سەرەکی » زانست » قاورمەی گۆشت، خواردنێكی كوردەوارییە

قاورمەی گۆشت، خواردنێكی كوردەوارییە

نوسینگەی كەركوك، هێمن ئەحمەد

خواردنی قاورمەی گۆشت یەكێكە لەو خواردنانەی ناونانێكی دیاریكراو و بەكارهێنانی جیاوازە لە تام و بۆن و دروستكردندا كە هەر لە سەردەمانێكی زووەوە كوردەواری خۆمان بەكاریان هێناوە و لە گوندەكانی كوردستاندا وەكو خواردنێكی بەرچاو بەكارهاتووە و زۆربەی لادێكانی كوردستان وەكو پێویستییەكی رۆژانەی خواردن هەڵیانگرتووە بۆ كاتی تەنگانە بەتایبەتی لە رۆژە ساردەكانی زستاندا.

قاورمە بە گۆشت
لەڕابردوودا لە گوندەكانی كوردستان كاتێك ئاژەڵێكیان سەردەبڕی و گۆشتەكەیان پارچە پارچە دەكرد و بەزەكەیان لێدادەماڵی لەسەر ئاگرێكی كز دەیانكوڵان بۆ ئەوەی ئاوەكەی بە تەواوەتی وشك ببێتەوە گۆشتەكە بە تەواوەتی سوور دەبووەوە و لە ناو رۆن هیزەدا هەڵیاندەگرت و هەر كاتێك خواردنێكی خۆیان ئامادە بكردایە چەند پارچەیەكیان لە گۆشتە كە دەردەكرد و دەیان خوارد بەبێ ئەوەی تام و بۆی تێك بچێت و بەدرێژایی ساڵ بەكاریان دەهێنا بۆ خواردن.

قاورمەی نۆك
بەڵام ئێستا لە شارێكی وەكو سلێمانی ناوهێنانی خواردنی قاورمە كە لەنۆكی هەڵفلیقاو و كەوەری وردكراو بەكار دێت و دەخورێت پێیدەڵێن قاورمە كە لە سەهۆڵەكەی سلێمانی زۆر بەناوبانگە.

یەك ناو بۆ دوو خواردنی بەتام كە لە رووی بەكارهێنانی زمانەوانیەوە جیاوازیان هەیە لە هەموو كوردستانیشدا بە گۆشتی سوورەكراویش دەڵێن قاورمە.

قۆزیی قاورمە
شێف عەلی كەریم، كە خاوەن دوكانی شارەكەمە، لە سەر شەقامی كەركوك ـ سلێمانی كە خواردنی قاورمە ئامادە دەكات بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: ئێمە ئێستا وەكو ئامادەكاری خواردن لە چێشتخانەكان وەكو ئەوەی عەرەب پێدەڵێت: «قۆزی» و كوردیش بەتایبەتی باو باپیرانمان پێیانوتووە قاورمە، كە جاران بەفرگر و ساردكەرەوە نەبووە بۆیە، گۆشتیان بەو جۆرە لە هیزەدا هەڵگرتووە بۆ ئەوەی تێك نەچێت و ئامادە بێت بۆ خواردن لە هەر كاتێكدا، بەڵام ئێستا لە هەموو چێشتخانەكاندا گۆشتی ئاژەڵ لە نێو ئاوێكی گەرمدا دەكوڵێنین و پاشا ئەوەی بە جوانی نەرم دەبێتەوە لە نێو رۆندا سووری دەكەینەوە لەگەڵ برنج و كشمیش و بادەمدا دەخورێت.

قاورمە و گۆشتی تایبەت
وتیشی: بەكارهێنانی گۆشتی سوورە كراوە تام و بۆنێكی تایبەتی هەیە و گۆشتی دیاریكراو بەتایبەتی گۆشتی گوێرەكەی ناسك بەكار دەهێنرێت لە سوورەوە كردنێدا بەتایبەتی زۆری ئەوەی كە باوە نەرمەكەی بەكاردەهێنرێت لە سوورەوە كردنێدا.

سەهۆڵەكە و قاورمەی نۆك
هاووڵاتی بهرام محەمەد، لەسەر خواردنی قاورمە بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: هەر چەندە من دانیشتووی كەركوكم، بەڵام ناوە ناوە هەر خۆم یان لەگەڵ هاوڕێكانم سەردانی سەهۆڵەكەی شاری سلێمانی دەكەم بۆ خواردنی قاورمەی نۆك، كە لەسەر دەستگێڕەكانی سلێمانیدا دەستدەكەوێت.

وتیشی: قاورمەی نۆك پاش ئەوەی كە نۆكەكە دەكوڵێنن و لە تۆكڵەكەی دایدەماڵن هەڵدەستن بە شێلان و تێكەڵكردنی بەشێوەیەكی جوان و بەهارات و خوێی پێویستی تێکەڵ دەکرێ بەتایبەتی زەردە چەوە و بیبەری رەش، كە لەدوایدا دەكرێتە نێو سەموون یان نانەوە و لەگەڵ كەوەری جنراو دەخورێت، كە بۆن و تامێكی زۆر سەیر و سەرنج راكێشی هەیە.

قاورمەی سلێمانی تام و بۆنی خۆی هەیە
خاتوو نەسرین بەكر، كە بەڕەچەڵك خەڵكی سلێمانی و ماوەی حەوت ساڵە شووی بە كوڕێكی دانیشتووی كەركوك كردووە، لەسەر خواردنی قاورمە بۆ كوردستانی نوێ دەڵێت: هەر لە منداڵیمەوە لە نێو ماڵ و قوتابخانەدا تام و بۆنی قاورمەی نۆكم كردووە لە شارە حەیاتەكە كە تاكو ئێستا ئەو تام و بۆنەی جاران سەرنجم رادەكێشێت بۆ خواردنی، كە هەندێك جار خۆشم ئامادەی دەكەم، بەڵام ئەو تام و بۆنەی قاورمەی نۆكی سلێمانی نادات.

ئەو خاتوونە باسی لەوەشكرد قاورمەی كەركوك بە گۆشت ئامادە دەكرێت، نەك نۆك، كە ئەویش تام و بۆنی تایبەتی خۆی هەیە كە هەندێك جار هەست بە خۆشی و چێژی هەردوو قاورمەكە دەكەم.

 96 جار بینراوە