سەرەکی » دۆسێ » وڵاتان چۆن هێزی زیرەک بەدەست دەهێنن؟

گەڕان بەدوای سەرچاوەی نوێی دەسەڵاتدا و شێوازی جیاواز بۆ بەکارهێنانی

وڵاتان چۆن هێزی زیرەک بەدەست دەهێنن؟

سلێمان ساڵح

ئایا دەتوانین پێوەری نوێ بۆ پێوانەکردنی دەسەڵات لە سەدەی 21دا دابنبێن؟! زۆر تەحەدا هەیە کە رووبەڕووی دەوڵەتەکان دەبنەوە و ناچاريان دەكات بەدوای سەرچاوەی نوێی دەسەڵاتدا بگەڕێن و شێوازی جیاواز بۆ بەکارهێنانی عەقڵانی بدۆزنەوە.

دەوڵەتەکان پشتیان بە دانیشتوان، زەوی، ئابووری، سوپا، چەک، پلانی ستراتیژی و ئیرادە بەستووە، بەڵام رووداوەکان دەریانخست رەنگە ئەو دەوڵەتەی خاوەنی هەموو ئەو سەرچاوانەش بێت، بەڵام دەشێت بڕوخێت، وەک ئەوەی بەسەر یەکێتی سۆڤیەتدا هات، کە نزیک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێز و دەسەڵاتی هەبوو.

داڕمانی یەکێتی سۆڤیەت پێویستیی گەڕان بەدوای پێوانە نوێیەکانی هێز و دەسەڵاتی بۆ زانایان ئاشکرا کرد و توێژەران لایەنە جۆراوجۆرەکانی هێزیان تاوتوێکرد وەک تەکنەلۆجیا، سەرچاوە مرۆییەکان، ژێرخان و لەو بارەیەوە بیرۆکەکانیان خستەڕوو.

هەر چۆنێک بێت، هێشتا زۆرێک لە سەرچاوەی هێز هەیەکە پێویستە رۆڵیان روونبکرێتەوە لە هێشتنەوەی دەوڵەت و لێوەشاوەییەکانی لە گۆڕینی واقیعدا.

وەهمی هێزی سەربازی
بۆ ئەوەی توانا و هێزی دەوڵەت پەرە پێبدەین، دەبێت خۆمان دەرباز بکەین لە تەرکیزکردن لەسەر هێزی سەربازی، چونکە ئەوە ئامرازێکە کە دەوڵەت دەتوانێت تەنها بۆ بەڕێوەبردنی ململانێکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەکاریبهێنێت.

ئێستا پرسیاری نوێ هاتۆتە کایەوە کە دەوڵەتەکان ناچار دەکات بە دوای وەڵامدانەوەیدا بگەڕێن و گرنگترینیان بریتین لە: هێزی سەربازی بەرامبەر گۆڕانی کەشو هەوا، پەتا یان داڕمانی ئابووریدا دەتوانێت چی بکات؟

ئەمەش لە کاتێکدا گرنگیدان بە بنیاتنانی هێزی سەربازی، خاوەندارێتی و کەڵەکەکردنی چەکی نوێ، خۆی لە خۆیدا دەبێتە مایەی زیادبوونی خەرجییەکان کە لاوازیی ئابووری و زیادبوونی هەژاریی لێدەکەوێتەوە.

تەنانەت لەم سەردەمەدا، بەکارهێنانی هێزی سەربازی رەهەندی تریشی بۆ پەیدا بووە، کە ناچارمان دەکات پرسیار بکەین لە جەدوای بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە سەردەمی مۆدێرندا بەرامبەر تیرۆر کە زۆرجار هەموو ئامانجەکەی پاڵنانی زلهێزەکانە بۆ بەکارهێنانی هێزی سەربازی خۆیان لە دژی خۆیان.

روونتر، لەم سەردەمەدا لایەنی لاواز و بچوک دەتوانێت لایەن و هێزە گەورەکان بەرەو مایەپوچی بەرێت لە رێگەی تێوەگلاندنیان لە شەڕی بچووک و لابەلاوە بۆ ماوەیەکی درێژ.

ئەزموونی کۆریای باکوور دەتوانێت لایەنێکی گرنگمان نیشان بدات کە چۆن لایەنێک دەتوانێت یاری بە ترسەکانی ئەوی تر بکات و لاواز و بێدەسەڵاتی بکات، بە دڵنیاییەوە کۆریای باکوور بە چین یان ئەمریکا بەراورد ناکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بوو لە بەرزکردنەوەی خەم و مەترسیی ئەو دوو هێزە بەرامبەری.

لەبەر رۆشنایی ئەمەشدا دەردەکەوێت کە کۆکردنەوەی سەرچاوەکانی هێز و کاریگەری لە چەند خاڵێکی دیاریکراو و ریزکردنی کاریگەریەکەی لە بارودۆخە جیاوازەکاندا، زەحمەت و ئاڵۆز دەبێت.

هێز و دروستکردنی گۆڕانکاری
بۆیە ئێستا زەحمەتە بگەینە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ هێز، سەرەڕای هەوڵێکی زۆر، بۆیە گرنگترین تێڕوانین ئەوەیە کە هێز توانای هێنانەدیی گۆڕانکاری و دانانی کاریگەری لەسەر ئەوانی تر هەیە.

لەبەر رۆشنایی ئەمەدا، پێوانەی هێز پشت بەو فاکتەرانە دەبەستێت کە کاریگەری زیاد دەکات تا گەیشتنی بەو ئەنجامەی دەوڵەت دەیەوێت، ئەم هۆکارانەش زۆرن و بەپێی ئەو چوارچێوەیەی تێیدا بەکارهێنراون، کاریگەرییان جیاوازە.

بۆیە، پیتەر کانزەنشتاینی زانای سیاسی «هێزی شارستانییەتەکان» و «هێز لەناو شارستانییەتەکان» جیا دەکاتەوە، کەواتە ئەمە مانای چییە؟ ماناکەی ئەوەیە کە هێزی شارستانییەتەکان واتە توانای بنیاتنانی کۆمەڵگە و سیستەمی مەعریفییە. لە کاتێکدا دەوڵەت دەتوانێت هێزی سەربازیی هەبێت بۆ کوشتن و لەناوبردن، بەڵام ئایا ئەو دەوڵەتە دەسەڵاتی قەناعەتپێهێنانی هەیە؟

ئەم پرسیارە دەتوانێت کلیلی تێگەیشتن بێت لە رۆڵی هێزی خۆیی شارستانییەکان و توانای کاریگەریان کە زۆر زیاتر دەبێت لە توانا سەربازییەکان.

جۆزێف نای نموونەیەکی گرنگ دەهێنێتەوە، دیکتاتۆر دەتوانێت رکابەرەکەی بکوژێت بەڵام ئەوەی دەیەوێت دەستی ناکەوێت، چونکە ئەم رکابەرە دەبێتە شەهید و مەسەلەکەی دووراییەکی گشتی وەردەگرێت و کاریگەریی لەسەر جەماوەر دەبێت، بەو جۆرە دیکتاتۆر ئەوەی دەیەوێت بەدەستی ناهێنێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بۆیە نای ئەوەی ناو ناوە ئەنجامی پێچەوانەی بەکارهێنانی هێز.

چەمکی هێزی زیرەک
بەهۆی ئەم ئاڵۆزییەوە چەمکی هێزی زیرەک دەرکەوتوە، دەیەوێت ئەگەرەکانی بەردەم بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هێز لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا باس بکات، چۆن دەکرێت ئەم سەرچاوانە هاوئاهەنگ بن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان؟

چین زۆر سەرچاوەی هێزی هەیە، وەک سوپا و چەک و ئابووری و دانیشتوان. بەڵام چەندە توانای دروستکردنی ستراتیژی هەیە بۆ بەکارهێنانی ئەو سەرچاوانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان و دانانی کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوتی ئەوانی تر؟

هێزی تەقلیدی بە تەنیا کاریگەریی نییە، پێویستە هێزی پتەو و نەرم بە شێوەیەکی کارا بەکاربهێنرێت بۆ گەیشتن بە ئامانج لە چوارچێوە جیاوازەکاندا. لەبەر رۆشنایی ئەمەدا، دەکرێت پێناسەیەکی نوێ بۆ هێز بکرێت بەوەی هاندان و پاڵنانی خەڵکە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارەی کە دەتەوێت بەبێ بەکارهێنانی سیاسەتی «دار و گێزەر».

رووی دووەمی دەسەڵات
لایەنێکی گرنگ دانانی کارنامەیە. چۆن دەتوانن کار بکەنە سەر ئەولەویاتی گشتی و دەوڵەتەکان و ئەو کێشانەی کە گرنگی پێدەدەن؟ لەم چوارچێوەیەدا هێزی راگەیاندن بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی پرسەکان، بۆ نموونە تەرکیز لەسەر سەپاندنی پەچە لەسەر ژنانی ئەفغانی دەکرێت، کێشەکە وەک وەک جۆرێک لە جۆرەکانی چەوسانەوەی ژنان دەخرێتەڕوو، لەکاتێکدا مافی ژنانی موسڵمان لە فەرەنساش بۆ بەکارهێنانی پەچە و لەچک پشتگوێخراوە.

ئەمەش نیشانی دەدات کە لایەنێکی تری هێز ئەوەیە کە کاریگەری لەسەر پرس و بژاردە گشتییەکان بکات، ئەو مەسەلانە دەستنیشان بکات کە گرنگی پێدەدەن و چۆن ئەو مەسەلانەش پێشکەش دەکەن، بۆیە لە سەدەی بیست و یەکدا هێزی میدیا و ئینفورماتی و ئەبستمپلۆژی تا دێت گرنگتر دەبێت، ئەو هێزە پێویستی بە بیرۆکەی سەرنجڕاکێش هەیە کە بۆ قایلکردنی ئەوانی تر بەکاردێت.

بەڵام کێ دەتوانێت ئەو هێزە بەدەست بهێنێت و بە لێوەشاوەییەکی زۆرەوە بەکاریبهێنێت، بە تایبەتی لە ماوەی ئەم سەدەیەدا کە لێشاوێک ناوەڕۆکی جیاجیا لە رێگەی میدیا و ئینتەرنێتەوە بڵاو دەکرێتەوە؟

کاریگەریی وڵاتان
لە بەر رۆشنایی ئەمەدا، چیتر دەوڵەت تاکە ئەکتەری ئەم سەدەیە نوێیە نییە، پتەویی دەوڵەت و بەڕێوەبردنەکەی چیدی ئەو تەنها ئامرازانە نین کە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان بەکاربهێنرێن.

بۆیە ئێستا ستراتیژی پەیوەندیکردن لە سوپا گرنگترە، چونکە شەڕ هەر بە بەکارهێنانی چەک بەدەست نایەت، بەڵکو بە بردنەوە عەقڵ و دڵ و دیاریکردنی ئەجێندای گەلان دێتەدی لەگەڵ ئاراستەکردنی بژاردە و رای گشتی.

بۆیە پێویستە وڵاتان هێزی زیرەکی خۆیان پەرە پێبدەن بە دروستکردنی ستراتیژی بەکارهێنانی زانیاری و ئەبستمۆلۆژیا و کۆمونیکەیشن و بەکارهێنانی کەلتوور و بەها سیاسییەکانیان بۆ راکێشانی خەڵک.

لەم سەردەمەدا کەلتوور سەرچاوەیەکی گرنگی دەسەڵاتە، هەندێک کەلتووری جیهانیش هەن کە خەڵکێکی زۆر لە گەل و رەگەزە جیاوازەکان رادەکێشن کە دەتوانن لەم سەدەیەدا رۆڵی چالاک بگێڕن، هەروەک کاریگەری لەسەر هاوپەیمانیی نێوان گەلانیش دەبێت.

گۆڕینی هاوسەنگیی هێز
هەر چەندە خاوەنی رای جیاواز بین لە بارەی پێوەرەکانی هێز، بەڵام دەتوانین کۆک بین لەسەر ئەوەی ساڵانی داهاتوو گۆڕانکارییەک لە هاوسەنگی هێزدا روودەدات، ئەوەش رێگە بۆ وڵاتانی نا خۆرئاوایی دەکاتەوە بۆ ئەوەی زیرەکانە سەرچاوەکانی هێز تەوزیف بکەن، هاوپەیمانی لەسەر بنەماکانی کەلتووری، ئایینی و شارستانی دروست بکەن، لە رێگەی بنەما و بەهاوە کاریگەری لەسەر رای گشتی وڵاتانی تر دروست بکەن.

هەروەها کۆمەڵێک ئاماژە هەن کە نیشانی ئەوەن کە هێزی ئەمریکا کەم دەبێتەوە، تەنانەت خەڵکانێکی زۆر سەرسامیی خۆیان بۆ کەلتوری ئەمریکی لە دەست داوە، بۆیە ئەمریکا کۆنترۆڵی لە دەستدەدات، هەرچەندە ئەو وڵاتە هێزە تەقلیدی و پتەوەکەی وەک ماوەتەوە.

نەفرەتی هێز و دەسەڵات
بەڵام، ئایا هێزی پتەو دەتوانێت ببێتە مایەی زەرەر زیاتر لە قازانج؟ ئەم پرسیارە لە لایەن جۆزێف نای خراوەتڕوو و لە وەڵامیشدا وتی، زیاد لە پێویست بەکارهێنانی هێزی سەربازی گرنگترین هۆکاری پاشەکشەی ئەمریکایە، زیانەکەی لە قازانجی زیاتر بوو، گەلانی ئەمڕۆ پێویستیان بەوەیە کەسانی زیرەک رێگەیان بدات بۆ ئەوەی ئەنجامی کردەوە خراپەکانیان ببینن، بۆ ئەوەی خۆیان دوور بگرن لەو هێزە نەفرەتییەی دەبێتە مایەی دۆڕاندن و مردن.

بۆیە جۆزێف نای پێیوایە کە هێزی زیرەک مانای زیادکردنی خودی هێز نییە، یان هەولێک بێت بۆ پاراستنی کۆنتڕۆڵ، بەڵکو بەکارهێنانی سەرچاوەکانی هێزە لە ستراتیژە سەرکەوتووەکاندا، بێگومانیش لە چوارچێوەیەکی نوێدا بۆ گەیشتن بە ئامانجە مەزنەکان، هەروەها بەکارنەهێنانی هێز بۆ لەناوبردن و ماوڵوێرانی.

بەڵام، ئایا دەتوانرێت هێزی پتەو لە شەڕدا بەکاربهێنرێت؟ بە دڵنیاییەوە، بەڵام جەنگ دەبێت دادپەروەرانە و شەرعی بێت و ئامانجی ئازادکردنی خاک و مرۆڤ بێت، نەک دەستدرێژی بێت بۆ سەر خەڵک و بۆ سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بێت وەک ئەوەی لە عیراق و ئەفغانستان روویدا.

بۆیە، جۆزێف نای پێیوایە هێزی زیرەک بریتییە لە تێکەڵکردن یان یەکتری تەواوکردنی زیرەکانەی دیپلۆماسی و بەرگری و گەشەپێدان. ئیتر پێویستە ئەمریکا واز لە هەوڵدان بۆ سەپاندنی هەژموون و کۆنترۆڵکردنی گەلان بهێنێت و درک بەوە بکات کە ئەو چوارچێوەیە جیهانییە دەگۆڕدرێت و ئێستا سەردەمی «پاش هەژموون» دەستی پێکردووە. دەبێت وڵاتان بە دوای رێگەیەکی نوێدا بگەڕێن تا هاوکاریی یەکتری بکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەحەدا نوێیەکان، بە تایبەتی گۆڕانکاریی کەشوهەوا، بەڵام ئایا ئەمەریکا گوێ لە دەنگی دانا و زاناکانی خۆی دەگرت؟

 54 جار بینراوە