سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » هەنگاوەکانی سەرخستنی کاری لیژنە ئەمنییەکان

هەنگاوەکانی سەرخستنی کاری لیژنە ئەمنییەکان

لە چەند رۆژی رابردوودا دووبارە لە سەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و بە پشتیوانیی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاری چالاککردنەوەی کاری لیژنە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی درا.

گرنگیی ئەم بڕیارە لەوەدایە، کە زۆرجار هەندێک میدیا و ناوەندی میدیایی لەبەرامبەر هەر بڕیار و یاسا و راسپاردەیەکدا کۆمەڵێک پاساوی حازر بەدەستیان هەیە بۆ کەمکردنەوەی بایەخی بڕیارەکان و گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی کە خۆیان بە بۆنە و بێ بۆنە رەخنە لە نەبوونی ئیجرائیات و گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە دەکەن بۆی.

ئەم بڕیارە ئەگەر درەنگ وەختیش بێت هەر درەنگ نییە بەو مەرجەی هەموو لایەنەکانی لێکبدرێتەوە، چونکە گومانی تێدا نییە کە رۆژانە و هەموو کاتێک نە ئەو هێزە ئەمنییانە دەتوانن لەسەر جادەو رێگاوبان و سەر کۆڵانەکاندا بازگە و خاڵی پشکنین دابنێن و نە لە یەک کاتدا کۆنترۆڵی بست بەبست و کۆڵان بە کۆڵانیان پێ دەکرێت، چونکە ئێستا بەهۆی فراوانبوونی تۆڕەکانی پەیوەندییەوە خەڵکانێکی زۆری لاسار و لە یاسا دەرچوو هەن کە تەنانەت لەکاتی بینینی کامێرای کۆنترۆڵکردنی خێرایی هاتوچۆ یان بوونی بازگە و خاڵی پشکنیندا بەهۆی بوونی گروپەوە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ڤایبەر و واتسئاپ و تیلیگرام و تۆڕەکانی دیکەی کۆمەڵایەتییەوە یەکتریی لەڕێی مەسجی دەنگی و نووسراوەوە ئاگادار دەکەنەوە و بەوەش یەکتری لە چاوی لیژنە و مەفرەزە ئەمنییەکان ئاگادار دەکەن و زۆرجار ئەوە دەبێتە مایەی پوچەڵکردنەوەی پلانە ئەمنییەکانی لیژنەکان.

چەند پێشنیازێک بۆ بەردەم لیژنەکان
دیارە وەکو هاووڵاتیان و خەڵکانی مەدەنی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنووسان هەمووان پشتگیریی و پشتیوانیی لەو هەنگاوانە دەکەن کە دەبنە مایەی بەدیهێنانی سەقامگیریی و ئارامی نەک هەر لە سلێمانی، بەڵکو لە سەرتاسەری کوردستاندا، بەڵام کۆمەڵێک دیاردە هەن کە ئەرکی دامەزراوەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانە بۆ کارئاسانیکردنی زیاتر بۆ چۆنێتی جێبەجێکردنی یاسا و بڕیار و رێنماییەکانی خۆیان لەسەرەتاوە بنبڕی بکەن وەک:

*چاوخشاندنەوە بە بازاڕی چەک و فرۆشتنی کەرەستەی سەربازیی بە هەموو جۆرەکانییەوە، چونکە ئەوە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بەربڵاویی دیاردەی چەکدارییە.

*چاوخشاندنەوە بە بڕیار و یاسای پێدانی مۆڵەتی چەک بە هاووڵاتیان و هۆکاری مۆڵەتەکە و ئەو شوێنەی کە مۆڵەتەکە دەیگرێتەوە.

*چارەسەرکردنی یەکجارەکیی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ئەوەی پێیان دەوترێت علوج.

چەکی دەستی هێزە چەکدارەکان
یەکێک لەو گرفتانەی کە رەنگە لە هیچ وڵات و لە هیچ سیستمێکی حوکمڕانیدا نەبێت ئەوەیە ئەندامانی هێزە چەکدارەکان وەک (سەرباز، پۆلیس، ئاسایش) لە کارتی مۆڵەت و پشوودا چەک لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە بۆ ماڵەوە، چونکە لە هەموو دنیادا ئەو کەسە چەکدارەی لەکاتی ئەرکدا دەبێت وەک پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش، چەکی دەوڵەتی پێیە تا ئەو کاتەی ئەرکەکەی تەواو دەبێت ئیتر چەند رۆژ بێت یان چەند سەعات بێت، بەڵام لەدوای ئەرکەکەی چەک و فیشەکدانەکەی رادەستی بەشی میرە دەکاتەوە تا ئەوکاتەی لە مۆڵەتەکەی دەگەڕێتەوە، بەڵام ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا سەیرە ئەوەیە چ پۆلیس و چ ئاسایش و چ پێشمەرگە و ….هتد لەگەڵ خۆیاندا چەکەکانیان و فیشەکدانەکانیان دەبەنەوە بۆ ماڵەوە، ئەوە جگە لەوەی لە رووی شارستانییەوە کارێکی نایاسایی و نەگونجاوە، لە رووی کۆمەڵایەتیشەوە ئەو دیاردەیە چەندین کێشەی لێ کەوتۆتەوە وەک فیشەک لەدەست دەرچوون، وەک بەکارهێنانی ئەو چەکانە لە دەرەوەی ئەرکی رەسمی لە دوژمنایەتی و کێشەی کۆمەڵایەتیدا، لە هەمووشی ناخۆشتر زۆرجار هەر بە راستی کێشە نەبووە لە نێوان ژن و مێرددا بەڵام لە فیشەک دەرچوونێکدا لە تفەنگێک پیاوەکە کوژرابێت یان ژنەکە یاخود منداڵێکی ماڵەکە، لە میدیاکان و سۆشیال میدیاوە بێ رەحمانە چەندین چیرۆکی بێ بنەما داڕێژراوە و سەرەڕای کۆست کەوتنی یەکێک لە بنەماڵەکان، جۆرەها تەشهیر و ناوو ناتۆرە خراوەتە پاڵ ژنەکە یان پیاوەکە و ئەو دیاردانەشمان زۆر بینیووە کارێک دەکرێت و خانە گومانییەک دروست دەکرێت بۆ رووداوێکی کتوپڕ کە سەر لە دادگا و رەوتی لێکۆڵینەوەش دەشێوێنرێت.

بازاڕی جل و بەرگ و پۆشاکی سەربازی و نیشانە و ئەستێرە
یەکێک لەو دیاردە دزێوانەی کە بڕوا ناکەم لە هیچ وڵاتێکدا بەو جۆرە بێت لە هەرێمی کوردستان نەبێت، ئەویش ئەوەیە ئەو کەسەی لە کایەیەکی سەربازیی و ئەمنی دادەمەزرێت، دەبێت خۆی چەک بکڕێت و خۆی جلوبەرگ و پۆستاڵ و کەرەستە و پێویستییەکانی خۆی بکڕێت، ئەوە لەکاتێکدا لە هەموو جیهاندا، چەک هی دەوڵەت و حکومەتە و جلوبەرگ بەهەمان شێوە بە گوێرەی وەرزی زستانە و هاوینە حکومەت و دەوڵەت دابینی دەکات. بەڵام هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەمان چنگ نەکەوتووە کە ئاخۆ بۆچی دەبێت لای ئێمە پێشمەرگە یان ئەندامی دامەزراوە سەربازییەکان خۆیان چەک بکڕن و دواتریش دەبێتە موڵکی میری؟!

ئاخۆ ئەوە مەترسیی ئەوەی لێ ناکرێت کە گروپێکی مافیایی بتوانن لە بازاڕی چەک و جلوبەرگی سەربازی کەرەستەکان بکڕن و چەندین کاری تیرۆریستی و ماڵبڕین و رێگریی و بازگەی نایاسایی پێوە بکەن، وەک ئەوەی لە چەند مانگی پێشوودا لەلایەن گروپێکەوە تاڵانی و گیرفانبڕین بەرامبەر چەند گەشتیارێکی عەرەب کرابوو؟ ئاخۆ چەند کاری وا قێزەون کرابێت و لەسەر دامەزراوە رەسمییەکانی حکومەت بووبێتە ماڵ؟!

ئەنجام و پێشنیاز
کاتی ئەوەیە کە لیژنە ئەمنییەکان بەرلە دانانی بازگە و خاڵی پشکنین لەسەر شەقامەکان، ئەو دیاردانە بنبڕ بکەن و هەموو ئەو چەک و جلوبەرگ و کەرەستە سەربازییانە لەو فرۆشیارانە بکڕنەوە و خۆیان سەرپەرشتیی ئەو کارە بکەن و ئەو چەکەی دەدرێتە پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش، هی حکومەت بێت و بە کەفالەتێکی چەند قاتی نرخی چەکەکە رادەستیان بکرێت و لەکاتی مۆڵەت و پشوودا لە بەشی میرە دابنرێت تا دەگەڕێتەوە سەر ئەرکەکەی و بۆ جلوبەرگەکانیش لەجیاتی کڕینی لە بازاڕ لەلایەن خۆیانەوە، لەو دەرماڵەیەی دانراوە بۆ کڕینی جلوبەرگ حکومەت بیکڕێت و بیانداتێ و دواتر بە چەند مانگێک لە مووچەکەیانی ببڕێت.

 209 جار بینراوە