سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » هەوڵی تیرۆركردنی كازمی بۆ؟

هەوڵی تیرۆركردنی كازمی بۆ؟

بورهان شێخ رەئوف

ئەم وڵاتی عیراقەی ئەمڕۆ لە دێر زەمانەوە گۆمی خوێن و گۆڕەپانی جەنگ و ململانێی تاقم و گروپە جیاوازەكانە، لە هۆلاكۆەوە تا تەیمورلەنگ، لە ئیسماعیلی سەفەوییەوە تا عوسمانییەكان، لە داگیركەری بەریتانیای مەزنەوە تا داگیركردنی عیراق لەلایەن ئەمریكا ساڵی2003.
ناچمەوە دیرۆكی كۆنی عیراق هەر لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە لە ساڵی 1920 لە سێ‌ مەلیك دوانیان كوژران جگە لە وەسی (عەبدولیلا) و هەموو بنەماڵەی پاشایەتی عیراق، لە سەردەمی كۆماریش سەرۆك كۆمار عەبدولكەریم قاسم و عەبدولسەلام عارف و سەدام حوسێنیش بە كوشتن چوون .
لەبەرئەوە هەوڵی تیرۆركردنی مستەفا كازمیش سەرۆك وەزیرانی ئێستای عیراق كارێكی نامۆ نییە بەمێژوو و جوگرافیای ئەم وڵاتە، بەڵام لە دوای پرۆسەی ئازادیی عیراقەوە 2003 یەكەمجارە سەرۆك وەزیران بەرەو رووی هەڕەشەی لەو جۆرە و هەوڵی تیرۆركردن ببێتەوە.
هۆكاری هەوڵەكە
هەرچەندە هیچ تاقم و گروپێکی میلیشاكان زاتی ئەوەیان نەكردووە بەرپرسیارێتی هەوڵە شكستخواردووەکەی تیرۆرکردنی كازمی بگرنە ئەستۆ، ئەگەرچی پێش چەند ساتێك هەڕەشەی توندیان لە كازمی دەكرد بەهۆی كوژرانی چەند ئەندامێكیان كە بەشداریی خۆپیشاندان و ناڕەزایەیەكانیان کردبوو دژبە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە كە پارێزگارییان لە ئاسایشی ناوچەی سەوز-ی بەغدا دەكرد.
ئامانجی هەوڵەكە
ناردنی مەسجگەلێك بۆ :-
-1پێداگری میلیشیا ولائییەكان كە بەهیچ جۆرێك قایل نابن موقتەدا سەدر كەسایەتییەكی سەربەخۆ بكاتە سەرۆك وەزیرانی عیراق، بە تایبەتی كە ناوی كازمی لە ئاردایە بەزۆری بۆ ئەوەی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران ، كە لە یەك ساڵی رابردوودا زۆر هەنگاوی ناوە بە ئاراستەی سەربەخۆیی لە سیاسەتی ناوخۆو دەرەكیشدا .
-2ناردنی پەیامێك بۆ هەموو هاوبەشە شیعەكان لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا و بەدیاریكراوی بۆ سەدر و وڵاتانی عەرەبی و ئەمریكاش ،هەر گۆڕانكارییەك لە شانۆی سیاسی عیراق كە لە ژێر دەست و هەژموونی لایەن شیعییەكانە (هەڵۆكان) رووبەڕووی توندوتیژی و ناڕەزایەتی توند دەبێتەوە، هەرچەندە رەوتی سەدر سەركەوتووی یەكەمی هەڵبژاردنەكانیشە .
-3پێداگیری ئەو لایەنانە لەسەر رەتكردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 10/10 و ئاڵۆزكردن و هەڵكشانی دۆخەكە بەرەو ئاكارێكی نەخوازراو، لەوانە پەلاماردانەوەی نێردە دیبلۆماسی و باڵوێزخانەكان، هەرچەندە دوای سەردانەكەی ئیسماعیل قائانی پێدەچێت دۆخەكە بەرەو هیوربوونەوە بچێت.
-4فشار دروستكردن بۆ سەر سەدر و هەموو لایەنە براوەكانی تری هەڵبژاردنەكەی 10/10/2021 بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی پێگە و پشكی خۆیان بەربكەوێت لە حكومەتی نوێی عیراقدا.
لەلایەكی ترەوە بە ئامانجگرتنی كازمی لەم دۆخەی ئێستای عیراقدا، جۆرێكە لە تێكەڵكردنی کارتەکان لە پێناوی دابەشكردنی سەرلەنوێ‌ی دەسەڵات.
هەوڵە شكستخواردووەكە بە قازانجی کێ شكایەوە؟
كازمی دوای هەوڵی شكستخواردووی تیرۆكردنی گەشتێكی بە شەقامەكانی مەدینە سەدری بەغدای پایتەختدا كرد وەكو یەكەم كاردانەوەو مەسجێك بۆ خاوەنی درۆنەكان، لە هەمانكاتدا سەرچاوەكانی هەواڵ لەناو بەرەی هەماهەنگی شیعەكانەوە باس لەوەدەكەن كە دۆخی ناوخۆیی بەرەكەیان زۆر ئاڵۆز بووە دوای شكستی هەوڵی تیرۆركردنی كازمی لەهەمبەر لێدوان و پێداگیرییەكانی موقتەدا سەدر كە بەنیازە حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێكبهێنێت.
لەلایەكی ترەوە ئێستا كازمی وەكو پاڵەوانێكی نیشتمانی دێتە بەرچاو لە دوای رزگاربوونی لە هێرشی درۆنەكان، نەك هەر براوەبوو لەو ململانێیەی كە لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا لەگەڵ میلیشیا چەكدارەكاندا كردی، بەڵكو ئەگەر پێش ئەم هەوڵی تیرۆركردنەی كازمی یەكێك لە بەربژێر و كاندیدەكان بوو كە چانسی كەمی هەبوو، بەڵام لە دوای هەوڵە شكستخواردووەكەوە كازمی بووەتە ژمارەیەكی گەورە و بەختی زۆری هەیە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ قۆناغی داهاتوو.

 187 جار بینراوە