سەرەکی » زانست » لە بەرامبەر تەلەفزیۆن تێرخواردن نییە

لە بەرامبەر تەلەفزیۆن تێرخواردن نییە

دانیشتن بەدیار تەلەفزیۆن و شاشەی كۆمپیوتەرو ئایپادو مۆبایلەكان بۆتە دیاردەیەكی هەمیشەیی و هەن زۆربەی كاتەكانیان لەگەڵ دەبەنە سەر، ئەگەر بۆ هەموو كاتێك ئەو خووە ئاسایی بێت بەڵام لەسەر سفرەی ژەمەكانی ناخواردن ناشێت، چونكە لەوبارە زۆر دەخۆیت هەر تێر ناخۆیت.

دكتۆرە Susan Albers پرۆفیسۆری دەرونناسی ئەمریكی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەوكەسانەی هەمیشە بەدەم سەیركردنی شاشەكانەوە نان ئەخۆن ئاسایی نین و ئەو خووە دەبێتە هۆی قەڵەوی و تێكچونی تەندروستی وباری دەرونی مرۆڤ، ئەو زانایە دەڵی كاتێك سەیری فلیمێك یان روداوێكی سەرنجڕاكێش دەكەی ئاگات لە خواردنەكە نامێنێ و بەدەم تێكەڵاوی دیمەنەكانەوە هەر ئەخۆیت و ئەخۆیت و هەست بە تێربون ناكەی، چونكە مێشك ئاماژە ناداتێ بۆ تێربون و هەر خەریكی رووداوەكانی ناو تیئڤیەكە دەبێت .

توێژینەوەیەكی زانكۆی هارڤاردیش بڵاویكردۆتەوە كە تێربون هەر پەیوەندی بە رێژەی ئەو خواردنەوە نیە كە دەیخۆیت، بەڵكو مێشك و هزریش رۆڵی تیادا دەبینێت، كە مێشك بە بوارێكی ترەوە سەرقاڵ بكەی و لەگەڵیشیدا نان بخۆیت، ئەوا ئەو ماوەیە كە 20 دەقیقەیەو مێشك ئاماژە دەدات بۆ تێربون درێژتر دەبێتەوەو كاتێكی زیاترو خواردنێكی زیاترت پێویست دەبێت.

گۆڤاری Gesundheit ی ئەڵمانیاش لەبابەتێكیدا ئاماژە بەوە دەكات كە خواردن بەدەم سەیركردنی تیڤی و شاشەكانی تر مەترسیدارە، چونكە مێشك مامەڵە لەگەڵ بارەكە ناكاو كاتێك خواردنەكە هەڵدەگری و دەیخەیتە ناو دەمت و لە قوڕگت دەچێتە خوارەوە تەنها میكانیزمێكەو هەر دوبارەو چەند بارەدەبێتەوە بەبێ ئەوەی مێشك پێی بزانێ و كاردانەوەی لەگەڵ دروست بكات، بۆیە ئەوكەسانەی وادەكەن زۆر دەخۆن و كێشیان بەڕادەیەكی زۆر زیاد دەكات، گۆڤارەكە نوسیویەتی زۆربەی خەڵكی لەهۆڵەكانی سینەما یان لە ماڵەوە گەنمەشامی و خواردنی سوك دەخۆن بەرادەیەك ئەوەندە لەبەردەم خۆیان دادەنێن كە بەدرێژایی سەیركردنی فلیمەكە بەشیان بكات كەئەمەش سنوربەزاندنەو دەبێتە هۆی قەڵەوبونی خێرا.

خاتوو Dr. Rashmi Prakash مامۆستای زانكۆی Lucknow ئوسترالیا دەڵێت ئەو حاڵەتە بۆ منداڵان زۆر خەراپە كاتێك بەدیار فلیمەلكانی كارتۆنەوە خواردنیان لەبەردەم دادەنێن، مێشك و هۆش وگۆشیان لەگەڵ كارتۆنەكان تێكەلاودەبێ و نەسودی لێ دەبینن و نەتێریش دەبن، دوای نانخواردن بەدیار تیڤیەوە بەماوەیەكی كەم دیسان برسیان دەبێتەوەو داوای ژەمێكی تریش دەكەن، بۆیە ئامۆژگاری دایك و باوكەكان دەكات كە لەكاتی ژەمدان بە منداڵەكانیان شاشەكانی تیڤی ولاپتۆپەكانیان لەسەر بكوژێننەوە تا سود لە پرۆتین و ڤیتامینەكانی ناو خواردنەكان ببینن و مێشكیان زەنگی تێربونیان بۆ لێ بدات.

سەرچاوە: Ketose Portal. Cleveland Clinic

 67 جار بینراوە