سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » مه‌سیحییه‌كان نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق و كوردستان بەڵام كار بۆ خواستی راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ ناكه‌ن

تۆما خۆشابا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌بنائه‌لنه‌هرین:

مه‌سیحییه‌كان نوێنه‌ریان هه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مانی عیراق و كوردستان بەڵام كار بۆ خواستی راسته‌قینه‌ی‌ ئه‌م پێكهاته‌یه‌ ناكه‌ن

كوردستانی نوێ ئه‌مجاره‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ تۆما خۆشابا ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ئه‌بنائه‌لنه‌هرین ده‌كات، بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كۆتا-ی تایبه‌ت به‌ كه‌مینه‌كان، له ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن هه‌ندێك هێزی سیاسییه‌وه‌ دەقۆزرێتەوە.

كۆتا گه‌ره‌نتییه‌ بۆنوێنه‌رایه‌تی‌ پێكهاته‌كان له‌په‌رله‌مان

* چیرۆكی كۆتا چییه‌، ئایا ئێوه‌ چۆن له‌ پڕۆسه‌ی‌ پراكتیزه‌كردن و جێبه‌جێكردنی‌ ده‌گه‌ن له‌ عیراق به‌ گشتی و هه‌رێمی كوردستانیش به‌ تایبه‌تی؟
– وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بێت له‌ خاڵی یه‌كه‌مه‌وه‌ یاخود بڵێین له ‌سفره‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، كه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، چه‌مكی كۆتا چییه‌ و بۆچی له ‌یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بڕیار له‌ كۆتا دراوه‌؟، كۆتا بۆ ئه‌وه‌یه‌، كاتێك پڕۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن نوێنه‌رایه‌تی‌ پێكهاته‌یه‌ك مسۆگه‌ر ناكات، به‌هۆی‌ نه‌بوونی توانا كه‌ نوێنه‌رایه‌تی پێكهاته‌كه‌ی‌ له‌ناو په‌رله‌مانه‌كاندا بكات، له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك، كه‌ یه‌كێكیان ئه‌وه‌ بێت، ژماره‌یان كه‌م بێت، یان به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی تواناكانیان كه‌م بێت، بۆیه‌ كۆتا گه‌ره‌نتییه‌ بۆ نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ پێكهاته‌كان بۆئه‌وه‌ی‌ له‌ په‌رله‌مانه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تی‌ خۆیان هه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش، یاسای‌ كۆتا بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كه‌مینه‌كان ده‌ركرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێستا رووده‌دات وه‌ك خۆی‌ نییه‌، راسته‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆتا هه‌یه‌، نوێنه‌رایه‌تیكردنی‌ كه‌مینه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ڕاستیدا نوێنه‌راتیكردنێكی نا راسته‌قینه‌یه‌.

به‌شێك له‌ نوێنه‌ری كه‌مینه‌كان نوێنه‌رایه‌تی‌ خواستی كه‌مینه‌كان ناكه‌ن

*واته‌ كاندیده‌كان له‌ كه‌مینه‌كانن؟، ئه‌ی‌ ده‌نگده‌ره‌كانیان كێن، هه‌ر له‌ كه‌مینه‌كانن؟
– به‌ڵێ كاندید و نوێنه‌ر هه‌ن، به‌ڵام نوێنه‌رایه‌تی خواست و بیروبۆچوونی راسته‌قینه‌ی‌ پێكهاته‌كه‌ ناكه‌ن، هۆكاره‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان گرێكوێره‌یه‌كی‌ یاسایی تێدایه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه‌، رێگه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌درێت، نه‌ك هه‌ر ئه‌و پێكهاته‌یه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به ‌سیستمی كۆتا، واتا هه‌موو پێكهاته‌كان، عه‌ره‌ب یان كورد یا توركمان و تا دوایی بۆیان هه‌یه‌ ده‌نگ به‌ كاندیدی‌ پێكهاته‌یه‌ك بده‌ن، كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ كۆتا، بۆ نموونه‌، كۆتای مه‌سیحییه‌كان، یان ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ گه‌لی ئاشوری‌ ئێمه‌وه‌، به‌هه‌موو ناوه‌ جیاجیاكانیانه‌وه‌، كلدان و سریان و تا دوایی، له‌لایه‌ن هه‌موو گه‌لانی عیراقه‌وه‌ ده‌نگیان پێ ده‌درێت، به‌ پاساوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ گه‌ره‌نتی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌كات، راسته‌ ئه‌و مافی خۆی‌ وه‌ك مرۆڤ پیاده‌ ده‌كات، به‌ڵام باجه‌كه‌ی‌ پێكهاته‌یه‌كی‌ تر ده‌یدات، چونكه‌ ئه‌وانه‌ی‌ ئه‌و كورسییانه‌ی‌ په‌رله‌مان ده‌به‌نه‌وه‌، هه‌موویان لایه‌نگری‌ پارته‌ سیاسییه‌ گه‌وره‌ و خاوه‌ن هه‌ژموونه‌كانن، ئه‌گه‌ر پارته‌ كوردییه‌كان بن یان پارته‌ عه‌ره‌بییه‌ شیعه‌كان به‌دیاریكراوی‌.

لێره‌دا ده‌مه‌وێ باس له‌وه‌ بكه‌م، كه‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرێک لە هێزە گەورەکان لە هەرێم یان لە عیراق، ئه‌و سیاسه‌ته‌ په‌یڕه‌و دەکەن، بۆ بردنی‌ كورسیی كۆتاکان، ئه‌وه‌ش به‌ یاسا بۆخۆی‌ ده‌قۆزێته‌وه‌ و چه‌ند كاندیدێكی لایه‌نگری‌ خۆی‌ له‌ پێكهاته‌كان دیاری‌ ده‌كات و به ‌هه‌زاران ده‌نگی كورد یان عەرەبیان بۆ كۆده‌كەنەوە تا وه‌ك نوێنه‌ری پێكهاته‌كان، كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنن.

ئه‌م سیاسه‌ته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی‌ پێشووی‌ ساڵی 2018 كرا و چه‌ندین كاندیدی لایه‌نگری‌ ئەو هێزە گەورانە وه‌ك نوێنه‌ری پێكهاته‌كان كاندیدكران و هه‌زاران ده‌نگیان بۆ كۆكردنه‌وه‌، تەنها بۆئەوەی زۆرترین دەنگی کۆتاکان بۆخۆیان بەناوی پێکهاتەکانەوە بۆ کاندیدی دڵخوازی خۆیان ببەن.

له ‌هه‌ڵبژاردنه‌ پێشوه‌خته‌كه‌ی‌ ئه‌م دواییه‌شدا هه‌ر ئه‌وه‌ روویدایه‌وه‌، چه‌ندین لیست هه‌بوون كه‌ سه‌ربه ‌چه‌ند پارتێكی شیعه‌ یان لایه‌نگریان بوون، به‌هه‌مان جۆر لیستی كه‌مینه‌ هه‌بوو سه‌ربه‌ پارته‌ كوردییه‌كان، كه‌ كاندیدیان بۆ كۆتا هه‌بوو، ئه‌م پرۆسه‌یه‌ خۆی‌ له‌خۆیدا مانای‌ چه‌مكی‌ كۆتا پووچه‌ڵ ده‌كاته‌وه‌، ناوه‌ڕۆكی بۆش ده‌كات، ئه‌م جۆره‌ نوێنه‌راتیكردنه‌ی‌ كه‌مینه‌كان ده‌بێته‌ نوێنه‌رایه‌تییه‌كی‌ نا راسته‌قینه‌، به‌وپێیه‌ش له‌ ئاست خواست و ئومێده‌كانی‌ گه‌لی ئاشوریدا نابێت.

كه‌مینه‌كانی تری غه‌یره‌ مه‌سیحییشهه‌مان كێشه‌یان هه‌یه‌

*له‌ په‌رله‌مانی‌ عیراق نۆ كورسی كۆتا هه‌یه‌ بۆ كه‌مینه‌كان، پێنج بۆ مه‌سیحییه‌كان و چواره‌كه‌ی‌ تر بۆ شه‌به‌ك و ئێزدی‌ و كوردی فه‌یلی و سابیئه‌كان، ئایا هه‌مان شێواز و هه‌مان رێگا بۆ كه‌مینه‌كانی تریش په‌یڕه‌وده‌كرێت، ئایا ئه‌وانیش هه‌مان ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌یان هه‌یه‌؟
– به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ روویداوه‌، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و له‌وه‌ی‌ پێشووتریش هه‌ر ئه‌وه‌ روویدا، كاتێك ده‌بینی ركابه‌رییه‌كه‌ له‌سه‌ر پێنج كورسی مه‌سیحییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر كورسییه‌كانی‌ تریش بوو، كورسییه‌كانی‌ كوردی فه‌یلی و سابیئه‌ و شه‌به‌ك و ئه‌وانیتر، به‌هه‌مان جۆر و شێواز بوو.

*كورسییه‌كه‌ی‌ كوردی فه‌یلی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی قانونه‌وه‌ برا؟
-به‌ڵێ، ده‌وڵه‌تی قانون ئه‌و كورسییه‌ی‌ برده‌وه‌.
ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992ی‌ كوردستان پێشه‌نگ بوو

*ئایا بۆ راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و پرسه‌، له‌رووی‌ یاساییه‌وه‌، ده‌بێ چی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ببێته‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ راست و دروست و پرۆسه‌ی‌ كۆتا له ‌ناوه‌ڕۆكه‌ راسته‌قینه‌كه‌ی‌ خاڵی نەکرێتەوە؟
– ئێمه‌ ئه‌زموونێكمان هه‌یه‌، كه‌ به‌ڕاستی ئه‌زموونێكی پێشه‌نگه‌ و شانازیی‌ پێوه‌ ده‌كه‌ین، كه‌ ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه‌كەی‌ ساڵی 1992ی پەرلەمانی کوردستان بوو، كه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی كوردستان كرا، له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا كۆتا هه‌بوو، كه‌ پێنج كورسی بۆ گه‌لی ئێمە دابینكرابوو، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای‌ تایبه‌تمه‌ندێتی نه‌ته‌وه‌یی بوو، چه‌ندین لیستی تۆماركراوی‌ تایبه‌ت به‌ گه‌لی ئاشووری‌ دیاریكرا و هه‌روه‌ها سندوقی ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت به ‌خۆمان هه‌بوو، هه‌ڵبژاردنێكی تایبه‌ت بوو، ئه‌گه‌ر تۆ ده‌ته‌وێ بچیت له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتیدا ده‌نگبده‌یت، ئازادیت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ بچیت ده‌نگ بۆ كۆتا بده‌یت، ئه‌وا لیستی تایبه‌ت به‌ كۆتا هه‌بوو ده‌تتوانی له‌ڕێگه‌ی‌ ئه‌و لیسته‌وه‌ ده‌نگ به‌و كاندیده‌ی خۆت بده‌یت بۆ كۆتا، له‌به‌رئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و سیستمه‌ و بۆ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ چاره‌سه‌ره‌، له‌چه‌ندین وڵاتیش هه‌ر به‌و جۆره‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ نموونه‌ له‌ ئێران.

ده‌بێت لیستی تایبه‌ت و سندوقی تایبه‌ت به‌ كۆتا هه‌بێت

*به‌ڵی، له‌ ئێران دوو ماف هه‌یه‌، مه‌سیحی یه‌كه‌مجار ده‌توانێ ده‌نگ بۆ پرۆسه‌ی‌ كۆتا بدات و هه‌روه‌ها به‌شداریی هه‌ڵبژاردنی گشتیش بكات، واتا دووجار ده‌نگ ده‌دات، جارێك بۆ كۆتا و جارێكیتر له ‌هه‌ڵبژاردنی گشتیدا، له‌ به‌لجیكاش ئه‌و سیستمه‌ هه‌یه‌ و په‌یڕه‌وده‌كرێت، ئه‌زموونێكی نامۆ نییه‌ و له ‌زۆرێك لە وڵاتاندا‌ په‌یڕه‌وده‌كرێت.
– زۆر راسته‌، هه‌موو ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ش پێویستمانه‌، دیاریكردنی‌ لیستێكی تایبه‌ت به‌ كۆتایه‌ له‌گه‌ڵ دابینكردنی‌ سندوقی‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت، ئه‌وه‌نده‌ و به‌س، هه‌ڵبژاردن ده‌كرێت و ده‌نگه‌كان جیاده‌كرێنه‌وه‌، له‌م حاڵه‌ته‌شدا، ئه‌گه‌ر ركابه‌ریش بكرێت له‌لایه‌ن لیسته‌كانی‌ تره‌وه‌، واتا له‌لایه‌ن كاندیدانی‌ حزبی تری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ پێكهاته‌كه‌ هیچ زیانێكی نابێت، هیچ شتێكی‌ خراپ له‌وه‌دا نابینین كاتێك كاندیدانی‌ لایه‌نگری‌ پارته‌ شیعه‌كان یان كورده‌كان و ئه‌وانیتر له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ كۆتا ركابه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام ده‌بێ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانه‌كه‌ له‌ كۆتا دا ته‌نها له‌ناو گه‌لی ئێمه‌دا بێت، له‌ناو سیستمی كۆتادا بێت، ئه‌وكاته‌ ئه‌گه‌ر كاندیدانی‌ سه‌ربە ‌حزبه‌كانیش سه‌ربكه‌ون، هیچ كێشه‌یه‌كی‌ تێدا نابینین، پیرۆزبایی له‌هه‌ر كاندیدێكیش ده‌كه‌ین سه‌ربكه‌وێت، ئه‌گه‌ر پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدانه‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌ڕیوه‌بچێت، چونكه‌ ئه‌وكات ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ خواست و ده‌نگی گه‌لی ئاشوری ئێمه‌.

چڕی‌ دانیشتووانی مه‌سیحیی له ‌هه‌موو ناوچه‌كان ده‌زانین

*به‌ڵێ، ئه‌مجاره‌ ژماره‌یه‌كی‌ زۆر له‌ كاندیدان بۆ كورسییه‌كانی‌ كۆتا هه‌بوون، پێموایه‌ ده‌نگێكی‌ زۆر له ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئه‌و ناوچانه‌ هه‌بوون كه‌ به‌وه ‌ناسراون زۆرینه‌ی‌ دانیشتوانه‌كه‌ی‌ له‌ مه‌سیحییه‌كان یان ئاشورییه‌كانن، ئێوه‌ لێكدانه‌وه‌تان بۆ ئه‌وه‌ چییه‌؟ بوونی هه‌زاران ئاشووری‌ له‌ سه‌ماوه‌ یان عه‌ماره‌ یاخود له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی‌ تر، ئایا ئێوه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ دووچاری‌ سه‌رسوڕمان نه‌بوون؟
– بابه‌ته‌كه‌ روون و ئاشكرایه‌، ئێمه‌ دیمۆگرافیای‌ گه‌لی خۆمان وه‌ك ئاشووری‌ له ‌هه‌موو عیراق به‌گشتی ده‌زانین، ده‌زانین ژماره‌ی‌ ئاشورییه‌كان له‌ به‌سرە چه‌ندن، پێشتر چه‌ند بوون و ئێستا چه‌ندن، ئێستا ژماره‌مان له‌ عه‌ماره‌ و به‌سرە و ناسریه‌ و حلله‌ و سه‌ماوه‌ و دیوانییه‌ چه‌نده‌، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ولێر و دهۆك و كه‌ركوك و سلێمانیش ده‌زانین ژماره‌مان چه‌نده‌، چڕی‌ دانیشتوانی خۆمان له ‌هه‌موو ناوچه‌كان ده‌زانین، جێی بڕواكردن نییه‌ و لۆژیكی نییه‌، هه‌زاران ده‌نگ له‌ عه‌ماره‌ یان ناسڕیه‌ یاخود كه‌ربه‌لا و نه‌جه‌ف و شوێنه‌كانی‌ تره‌وه‌ بێت، چونكه‌ دانیشتوانی ئێمه‌ی‌ ئاشووری‌ له‌و ناوچانه‌ خه‌ریكه‌ ده‌گاته‌ ئاستی نه‌بوون ئه‌گه‌ر هه‌شبن، ژماره‌یان زۆر زۆر كه‌مه‌، بۆیه‌ روون و ئاشكرایه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ماڵی نه‌ته‌وه‌ییمانه‌وه‌ هاتووه‌، له ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ پێكهاته‌وه‌ هاتووه‌ راست نین، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ روو ده‌دات، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێره‌ش و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش.

هه‌وڵێك هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت به‌كۆتا دابنرێت

*پێموایه‌ پێشتر هه‌وڵێك هه‌بوو، له‌لایه‌ن چه‌ند لایه‌نێكی كلدۆ ئاشوری‌ و سریانه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی‌ یاسایه‌كی‌ تایبه‌ت دابنرێت، به‌ڵام زۆربه‌ی‌ لایه‌نه‌ گه‌وره‌ و به‌هێزه‌كان ئه‌و بیرۆكه‌یه‌یان ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌بوو ده‌نگدان بۆ كۆتای‌ مه‌سیحییه‌كان ته‌نها له‌لایه‌ن ده‌نگده‌رانی‌ گه‌لی ئاشورییه‌وه‌ بێت؟
– به‌ڵێ زۆر راسته‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ وابوو، ئێمه‌ زیاتر له‌جارێك هه‌وڵمانداوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ به‌غدا بێ یان له ‌هه‌رێمی كوردستان، به‌وه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ كۆتای‌ مه‌سیحییه‌كان ته‌نها له‌ناو گه‌لی ئاشوری بێ و وه‌ك پێشتر باسمان كرد له‌ رێگه‌ی‌ ئاماده‌كردنی‌ چه‌ند لیست و تۆمارگه‌یه‌كی‌ تایبه‌ته‌وه‌ بێ، هه‌ڵبژاردنی‌ كۆتا ته‌نها له‌ناو پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراودا به‌ڕێوه‌بچێت، كاتی خۆی كه‌ بابه‌ته‌كه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان باسكرا، هه‌موویان هاوڕا بوون له‌سه‌ری، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامدا له‌گه‌ڵی نه‌بوون، ئه‌نجامه‌كان نه‌رێنی بوون، چونكه‌ هیچ جۆره‌ رێكه‌وتنێكی له‌سه‌ر نه‌كراو ده‌ستی ده‌ستی به‌ بابه‌ته‌كه‌ كرا،ته‌نانه‌ت له‌هه‌رێمیش له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی‌ هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندانیشمان كرد، به‌ڵام كه‌س گوێی له ‌داواكارییه‌كانمان نه‌گرت بۆ به‌دیهێنانی‌ ئه‌و ئامانجه‌، كه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ داواكارییه‌كی‌ مرۆڤانه‌یه‌، نازانین كێشه‌كه‌ له‌كوێدایه‌!، بیانوو پاساو ده‌هێننه‌وه‌ و ده‌ڵێن نه‌خێر، ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ له ‌چوارچێوه‌ی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤدایه‌، مرۆڤ ئه‌گه‌ر شیعه‌ یان سوننه‌ یان كورد بێت مافی خۆیه‌تی‌ له ‌پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی كۆتا ده‌نگ بدات، به‌ڵام خۆ شیعه‌ و سوننه‌ و كورد ژماره‌یان زۆره‌ و كورسی خۆیان له‌ناو په‌رله‌مان مسۆگه‌ره‌.

ده‌بێ رێز له‌ خواستی گه‌لی ئاشووری و مه‌سیحییه‌كان بگیرێت

*كاندیدێكی ده‌ره‌وه‌ نابێ له‌ناو كۆتا خۆی‌ كاندید بكات، ره‌نگه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ به‌و شێوه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، بۆ نموونه‌ ده‌توانین ره‌چاوی‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ بكه‌ین و وه‌ك كورد كه‌سایه‌تییه‌كی‌ ئاشووری‌ كاندید بكه‌ین كه‌ به‌باشی بزانین، به‌ڵام مافی ئه‌وه‌ی‌ نه‌بێ له ‌كۆتادا خۆی‌ كاندید بكات، واته‌ هه‌ر تاكێكی ئاشووری‌ مافی خۆیه‌تی‌ كه‌سێك هه‌ڵبژێرێت به ‌نوێنه‌ری‌ خۆی‌، نه‌ك من كه‌سێكی ئاشووری‌ بۆ دیاری بكه‌م ببێته‌ نوێنه‌ری‌، چونكه‌ ئه‌و كاندیده‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ گه‌لێك ده‌كات نه‌ك نوێنه‌رایه‌تی‌ كه‌سێك، بۆ نموونه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ ده‌چێته‌ په‌رله‌مان، نوێنه‌رایه‌تی‌ پێكهاته‌یه‌ك ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌بابه‌تی‌ په‌یوه‌ست به‌ كۆتا، چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ چییه‌؟
– چاره‌سه‌ره‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌، یه‌كه‌م شت ده‌بێ رێز له‌ خواستی گه‌لی ئاشووری و ئه‌م پێكهاته‌یه‌ بگیرێت، پێویسته‌ رێز له‌ بڕیاڕ و بژارده‌یان بگیرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌رانی‌ خۆیان له‌ په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی‌ نوێكردنه‌وه‌ی‌ تۆمارگه‌ی‌ تایبه‌ت و سندوقی‌ ده‌نگدانی‌ تایبه‌ت، پڕۆسه‌ی‌ ده‌نگدانی‌ كۆتا-ش ته‌نها له‌ناو پێكهاته‌كه‌دا به‌ڕێوه‌بچێت، ئه‌وه‌ باشترین چاره‌سه‌ره‌، ئێستا لێره‌ و له‌وێ گوێمان له ‌چه‌ند هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ هێوركردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و بابه‌ته‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ ببێته‌ نیعمه‌ت بۆ ئێمه‌ بووه‌ به‌ نیقمه‌ت، هه‌وڵدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی كۆتا وای لێبكرێت له‌ناو یه‌ك بازنه‌ی‌ هه‌ڵبژاردندا نه‌بێت، به‌ڵكو له‌چه‌ند بازنه‌یه‌كدا بێت، به‌ڵام هه‌ر هه‌مان حاڵه‌تی پێشووی‌ تێدایه‌ به‌وه‌ی‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌ك له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌ عیراق مافی ده‌نگدانی‌ له‌ناو كۆتادا هه‌بێت، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هیچمان نه‌كردبێت، چونكه‌ كورسی كۆتا له‌ ‌ به‌غدا له‌لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌نه‌وه‌ ده‌دزرێت و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌.

 327 جار بینراوە