سەرەکی » ئابووری » «15 سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت» چوار یەكەی دیكە كارەبا دەخرێنەوەگەڕ

«15 سەعات كارەبا بە هاووڵاتیان دەدرێت» چوار یەكەی دیكە كارەبا دەخرێنەوەگەڕ

یەکەی ئابووری

لەگەڵ دابەزینی پلەكانی گەرما و هاتنی وەرزی زستان، پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان كەمبۆتەوە و وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمیش رایدەگەیەنێت: «ئێستا دەتوانین نزیكەی 15 سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین».

ئاشكراشیدەكات: لە هەوڵدان بۆ بەگەڕخستنەوەی چوار یەكەی كارەبا، بۆ ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكەن.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم، بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاندووە: بەهۆی نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما و بەكارهێنانی ئامێری كارەبایی زیاتر بەمەبەستی گەرمكردنەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە، رۆژانە خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا لە زیادبووندایە.

دەشڵێت: «لەم مانگەدا خواست لەسەر كارەبا لە هەرێمی كوردستان بڕی پێنج هەزار مێگاواتی تێپەڕاندووە، ئەمەش وایكردووە كە پێدانی كارەبا لە شەو و رۆژێكدا بۆ 15 سەعات كەمبێتەوە».

بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی كارەبا، بۆ پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەی كە لەسەر خواستی كارەبا دروستبووە، بڕیارە چوار یەكەی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەگەڕبخرێنەوە، بۆئەوەی زۆرترین سەعاتی كارەبای نیشتمانیی بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت، بەشێوەیەك هەر یەكەیەك زیاد لە 100 مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، بەو جۆرەش لە رێگەی بەگەڕخستنی چوار یەكەكەوە، بەرهەمهێنانی كارەبا بۆ چوار هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.

روونیشیدەكاتەوە: ئەو چوار یەكەیەی كە بڕیارە بەگەڕبخرێنەوە، دوانیان لە قەزای خەباتن و دوانی دیكەشیان لە شاری هەولێرن، بۆیە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر هێڵن و كار دەكرێت بۆئەوەی ئەو چوار یەكەیە بخەینەوە كار، چونكە هەموو هەوڵێكی وەزارەت ئەوەیە كە ئەمساڵ زۆرترین بڕی كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكرێت.

 90 جار بینراوە