سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » پێشوازی لە رێكەوتنە سیاسییەكەی سودان دەكرێت

پێشوازی لە رێكەوتنە سیاسییەكەی سودان دەكرێت

رێكەوتنی نێوان عەبدولفەتاح بورهان فەرماندەی دەسەڵاتە سەربازییەكەی سودان ‌و عەبدوڵڵا حەمدۆك سەرۆك وەزیرانی دەستبەسەركراوی ئەو وڵاتە، بووە هۆی گەڕانەوەی حەمدۆك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ‌و سەرجەم ئەو دەستگیركراوە سیاسییانەش ئازادكران، كە لە سەرەتای كودەتا سەربازییەكەی ئەو وڵاتەوە لە مانگی رابردووەوە دەستگیركرابوون، ئەو هەنگاوەش كاردانەوەی هەرێمی ‌و نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە.

ئەمریكا ستایشی دەكات
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ستایشی رێكەوتنە سیاسییەكەی نێوان لایەنەكانی سودانی كرد ‌و بە گەڕانەوە بەرەو دیموكراسی وەسفیكرد.
وەزیری دەرەوی ئەمریكا لە تویتەر نووسیویەتی: خۆشحاڵم بەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن، كە بەهۆی وتوێژەكانی خەرتومەوە،سەرجەم دەستگیركراوە سیاسییەكانی سودان ئازاد دەكرێن ‌و عەبدوڵڵا حەمدۆك پۆستی سەرۆك وەزیران وەردەگرێتەوە ‌و كۆتایی بە باری نائاسایی ئەو وڵاتە دەهێنرێت.

كۆمكاری وڵاتانی عەرەب
هەروەها ئەمینداری گشتیی كۆمكاری وڵاتانی عەرەب پێشوازیی لە راگەیاندنی رێكەوتننامە سیاسییەكەی سودان كرد ‌و رایگەیاند: ئەو هەنگاوە بە هەوڵە زۆر ‌و بەردەوامەكانی لایەنەكانی سودان گەیشتە ئەنجام، بە پشتیوانیی وڵاتانی عەرەب ‌و نێودەوڵەتی، كە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هەوڵەكانیان بۆ كۆتاییهێنان بە تەنگژەكەی سودان خستبووەگەڕ.

سعودیە ‌و میسر ‌و ئیمارات
وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند: وڵاتەكەی پێشوازیی لە رێكەوتنی لایەنە سیاسییەكانی سودان دەكات، كە هەنگاوێكە بۆ پاراستنی دەستكەوتە سیاسی ‌و ئابوورییە بەدیهاتووەكانی ئەو وڵاتە ‌و پاراستنی یەكڕیزیی نێوان پێكهاتە سیاسییەكانی سودان.

لای خۆشیەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر ستایشی رێكەوتننامە سیاسییەكەی نێوان عەبدولفەتاح بورهان ‌و عەبدوڵڵا حەمدۆك كرد ‌و رایگەیاند: ئەو هەنگاوە دەرخەری حیكمەت ‌و هەستكردن بە لێپرسراوێتی لایەنەكانی سودانە بۆ گەیشتن بە سازان دەربارەی سەرخستنی ماوەی دەسەڵاتی راگوزەر، كە خزمەت بە بەرژەوەندیی باڵای سودان دەكات.
ئیماراتیش لە رێی وەزارەتی دەرەوە ‌و هاوئاهەنگیی نێودەوڵەتییەوە رایگەیاند: وڵاتەكەیان متمانەی بە تواناكانی گەلی سودان هەیە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستای وڵاتەكەیان لەچوارچێوەی سازانی دەستووری ‌و یاسایی ‌و سیاسی، كە لەماوەی راگوزەردا حوكم دەكات.

حەمدۆك دەبێتەوە بە سەرۆك وەزیران
پێشتر ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری فەزڵوڵڵا بۆرمە یەكێك لە سەركردەكانی حزبی گەلی سودان، بڵاویكردبۆوە: رێكەوتنە سیاسییەكەی نێوان عەبدولفەتاح بورهان ‌و عەبدوڵڵا حەمدۆك و هێزە سیاسییەكان ‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ گەڕاندنەوەی حەمدۆك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی سودان ‌و ئازادكردنی سەرجەم دەستگیركراوە سیاسییەكانە.

لە بەیاننامەیەكیشدا، ئەكادیمی ‌و رۆژنامەوان ‌و سیاسییەكانی ئەو وڵاتە كە بەشێكن لە گروپی نێوەندگیریی سودانییەكان ‌و لە وتوێژەكاندا رۆڵی نێوەندگیرییان گێڕاوە، خاڵە سەرەكییەكانی رێكەوتننامەكەیان دیاریكرد، كە گەڕاندنەوەی حەمدۆك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران ‌و ئازادكردنی هەموو دەستگیركراوە سیاسییەكان دەگرتەخۆی.

رۆژی 25ی تشرینی یەكەمی رابردوو، عەبدولفەتاح بورهان سەركردایەتیی كودەتایەكی سەربازیی لە سودان كرد ‌و بەهۆیەوە زۆربەی بەرپرسەكانی حكومەتی مەدەنی دەستگیركرد ‌و كۆتایی بەو یەكێتییە هێنا كە لەلایەن لایەنە مەدەنی ‌و سەربازییەكانی سودان پێكهێنرابوو، هەروەها باری نائاسایی لە وڵاتەكەی راگەیاند.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 78 جار بینراوە