سەرەکی » دۆسێ » ״هاوپەیمانی پێكهاتە بەزێن״ لە نێوان راستی و ریكلامی هەڵبژاردندا

لە 2003وە باس دەكرێت

״هاوپەیمانی پێكهاتە بەزێن״ لە نێوان راستی و ریكلامی هەڵبژاردندا

لە ساڵی 2003وە دابەشكردنی پۆستەكانی لە عیراق بەپێی سیستم یان پرەنسیپی پشكداریی بۆ دەزگانی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێك كە سەرۆك وەزیران دەبێت شیعە و سەرۆكی پەرلەمان سوننی و سەرۆك كۆمار كورد بێت.

بەر لە هەڵبژاردن زۆرێك لەو حزب و فراكسیۆنانە سەرهەڵدەدەن كە بە رووكەش باس لە دەستپێكردنی جموجۆڵەكانیان دەكەن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی سیاسی پێكهاتە یان تایەفە بەزێن وەك ریكلامێكی هەڵبژاردن، بەڵام لە ناوەرۆكدا بڵقێكە و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن كۆتایی دێت.

دەبێت تائێستا بۆچی لە عیراقدا حزبێك یان فراكسیۆنێك یان هاوپەیمانییەك دانەمەزرابێت كە بە راستی پێكهاتە یان تایەفە بەزێن بێت؟.

نەبوونی ستراتیژێكی روون
عەبدولجەبار جەعفەر شارەزا لە پەیوەندییە ستراتیژییەكان لە واشنتۆنەوە پێیوایە»ئەو حزبانەی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عیراقن، ستراتیژێكی روونیان نییە بۆ ئیدارەی حكومڕانی لە عیراق، ئەزمونێكی نیشتمانییان نییە، بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبی دەخەنە پێش بەرژەوەندی عیراق و عیراقییەكان، مێژووی بەڕێوەبردنییان بۆ وڵات لە ساڵی 2003وە تائێستا، باشترین بەڵگەیە بۆ ئەم راستییە، مانەوەی پشكداریش لە عیراق لە داهێنانی خۆیانە پێی دەوترێت تەوافوق».

بەرژەوەندییە حزبییەكان
بە وتەی جەعفەر»هەموو حزبە سیاسییەكان لەسەر گۆڕەپانی عیراق، بە تەواوەتی دووچاری شكستبوون لە ئیدارەدانی حوكمڕانی وڵات، لەبەر دەستبەركردنی دەستكەوتی تایبەت و بەرتەسكیش نەیانتوانیوە پاشەكشە لە هەڵوێستی خۆیان بكەن، گەر بمانەوەێت لە پشكداریی رزگارببین، دەبێت پرۆژەیەكی نیشتمانی رۆشن پێشكەش بكەین، حزبەكان تێیدا بەرژەوزەندی نیشتمانی بخەنە پێش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، بە دڵنیاییەوە گەل تاسەر بە بێدەنهگی نامێنێتەوە، ئاكامی هەڵبژاردنی ئەمجارەش باشترین بەڵگەیە و پەیامێكی بەهێز و روونە بۆ ئەو حزبانە، بە هیوای هاتنەدی ئەو گۆڕانكارییەی عیراقییەكان چاوەڕێی دەكەن».

بەرژەوەندییە نەتەوەیی و تایەفییەكان
دكتۆر هاشم كندی، سەرۆكی دامەزراوەی (النبأ) بۆ توێژینەوە ستراتیژییەكان پێیوایە»لە دوای ساڵی 2003، پرۆسەی سیاسی لە عیراق پێكهات بەو شێوەیەی ئەمریكا دەیەوێت، واتا لەشێوەی هێزە تایەفی و نەتەوەییەكان، ئەو هێزانە دواتر پشتییان بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و تایەفەگەریی و مەزهەبییەكان بەست، ئەم بنەمایەش تائێستا بەردەوامە، ئەوەی لە ئاكامی ئەم حزب و هاوپەیمانیانە بەرجەستە دەبێت، پاراستی هەر لایەكە بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەیی و مەزهەبییەكەی، تەنانەت ئەو حزبانەی لەژێر ناونیشانی گرنگیشدا دامەزراون، لە دواییدا روویان لە نەتەوەیی یان تایەفەگەریی یان مەزهەبی كردووە».

شێوازەكانی حوكمڕانی
كندی دەڵێت»ناتوانیین بە ئاسانی خۆمان لەم رەوشە رزگاربكەین، چونكە هەر حزبێك خۆی بە رەنگێكی دیاریكراو رەنگ كردووە، یان بە مەزهەب یان بە نەتەوەیی یان بە تایەفەیەكەوە، نەك هەر تەنیا ئەمە، بەڵكو قوڕەكەیان هێندەی تر خەست كردەوە، بە دەركەوتنی كەسێتی و خانەوادەكان و لایەنگران و دڵسۆزانیان، ئەو خانەوادە و كەسێتی و لایەنگرانەی دروستبوون، مامەڵە بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكان و حزبەكانەوە دەكەن، رەنگە ئەوەی دەكرێت لەئێستادا بڕەخسێت، پێكهێنانی هاوپەیمانی فراوانە لە پێكهاتەكانی (شیعە- سوننە- كورد) كە لێوەی كاری تەواوەتی دەستپێدەكات، بەدوور لە كاریی تایبەت كە هەر پێكهاتەیەك بە جیا باسی دەكات».

هاوپەیمانییەكی ئۆپۆزسیۆن
چارەسەركردنی ئەم كێشە و گرفتە بە بۆچوونی سەرۆكی دامەزراوەی (النبأ) بۆ توێژینەوەی ستراتیژی، خۆی لەوەدا دەبینێتنەوە كە «دەبێت هاوپەیمانییەكی تر لە هەموو ئەو پێكهاتانە ببێتە ئۆپۆزسیۆن بۆ هاوپەیمانی لایەنگران و حوكمڕانان، بەمشێوەیە دەكرێت عیراق یەكەم هانگاو بەرەو گەیشتنە ئامانج هەڵبنێت».

لە ماڵپەڕی (المسری) وەرگیراوە

https://almasra.iq

 116 جار بینراوە