سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » مانەوەی كازمی

مانەوەی كازمی

لەگەڵ هەڵكشانی تەنگژە سیاسییەكان و بەردەوامبوونی لایەنە ناڕازییەكان بەرامبەر بە ئاكامی هەڵبژاردنەكەی 10ی تشریی یەكەم، پێدەچێت تەمەنی حكومەتی كاربەڕێكەر بەسەرۆكایەتی مستەفا كازمی تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو كە وادەی هەڵبژاردنێكی ترە، درێژە بكێشێت.

مانەوەی حكومەتەكەی كازمی، یەكێكە لەو رێگەچارانەی بەلای زۆرێك لە لایەنە سیاسییەكان بە رێڕەوێكی شیاو دادەنرێت بۆ دەرچوون لەم تەنگژەیەی لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقیدا دروستبووە، بە هەمان شێوە سەرۆك وەزیرانی ئێستا یەكێكە لەو كاندیدە بەهێزانەی كە چانسی پێكهێنانی حكومەتی نوێیان هەیە لە حاڵەتی ئاسایی بوونەوەی رەوشەكە و پێكهاتنی لەلایەنەكان لەسەر ئاكامی هەڵبژاردن و قبوڵكردنی.

رەوتی سەدر كە بە براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دادەنرێت، بەو پێیەی زیاتر لە 70 كورسی لە كۆی 329 كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتوودا دەستەبەركردووە، پشتیوانی لە مانەوەی كازمی دەكات، بە یەكێك كاندیدەكانی رەوتەكەش دادەنرێت، وەك كەسێتییەكی دەرەوەی چوارچێوەی خەتی سەدری، ئەمەش گەر پرەنسیپی زۆرینە رەتكرایەوە و بە تەوافوق وەك 18 ساڵی رابردوو سەرۆك وەزیران دیاریی كرا.

رەوشی سیاسی ئێستای عیراق، لە سایەی ناڕەزایی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكانی وەك (فەتح، حیكمە، نەسر) بەرامبەر بە ئاكامەكانی هەڵبژاردن و رەتكردنەوەی، وڵات بەرەو ئاقارێكی ناقۆڵا دەبات و گەر بنبەستیش ناوی نەبەین، رەنگە خولانەوە بێت لەنێو بازنەیەكی بەتاڵ كە دواجار بۆ هەمان خاڵی دەستپێك دەمانگێڕێتەوە.

لێرەوە دەكرێت بڵێین، ئەوەی بە روونی لە دیمەنی سیاسی عیراقدا دەردەكەوێت، ئەوەیە كە لایەن و هێزە سیاسییەكان لە دۆڵێك و هاووڵاتیانیش لە دۆڵێكی تر، دەنگی هیچ كامییان بەوی دی ناگات و كاروانەكەش وەك گەمە نەشیاوەكەی «سیزیفیوس» بەردەوام دەبێت، بەبێ‌ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە هاوكێشەكەدا رووبدات.

خۆپیشاندانی لایەنە سیاسییەكان لەبەردەم ناوچەی سەوز بەردەوام دەبێت، بەبێ‌ ئەوەی ئاكامی كۆتایی هەڵبژاردن گۆڕانكاری گەورە بەخۆوەببینێت، بۆیە نزیكترین گریمانە بۆ پێشهاتە سیاسییەكان، مانەوەی حكومەتەكەی مستەفا كازمی و رێكردنە لەسەر ئەم ئاراستەیەی كە سەبارەت بە هەندێك بە ناقۆڵا و نەشیاو دادەنرێت.

مانەوەی حكومەتەكەی كازمی تا هەڵبژاردنی داهاتوو، لاوازیی و بێدەرەتانی عەقڵی سیاسی عیراقی دەگەیەنێت لەبەرامبەر رێگەچارە دیموكراسییەكان بۆ دەربازبوون لە تەنگژەكان و هەڵكردن لەگەڵ قۆناغ و رەوشێكی نوێ‌ كە عیراقییەكان بەرەو ئایندەیەكی جیاواز لەمەی تێیدان ببات و ژیانێكی شایستەیان لە وڵاتدا بۆ دابین بكات، بەدوور لە ئاوارەبوون و رووكردنە تاراوگە.

 175 جار بینراوە