدا ده‌ژی.
جێی ئاماژه‌یه‌ جۆرج قه‌رداحی سه‌ر به‌كوتله‌یه‌كی‌ سیاسییه‌ كه‌ هاوپه‌یمانه‌ له‌گه‌ڵ حزبوڵڵای لوبنان، بۆیه‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ وه‌كو دوژمنكارییه‌ك سه‌یرده‌كرێت له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداوه‌وه‌، ئه‌مه‌ چ جای ئه‌وه‌ی‌ لێدوانه‌كه‌

پێچه‌وانه‌ی‌ هه‌ڵوێستی حكومه‌تی لوبنانه‌ به‌رامبه‌ر سعودیه‌و وڵاتانی كه‌نداو، كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ تاڕاده‌یه‌ك باشه‌.

كێشه‌ دیپلۆماسییه‌كه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ له‌كاتێكدا دێت لوبنان به‌ده‌ست چه‌ندین قه‌یرانی سیاسیی و ئابووریی ناوخۆییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له ‌بنه‌ڕه‌تیشدا له‌سه‌ر یارمه‌تییه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو چه‌ند وڵاتێكی ئه‌وروپی ده‌ژی، له‌چه‌ند ساڵی دواییشدا به‌هۆی‌ هه‌ژموونی حزبوڵڵا له‌و وڵاته‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی‌ كه‌نداو به‌تایبه‌ت سعودیه‌، یارمه‌تییه‌ داراییه‌كانیان له‌ لوبنان بڕی و ئه‌وه‌ش بارودۆخی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ی‌ زیاتر به‌ره‌و داته‌پین برد، هەنوکەش به‌یروت به‌رگه‌ی‌ قه‌یرانی زیاتر ناگرێت و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ به‌زوویی نه‌كرێت، بێگومان كاریگه‌ریی‌ گه‌وره‌ هه‌م له‌سه‌ر حكومه‌ت و هه‌م له‌سه‌ر كۆی‌ گۆڕه‌پانی سیاسی ئه‌و وڵاته‌ به‌جێ ده‌هێڵێت.

 226 جار بینراوە