سەرەکی » وتار » سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌ » دەستوور، پەیوەندی بە زۆرینەی پەرلەمانییەوە نییە

دەستوور، پەیوەندی بە زۆرینەی پەرلەمانییەوە نییە

سەرتیپ جەوهەر 

نزیكەی 20 ساڵە پڕۆژەی دەستووری هەرێم گەرم دەكرێت و هەرای ئیعلامیی لەسەر دروست دەكرێت، دواتر لەپڕ بێدەنگی لێدەكرێت. لە2009 گەیاندیانە بەر دەرگای پەرلەمان و یاسای خستنە راپرسیشی بۆ دەركرا، كەچی لەپڕ بێ‌ خستنەڕووی هۆكاری راستەقینە، بێدەنگی لێكراو پڕۆژەی دەستوور خرایە سەر رەفە.
لە 2015 جارێكی دیكە هێنرایە گۆڕێ، بەڵام لەبری گەیاندنی بە كەناری ئارام، گرژی و ئاڵۆزیی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا! ئێستا جارێكی دیكە سەرهەڵدەداتەوە، ئەگەری زۆرە کە دووبارە بهێنرێتەوە پەرلەمان، ئاڵۆزیی بەدوای خۆیدا بهێنێت.
گرنگترین قۆناغی دوای رزگاریی نیشتمانیی دروستكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان و نووسینەوەی دەستوورە، چونكە یاسا شێوە و سیستمی حوكمڕانیی و بنەما و نەخشەڕێی دروستكردنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و دابینكردنی ماف و شێوازی پێکەوەژیان دیاریی دەكات، بەڵام لە كوردستان هەرجارێك پرسی پڕۆژەی دەستوور دەهێنرێتە گۆڕێ، ئاڵۆزیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونكە تێڕوانینێكی نیشتمانیی لەپشت هێنانەگۆڕێی نییە، بەڵكو تێگەیشتن و بەرژەوەندیی حزبیی لە پاڵ داینەمۆی خستنە بەر باس و جووڵاندنی ئەو پرسەیە. هەر ئەم تێگەیشتنەیە کە وایكردووە پڕۆژەی دەستوور لەبری ببێتە هۆكاری بەرەوپێشبردنی بارودۆخی سیاسی و حكومڕانی لە هەرێم، بۆتە هۆی پەرتەوازەیی و لاوازكردنی دامەزراوەكانی حكومڕانیی، هەروەك چۆن لە 2015 پەرلەمانی كوردستانی بە داخستن دا.
ئێستا هەستدەكرێت هێنانە گۆڕێی پرسی پڕۆژەی دەستوور وەك كارتێكی گوشار بۆ تێپەڕاندن و رەزامەندیی لەسەر هەندێک پڕۆژە یاخود هەمواركردنی هەندێك یاسا لە نێوانیشیاندا یاسای هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمسیۆن بەكاربهێنرێت، كەواتە دیسان هێنانە بەرباسی پڕۆژەی دەستووری هەرێم بۆ مەبەستێكی دیاریكراوی سیاسییە و دیسان ماوەیەكی دیكە بێدەنگەی لێ دەكرێت.
جیاوازیی دەستوور لەگەڵ هەر یاسایەکی دیكە ئەوەیە كە پڕۆژەیەكە بۆ یەكخستنی كۆمەڵگە و سەقامگیركردنی باری سیاسی، ئابووریی، كۆمەڵایەتیی. بەرلەوەی بخرێتە راپرسییەوە، پێویستی بە سازاندنی زەمینەی سیاسی هەیە، لانیكەم لە نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان. پڕۆژەی دەستوور پەیوەندیی بە زۆرینە و كەمینەی ناو پەرلەمانەوە نییە كە ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین زۆرینەیەكی (سەپێنراو) هەیە، بەتایبەتی لەم واقیعەی ئێستای كوردستان «دوو زۆن هەیە» ئەسڵەن خستنە راپرسی پڕۆژەی دەستوور پێویستی بە رێكەوتنی سیاسییە، ئەگەر ئەوە نەكرێت، دەنگدانی ناو پەرلەمان هیچ بەهایەكی نییە، كەوابوو پێویست بە هیچ دڕدۆنگی و ترسێك ناكات.

 170 جار بینراوە