سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان: یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژمارەیەک کەناڵی راگەیاندن

د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان: یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا بکرێت

د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن لە هەرێمی كوردستان تیشكی خستەسەر كاری پەرلەمانی و ئەو پرسانەی كە رەهەندی نیشتمانییان هەیە، سەبارەت بە دەستووری هەرێمی كوردستان، رایگەیاند: دەستووری عیراق مافی داوە بە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، بەڵام بەهۆی ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان تا ئێستا هەرێم نەبۆتە خاوەنی دەستوور، وتیشی: هەوڵەكانیان بۆ نووسینەوەی رەشنووسی دەستور دەستپێكردووە، بەڵام هەندێك لایەن بوونی دەستور بۆ هەرێم بەپێویست نازانن.

سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، د.رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئەگەر لایەنە سیاسییەكان دەیانەوێت ساڵی داهاتوو و لە كاتی خۆیدا پڕۆسەی هەڵبژاردن بکرێت، دەبێت هاوكاری پەرلەمانی كوردستان بكەن، وتیشی: دەبێت هەموو لایەنەكان ئامادەبن سازش بكەن، بۆ ئەوەی كۆدەنگی دروست ببێت و پڕۆسەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، هاوكات سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشیكرد: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنە لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا، ئەمەش پوختەی چاوپێکەوتنەکەیە:

تەوەری ئامادەکردنی رەشنووسی دەستوور و مشتومڕەکان لەسەری بووە یەکەم تەوەری قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان و لەوبارەیەوە رایگەیاند: ئەمە ئەرکی ئەم خولە و خولەکانی پێشووی پەرلەمانی کوردستانیش بوو، وتیشی: لە مادەی 120 ی دەستووری عیراق ئەو مافە دراوەتە هەرێمی کوردستان کە ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی، بەڵام بەداخەوە لەدوای 16 ساڵ بەهۆی ململانێی سیاسیی حزبەکانەوە نەمانتوانیووە ببینە خاوەنی ئەو دەستوورە.

بۆچوونی ئێستای لایەنەکان جیاوازە لە پێشتر
سەرۆکی پەرلەمان ئەوەشی روونکردەوە کە لەسەرەتای دەستبەکاربوونیاندا سەردان و دیداریان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکاندا هەبووە و هەمووان پێویستی ئامادەکردنی رەشنووس و پەسەندکردنی دەستووری هەرێم و ئامادەکردنیان بۆ راپرسی لەم خولەدا دووپاتکردۆتەوە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی کردارەکیی هەنگاوەکاندا کاردانەوەی سیاسیی جیاجیای لایەنەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە کە بۆچوونی لایەنەکان زۆر جیاوازبوو لەوەی کە پێشتر سەردانمان کردبوون.

وتیشی: پێمانوایە کە بەشێکی زۆر لەو کێشە و گرفتانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، هۆکارەکەی نەبوونی دەستوورێکە، بەڵام هەندێک لەو لایەنانەی پێشتر بە پێویستیان دەزانی ئێستا دەڵێن دەستوور ئێستا ئەوەندە پێویست نییە.

درێژکردنەوەی ماوەی خولەکان
هەروەها روونیکردەوە کە لەبەرئەوەی دەستوور مەرجەعێکی قانوونییە، لە کاتی نەبوونیدا هەر دەبێت کار بەو قانوونانە بکەیت کە ئەگەر هەڵەش بن لەڕووی دەستوورییەوە، وەک درێژکردنەوەی ماوەی خولی سەرۆکایەتی و پەرلەمان و هەندێک بابەتی تر کە لەدەرەوەی پرەنسیپە دەستوورییەکانە.

ئاماژەی بەوەشدا کە نان و ئاوو بژێویی و خزمەتگوزارییەکان گرنگن، بەڵام رێکخستنی پەیوەندیی دامەزراوەکان و دانانی سنوور بۆ هەردەسەڵاتێک و دەستەبەرکردنی ئازادییەکانیش گرنگن بۆ جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەڵام وتی: دەستوور لە هەلومەرجێکی ئاسایی و سەقامگیردا دەنووسرێتەوە کە هێزە سیاسییەکان متمانەیان بە یەکتریی هەبێت و خەڵکیش متمانەیان بە هێزە سیاسییەکان هەبێت.

هاوکاریی سەرۆکایەتی و سازش بۆ یەکتر بکەن
لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی هەڵبژاردنی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانەوە داوای لەو لایەنە سیاسییانە کرد کە ئەندامیان هەیە و فراکسیۆنیان هەیە، هاوکاریی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن بۆ ئەوەی ئەگەر دەیانەوێت لەماوەی یاساییدا هەڵبژاردن بکرێت و یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، دەبێت ئەو لایەنانە هاوکاریی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن و سازشیش بۆ یەکتریی بکەن تا خاڵە هاوبەشەکانمان یەکبخەین.

وتیشی: لە ساڵی 2020 ەوە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێم ماوەی بەسەرچووە و دەسەڵاتی هیچ جۆرە ئیجرائاتێکی نییە جگە لە خۆبەڕێوەبردن، وەک دەشزانن بەرلەوەی خولی نوێ دەستپێبکات، دەبێت بە چەند مانگێک بەرلەوە ئێمە ئامادەکارییەکانمان تەواوکردبێت و هەڵبژاردنیشمان کردبێت، بۆئەوەی نەکەوینە بۆشایی یاساییەوە. بۆ ئەوەش وەک سەرۆکایەتی پەرلەمان کۆبوونەوەمان لەگەڵ فراکسیۆنەکاندا کردووە تا تێڕوانینیان بزانین سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆن و روونیشیکردەوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ هاوکاریی حزبە سیاسییەکان ناتوانێت ئەو پڕۆسەیە بەڕێوەبەرێت و جەختیشی کردەوە کە وەک سەرۆکایەتی دەیانەوێت هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا و لە 6/11/2022 دا بەڕێوەبچێت.

رۆڵی پەرلەمان
لەبارەی رۆڵی پەرلەمانیشەوە ئاماژەی بەوەدا کە پێدەچێت تێڕوانینێکی هەڵە سەبارەت بە ئەرک و رۆڵی پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی یاسادانان و چاودێری بەگشتی دروست بووبێت، لەوبارەیەوەشەوە روونیکردەوە کە هەموو کارێک لە پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانەکانی جیهانیش بە دەستە جەمعییە و بە دەنگدانە، بێگومان دەنگدانیش بە ژمارەی زۆرینە و کەمینەیە، ژمارەی کورسییەکان و ئاراستەکانیش لای خەڵکی کوردستان ئاشکرایە کە بە چ شێوەیەک دابەشبوون.

هەروەک روونیکردەوە کە پەرلەمان یاسا دەردەکات و چاودێریی حکومەت دەکات لە سەرپێچیکردنی یاسادا و لێی دەپرسێتەوە، بۆ هەموو ئەوانەش پێویستی بە دەنگدانە، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش لەناو ئەو پڕۆسەیەدا تەنها ئیدارەی دانیشتنەکان دەدات و لەکاتی دەنگدانیشدا ئێمەش وەک هەر پەرلەمانتارێکی تر یەک دەنگمان هەیە، واتە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان رۆڵ و دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمان بەراورد بە رۆڵ و دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەت.

ئەوەی بۆ ئێمە وەک سەرۆکی پەرلەمان گرنگە ئەوەیە کە پەرلەمان درزی تێ نەکەوێت و خودی پەرلەمان نەبێتە فاکتەرێکی لێکترازانی سیاسی و نانەوەی پشێوی.

لەبارەی دەرکردنی یاساشەوە لە پەرلەمان، روونیکردەوە کە هەر لەسەرەتاوە ویستویانە بە شێوازێکی جیا ئیدارەی پەرلەمان بدەن و نەیانویستووە هەروا بە رەمەکی یاسا دەربچێت و وتی: بۆ ئەوەش بووە کە بە هاوکاریی لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا ژینگەیەکی یاسادانان بۆ بەرەوپێش بردنی سێکتەری ئابووریی بۆ هەرێم بهێنینە ئاراوە، جیاواز لە پشتبەستن تەنها بە سێکتەری نەوت.

بناغەیەکی پتەو بۆ ئابووریی هەرێم
وتیشی: ئەوەی کردوومانە بۆ ئەوە نییە کە سەرۆکایەتی یان پەرلەمانی تێدا وەک پاڵەوان وێنا بکەین، بەڵکو بۆ دانانی بناغەیەکی پتەوە بۆ ئابووریی هەرێم کە بە سوودی یەک بەیەکی خەڵک دەشکێتەوە، چونکە پشتبەستن بە ئابووریی نەوت جێی ئومێد و سەقامگیریی بەردەوام نییە.

لەوەڵامی رۆژنامەنووسانیشدا رایگەیاند کە بێ ئومێد نییە لە تێپەڕینی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوە پەیوەستە بە ئاستەنگەکانی بەردەم پڕۆسەکە کە خۆی لە پەیوەندیی هێزە سیاسییەکان و متمانەی خەڵک بەو هێزانەدا دەبینێتەوە.

رەتیشیکردەوە کە ی.ن.ک لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نەبێت لەکاتی خۆیدا و وتی: لە کۆبوونەوەیەکی مەکتەبی سیاسی و لەگەڵ تیمێکی تەکنیکیشدا بەشداربووم و یەکێتی دەیەوێت هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

سەبارەت بە بەراوردکردنی رۆڵی خولە جیاجیاکانی پەرلەمانیش وتی: ژینگەی خولەکانی پەرلەمان جیاوازە بۆیە رۆڵی پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەگوێری ژینگەی هەر خولێک گۆڕانکاریی بەسەردا دێت.

وتیشی: لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ئەم خولە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمی و ئەو ژینگە جیاوازە 30 یاسای دەرکردووە کە 20 یاسایان نوێن و بە پێچەوانەی خولەکانی رابردووەوە هیچ یاسایەک لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە تێنەپەڕێنراوە.

ژمارەی وەزیرەکان سێ هێندەیە
لەڕووی چاودێری و لێپرسینەوەشەوە وتی: ژمارەی ئەو وەزیرانەی هاتوونەتە هۆڵی پەرلەمانەوە بە سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیرانیشەوە سێ ئەوەندەی ژمارەی هەموو ئەو وەزیرانەیە کە لە خولەکانی پێشووتردا هاتوونەتە هۆڵی پەرلەمان، ئەوە جگە لە هاتنی وەزیرەکان بۆ لیژنەکان.

ئاماژەشی بەوە دا کە ئەوەی ئێستا بۆیە بەو جۆرەیە، چونکە ئاستی هۆشیاریی سیاسیی خەڵک بەرزترە، میدیای ئازاد زیاترە، سۆشیال میدیا رۆڵی لە هەموو بوارەکاندا فراوانتر و کاریگەرترە.

لەبارەی هێنانەوەی رەشنووسی دەستوور بۆ گفتۆگۆ وتی: ئەوە پەرلەمان بڕیار دەدات کە رەشنووسەکانی پێشوو کامیان بهێنرێتەوە بۆ گفتوگۆ و شێوازی دەنگدان چۆن و بە چ رێژەیەکی پەرلەمانی دەبێت لەسەری.
لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە وتی: ئەوە فراکسیۆنەکانن کە روئیای حزبەکانیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان رادەگەیەنن کە کۆمسیۆن چۆن کارا بکرێتەوە، یان هەڵبژاردن بە چ یاسا و شێوازیک بەڕێوەبچێت.

رۆڵی لیژنەکانی پەرلەمان
سەبارەت بە رۆڵی لیژنەکانی پەرلەمانیش ئاماژەی بەوەکرد کە ناتوانێت بە شێوەیەکی رەها بڵێت سەرکەوتوو بوون یان سەرنەکەوتوو، لە بەدواداچوون بۆ کێشە و قەیرانەکان، چونکە هەندێک کێشە جیاوازە لە هەندێکی تر، نموونەشی بە کێشەی خوێندکاران و قوتابیانی پۆلی 12 هێنایەوە کە لیژنەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا هەوڵەکانیان خستەگەڕ و وتی: بە سوپاسەوە لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵادا لەماوەی 24 سەعاتدا کێشەکەیان چارەسەرکرد.

لەبارەی کۆچیشەوە بۆ دەرەوە، وتی: بەشێکی پەیوەستە بە بێکاریی و بەشێکی پەیوەستە بە بێهیوابوون، بەشێکیشی پەیوەستە بە خواستی مرۆڤەوە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی باشتر. بۆیە ئەمەی ئێستا حاڵەتی ئاسایی نییە و خەریکە دەبێتە دیاردە.

نەهاتنی بودجە بۆ پەرلەمان پێشێلکردنی قانوونە
لەبارەی بودجەوە بە راشکاوانە ئەوەی روونکردەوە کە تەنها ئەوەی دەچێتە وەزارەتی دارایی پەرلەمان دەیزانێت، بەڵام لەبارەی داهاتی نەوتەوە وتی: نەخێر من ئاگام لە تەواوی داهاتی نەوت نییە. وتیشی: ئەمە دوو خولی پەرلەمانە پڕۆژەیاسای بودجە نایەتە پەرلەمان، کە بەبڕوای من ئەمە پێشێلکردنی قانوونە و بڕواش ناکەم هیچ پەرلەمانتارێک بتوانێت بەرگریی لەم پێشێلکارییە بکات، ئێمە بە پێی یاسا تەنها ئەوەندە دەسەڵاتمان هەیە کە داوای روونکردنەوە لە حکومەت بکەین، هەموو ساڵێک روونکردنەوەمان دەدەنێ، وتیشی: خۆزگە لە وڵاتێکدا دەبووین رۆڵی پەرلەمان ئەوەندە کارا دەبوو کە هەر ساڵێک حکومەت بودجەی نەناردایە بۆ پەرلەمان ئەوا متمانەی لێ وەربگیرایەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆکی پەرلەمان وتی: یەکێک لە شانازییەکانی ئەم خولەی پەرلەمان ئەوەیە کە توانیومانە یاسای چاکسازیی دەربکەین، بەڵام وتی: ئەوە بەتەنها ئەرکی پەرلەمان نییە، بەڵکو دەبێت هەموو پێکهاتەکانی سیستمەکە هەریەکە و رۆڵی خۆی ببینێت لەسەروو هەموویانەوە داواکاری گشتی.
کە بۆخۆی داواکاری گشتی دەبێت سەربە دەسەڵاتی دادوەریی بێت نەک سەربە دەسەڵاتی جێبەجێکردن، چونکە زۆرترین پارە و داهات لای دەسەڵاتی جێبەجێکردنە، بەو پێوەرەش زۆرترین گەندەڵی لەوێوە سەرچاوە دەگرێت، جگەلەوەش زۆربەی دەستە سەربەخۆکان وادەی یاساییان تەواوبووە و ئێستا هەندێکیانمان چارەسەرکردووە و لە هەوڵی چارەسەری ئەوانەی دیکەشداین.

ئەوەی لێکەوتەی دارایی هەیە دەبێت بنێردرێت بۆ حکومەت
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە جیاوازیکردن لە پڕۆژەیاساکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا، سەرۆکی پەرلەمان روونیکردەوە کە زۆربەی پڕۆژەیاساکانی ئۆپۆزسیۆن لێکەوتەی داراییان هەیە و بەگوێرەی یاساش هەر پڕۆژەیەک کە رەهەندی دارایی هەبێت بەر لەوەی ببێتە یاسا دەبێت بنێردرێت بۆ حکومەت دوای وەرگرتنەوەی وەڵامی حکومەت بە ئیجابی ئەوکاتە دەکرێتە یاسا و جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر پڕۆژەیەک بچێتە بەردەمی سەرۆکایەتی دەخرێتە ئەجێندای دانیشتنەوە جگە لەوانەی لێکەوتەی داراییان هەیە.

کۆمسیۆنێکی کارا و لیستێکی دەنگدرەی بێ خەوش
سەبارەت بە تۆمارێکی دەنگدەرانی بێ خەوش و کۆمسیۆنێکی کارا و جێ رەزامەندیی هەموان، روونیکردەوە کە کاری ئێستامان لە گەڵ فراکسیۆنەکان و لە رێی ئەوانیشەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەیە کە کۆمسیۆنێکی کارامان هەبێت، کە لەسەر ئەو کۆمسیۆنەش رێکەوتین، ئەو کۆمسیۆنە تۆماری دەنگدەران ئامادە دەکات. واتە هەڵبژاردنێکی باش رێکەوتنێکی باش، کۆمسیۆنێکی باش، یاسایەکی باش و تۆمارێکی دەنگدەرانی باشی دەوێت.

 226 جار بینراوە