سەرەکی » ئابووری » بەرهەمی خورمای عیراق كەمبۆتەوە

بەرهەمی خورمای عیراق كەمبۆتەوە

محەمەد كەریم خەفاجی، وەزیری كشتوكاڵی عیراق دەڵێت: «ساڵی رابردوو وەزارەتەكەیان پێنج ملیۆن تۆن خورمای كڕیوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2021دا تەنیا سێ ملیۆن و 500 هەزار تۆنی كڕیوەتەوە». پێشبینیش دەكرێت بۆ ساڵی داهاتوو بەهۆی كەمكردنەوەی پلانی كشتوكاڵی و وشكەساڵییەوە، بۆ دوو ملیۆن و 500 هەزار تۆن كەمبێتەوە.

وەزیری كشتوكاڵی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: ئەو بڕە خورمایەی كەمبۆتەوە پێویستە لە رێگەی هاوردەكردنەوە قەرەبوو بكرێتەوە، بەڵام دەبێت پاڵپشتیی بەرهەمی ناوخۆیی بكرێت لەهەموو رووێكەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە: لە وەرزی پێگەیشتنی خورمای ئەمساڵدا، 400 هەزار تۆن خورما هەناردەكراوە، بەڵام ئامانجی وەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەیە لە داهاتوودا بیگەیەنێتە 700 هەزار تۆن و رێوشوێنەكانیشیان گرتۆتەبەر لەسەر ئەو پرسە.

ئەوەشی خستۆتەڕوو، چوار ملیۆن و 800 هەزار دۆنم زەوی بۆ پلانی كشتوكاڵی ساڵی 2021 – 2022 دانراوە و لەو بڕە 250 هەزار دۆنم زەوی دەكرێت بە گەنم و جۆ.

 81 جار بینراوە