سەرەکی » کەلتوور » مونیرە خانی جەلیزادە: یەكەمین شەهیدی ژنی دووگیان و كۆرپەی لە باوەش

مونیرە خانی جەلیزادە: یەكەمین شەهیدی ژنی دووگیان و كۆرپەی لە باوەش

رەهبەر سەید برایم

زەمانی بەعس دروێنەی مرۆڤ و سوتاندنی خەرمانی كوردان بوو، مەرگ باران و ئەشكەنجەدان و لەسێدارەدران بوو، بەعسیەكان گوڵدانی گوڵ و خونچەیان دەكردە تابووت، بە كیمیاباران و ئەنفال و وڵاتیان سووتاند وەك قەرەبرووت!

لەڕوانگەی ناحەز و دژمنانی كورد، هەموو كورد تاوانبارە بە درشت و ورد، ئاخۆ بۆ دەبێ كوردبوون تاوان بێ، بۆ قرچ و بڕی پیر و ژن ومنداڵ و لاوان بێ، دەریای ئیجە و قوڕگی نەهەنگ و دارستانەكانی سەرسنوور، بۆتە گۆڕستانی كۆچبەرانی كوردخاكی ئەوان دەكەن سوور، بیابانەكانی خوارووی عێراق ودەشتی عەرعەر و خاكی عەرەب و گۆڕی بەكۆمەڵ وچاڵی كوردانە، گۆڕ غەریبی پیر و لاو و ژن و منداڵی كوردانە، ڕووداوەكان و كارەساتەكان مێژووی خوێناوی كوردانن، زۆربەی گوندەكانی كوردستان گوندی شەهیدانن، ڕۆژگارەكان لە كتێبەكان باشتر دەزانن.رویان ڕەش بێ وەك ڕەژوو، تاوانكارانی مێژوو.

دڵی شاری كۆیە مۆزەخانەی یادگارەكانن،تۆمارگای ڕووداوەكان و بەسەرهاتی سەختی ڕۆژگارەكانن، مونیرە مەلا تایەری حاجی مەلا ئەحمەدی حاجی مەلا ئەسعەدی جەلیزادە، خێزانی حاجی سابیری چنارۆك بوو، یەك ڕەگ و ئاگردانن یەك خانەوادە،لەڕۆژمێژووی 4/7/1963، لە كۆیە فتیلەی فەرتەنە دادەگیرسێ،مونیرەی دووگیان كۆرپەی لە باوەش، دەیان گەوزێنن لەناو خوێنی گەش،پێ پەتی و تاڵانچی و بێ دەرپێ و بێ دەست نوێژ، لەختوخۆڕایی دەیانكوژن بەدەستڕێژ،لە هێلانەی زگ نەتروكا بوو لە هێلكە، كوشتیان كۆترۆكە و فەرخەی پەرەسێلكە، خوا نەیدا بوو،چاوی هەڵنەهێنابوو،هەرناویشی لێ نەنرابوو،كۆرپەلە و ژن، هەر دەكوژن،خودا و دەرگا گەواهن،دەزانن چەند بێ گوناهن، شوانە چوار خوشكی بێ شوان كرد،بوو بە گڕی ژیلەمۆی كورد، بەو سۆز و ڕازە:

منی كۆرپەلەی تازە
كوردایەتیم ڕێبازە
لە بێشكەی ساوای ژینا
لە ئێسقانی بێ تینا
كوردە قوربانی تۆمە
كوردستان خاكی خۆمە

درەخت دەپارێزرێت بە توێكڵەكەی، كۆمەڵگاش پێش دەكەوێ بە بیرۆكەی كاكڵەكەی، چرای زانستی حاجی1 مەلا عەبدولڕەحمانی جەلی و حاجی مەلا ئەسعەدی و گۆچانەكەی حاجی مەلا عەبدوڵڵای لە ئادەم فیلتر، مێزەر وعەبا و عەسای جەنابی مەلا گەورە، نەبوو لەو بەشان و شەوكەت و بەپیلتر، نەبوو لە قەڵەمی مەسعود محەمەد تیژتر و بیرفراوانتر، مێژووی نەجیبەخانی جەلیزادە (یایەی دایە)لە پەلكەزێڕینە گەشتر و ڕەنگینتر و جوانتر، قوبادی جەلیزادە، لە عەرشی شیعر كەی قوبادە، شیعرەكانی ساكاری،بۆ نەورۆز دەبنە دیاری، دارحەیزەرانەكەی سدیق عەبدولقادر و چاوە كەلا شوشەكانی كەمال عەبدولقادر3 و وانەكانی مەجیدی شێخ نوری،لە باخچەی قوتابخانە و پەروەردە گوڵیان دەگرت وەلاكین دوربە دوری، باسی هەر جوانیەكەی دەكەن بەو ڕادە، پشكیان هەیە، دانەیی مروارین بنەماڵەی جەلیزادە.

دووچنارۆكە بۆ زانیین ناسان
هی جەلیزادە و خێڵی بڵباسان

سوولەكانی چنارۆك، كانیاوی حەمامۆك، یەك پشكە ئاوی تێدا نەما داری كەندەكۆخ وشك بون وشك، بەس چاوی ژنانی كۆیە هەر دوو جۆگەلەی بەهاژەن لە ئەشك، حەزرەتی حاجی قادری كۆیی، لەمەزنایەتی خۆی بە شكۆیی، بۆ دووری كۆیە و دەردی نامۆیی، فرمێسكی ڕشتووە تنۆك تنۆك:

لە خۆم ئاگر هەڵێنم وەك (چنارۆك)
لەچاوم گریە دەربێ وەك حەمامۆك

غەزەب یەخەی ئەو شارەی بەرنادا،ڕەنج و رەونەق و جوانی دەدەن بەبادا، وەك دیدەی كوێران، هەوارگەی وێران،

نامەی قوبادی بۆ ئەی شارەكەم4
دادەگیرسێنێ كۆی ئازارەكەم
من كۆیەم عاسی5، مێژوو دەمناسی
وەك لوبنانی چی لەبەر هۆی سیاسی
لەوەتەی هەیە خوێنی دەمژرێ6
خوێنی تێ ناكرێ و گیانی دەگوشرێ

خۆشەویستی وەك دەریا هەڵكشان و داكشانی هەیە، بەڵام خۆشەویستی كۆتایی نایە و هێزێكی رووحانی هەیە، ژن هەموو هێزی دەخاتەكار لەكاتی گریاندا، كاتێكیش نقومی پێكەنین دەبێ نزیك بۆتەوە لە كۆتایی ژیاندا،چیرۆكی ژن لە چاوەكانی دەخوێندرێتەوە، مرۆڤ بە كردەوەكانی یادی دەكرێتەوە، چاوهێمای فەرهەنگ و وتەیە، گوێ لە چاوی ژن بگرە، گلێنەی مرواری و سیحراوییە پڕشنگی ئاگرە، ژێی گەرووی ژن ئامێرێكی مۆزیكە پڕ لە ئاواز، لە دەنگی سروشتی مەلان و تەژییە لە ناز و ڕاز و نیاز، خوشەویستی باڵندەیەكی دەنگ خۆشە لە دڵی ئافرەت،وەرزی گوڵان و بەهارییە دەخوێنێ بەچەند ئاواز، فرمێسكی ژن لۆژیكن،هەناسەكانی مۆزیكن،ژن جوانترین بەخشینی خوایە بۆ مرۆڤ،نەهێنییەكەی خوشەویستییە، سۆزدار و ئەویندار بێ گەر دوور بێ لە ئۆف،دەنگی خۆشەویستی بە هێزترە لە دەنگی ویژدان، تاوانی مێژوویی و دەرون دەكا بە تەندور و دڵ پڕ پشكۆی ناو ئاگردان.

(تا ئێستا ڕووی نەداوە لە تەئریخی میللەتا)، (قەڵغانی) زگی ژنان لەگەڵ كۆرپەی بێ خەتا، خەڵتانی خوێن بكرێن، لەختوخۆڕایی بكوژرێن، كردەوەكان لە وشەكان بەرزتر دەدوێن، ڕۆژی ڕەش بوو كەس نەیدەوێرا بێ بەهانایان، دایك و كچ گۆڕیان هەڵكەند لە پەنایان، پەیژەیان بۆ كردە تەختە و تابووت، ناشتیان بە هەناسە ساردی و دڵسووت، هەڵیان گرت بە چوار دەستان، بردیان بەرەو گۆڕستان، بە پێپیلكەی سۆز بۆ ئاسمان فڕین لە بەرزین، بەو كارەساتە خوێناویانەی كۆیە كردگار لەرزین، مونیرەی دووگیان و كۆرپەی باوەشی، بوونە نۆبەرەی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلول بەگەشی، ساڵی 1963، سەید برایم چەند دێڕە شیعرێك دەنوسێ، لەسەر گۆڕەكەی نوسرابوو، چونكە ڕوداوێكی ناڕەوا بوو،

كۆرپەم لەباوەش شەهیدیان كردین
گوناحمان نەبوو بەس هێنده كوردین
ئێمەش هاتینە ڕیزی شەهیدان
بۆ ڕزگاربوونی كورد و كوردستان!

بەڵكو وەنەبێ خانەوادەی جەلیزادە، هەر لە ئەدەب و هونەر و زانست پەروەردە، لەو بوارە ڕۆڵی بنچینەیان داڕشتووە، بەڵكو لە خەبات و كوردایەتی لەپێناوی كوردستان خوێنی گەشیان ڕشتووە، شەهیدی قارەمان كاوەی جەلیزادە لەو بەرەبابە و لەو وەچاخ، لە گرتنی شاری تەق تەق بووە گوڵاڵەی سوورەی شاخ،یەكەمین شەهیدی ڕاپەڕینی شاری كۆیە، شەهید كامەران حەوێز جەلیزادە بوو، ئەو شەرەفەی پێ دەبڕێ بۆیە، شەهید هیمداد مەلا ڕەئوف جەلیزادە، شەهید كراوی دەستی ستەمكاری بەعس و جەللادە، هەر بەرەو سەرەوە چووە7 بڵێسەی ئاگری وەجاغی جەلیزادان، یەك ڕەگ و ڕەنگن جەلی و شیوەشانی مەلازادان،
كۆ ئەستێرەن لەگەشە و ڕوناكین لە بریسكەی سورەیادان، پەیكەری دایكە مونیرە و كۆرپەكەی بت و بەردێكی رەق و تەق و ڕووتی بێ گیانە، بەڵام هێمای ژنێكی سێ گیانی بێ گوناه و بێ تاوانی كوردانە، قوربانیەكە لەسەر كوردبوون وەك پەیكەری ئازادی كورد و كوردستانە، یەكەمین شەهیدی ژنێكی دووگیان و كۆرپەی شیرەخۆرەی باوەشە، بوكی خوێناوی شۆڕشی كورد واتە لەیەك جەستەدا سێ گیان پێشكەشە.

سەرچاوەكان:

+/وتەی ناوداران-هاوار عەبدولڕەحمان بازیان-چاپی یەكەم 2005

+/گوڵبژێریك لە وتەی ناودارانی دونیا-وەرگێران و ئامادەكردنی- ڕەزا شوان 2011

+/وتەی ناوداران- ئینگلیزی-كوردی- ئامادەكردن و وەرگێران –كارزان نوری عوسمان 2013

+/دیلانە و مۆزیك- رەهبەر سەید برایم -2018

+/بەبەختی حاجی- رەهبەر سەید برایم-2010

+/دیوانی سەید برایم –دەستنووس

+/دیوانی عاسی

پەراوێزەكان:

1. ئاماژەیە بە شیعری شێخ ڕەزا بۆ حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلیزادە.

2. ساكار: نازناوی شیعری مامەفەندی مەلا فەتاحی جەلیزادەیە.

3. كەمال عەبدولقادر و مەجیدی شێخ نوری :مامۆستای مام جەلال بووین لە كۆیە بە ڕێنمایی كەمال عەبدولقادر، مام جەلال ( (K.P.Xی دامەزراندووە، یەكەم ڕێكخراوەی قوتابیانە.

سەدیق عەبدولقادر: بەڕێوەبەری دواناوەندی بوو لە كۆیە، زۆر بە دیسپلین و توند بوو.

4. نامەی قوبادی بۆ ئەی شارەكەم : ئاماژەیە بۆ شیعری قوبادی جەلیزادە بۆ كۆیە بە ناوی (ئەی شارەكەم).

5. من كۆیەم عاسی:ئاماژەیە بۆ شیعرێكی مەلا مستەفای عاسی شاعیر كە دەڵێ:

من كە كۆیەم سەیری من بكەن قەسر و باغ و مەنزەرەم
بێتو لوبنان من ببینێ بێشكە دەگری‌ وەرەم

6. لەوەتی هەیە خوێنی دەمژرێ: ئاماژەیە بۆ شیعرێكی شێركۆ بێكەس لەسەر كۆیە .

7. هەر بەسەرەوە چووە بڵێسەی ئاگری وەجاغی جەلیزادان: ئاماژەیە بۆ وتەیەكی مەلا عەبدولڕەحمانی جەلیزادە بە عەبدول پاشای بابانی گووتووە.

بە بۆنەی دانانی پەیکەری مونیرە جەلیزادە و شوانەی باوەشی لە پارکی خوشکە فریشتە لەشاری کۆیە.

 73 جار بینراوە